پەرلەمانی کوردستان وەڵامی عەبادی دەداتەوە

0

نوچەنێت

سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان، وەڵامی لێدوانەکەی حەیدەر عەبادەی، سەرۆک وەزیرانی عێراق دەداتەوە و رایدەگەیەنێت “بە شاهیدی هەموو دونیای ئاشتیخوازیش، ئەو راستییەی دووبارە دەكەینەوە، کە ئەگەر قارمانیەتی هێزی پێشمەرگەی كوردستان و حیكمەتی سەركردایەتییەكەی نەبوایە، هێزەكانی عیراق لە مۆسڵ و زۆر لە ناوچەكانی دیكەش، كە دوو ساڵ زیاتر لە ژێر كونترۆلی تیرۆریستانی داعشدابوون، نەیاندەتوانی ئەو سەركەوتنە تۆماربكەن، كە ئێستا بەرێز ” عەبادی ” شانازیی پێوەدەكات”.

رۆژی ٦-١٢-٢٠١٧، حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لەکاتی پێشکەشکردنی گوتارێکدا لە بەغدا رایگەیاند “یەکخستنی عێراق و رێگریکردن لە دابەشبوون، سەرکەوتنێکی دیکە بوو، کە هیچی کەمتر نەبوو لە سەرکەوتن بەسەر چەتەکانی داعشی تیرۆریستدا”.

ئەمڕۆ هەینی ٨-١٢-٢٠١٧ سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان وەڵامی لێدوانێکی حەیدەر عەبادەی سەرۆک وەزیرانی عێراقی دەیەوە و دەڵێت”جێگەی سەرسورمانە (بەرێز عەبادی) ئەو هێرشە سەربازییەی، كە لە رۆژی ١٦-١٠-٢٠١٧ بە پشتیوانی و بەشداربوونی حەشدی شەعبی دژ بە ئیرادەی خەڵكی كوردستان كە هاووڵاتی عیراقن و ئەو تاوانانەی لە كەركوك و دورخورماتو و ناوچەكانی تر ئەنجامدراون، بە سەركەوتن لە قەڵەمبدات و هاوشێوەی سەركەوتنی دژی تیرۆریستان وەسفی بكات”.

دەقی راگەیەندراوەکەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان:

لە رۆژی ٦-١٢-٢٠١٧ بەرێز “حەیدەر عەبادی” سەرۆكوەزیرانی عێراق، لە لێدوانێكدا رایگەیاند “رێگریكردن لە دابەشبوونی عێراق سەركەوتنێكی دیكە بوو، كە هیچی كەمتر نەبوو لە سەركەوتن بەسەر تیرۆریستانی داعشدا”.

ئێمە لە سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان بە شاهیدی هەموو دونیای ئاشتیخوازیش، ئەو راستییەی دووبارەدەكەینەوە، كە ئەگەر قارمانیەتی هێزی پێشمەرگەی كوردستان  و حیكمەتی سەركردایەتییەكەی نەبوایە، هێزەكانی عیراق لە مۆسڵ و زۆر لە ناوچەكانی دیكەش، كە دوو ساڵ زیاتر لە ژێر كونترۆلی تیرۆریستانی داعشدابوون، نەیاندەتوانی ئەو سەركەوتنە تۆماربكەن كە ئێستا بەرێز ” عەبادی ” شانازیی پێوەدەكات، هەروەها جێگەی سەرسورمانيشە كە بەرێز “عەبادی” ئەو هێرشە سەربازییەی، كە لە رۆژی ١٦/١٠/٢٠١٧ بە پشتیوانی و بەشداربوونی حەشدی شەعبی دژ بە ئیرادەی خەڵكی كوردستان، كە هاوڵاتی عیراقن و ئەو تاوانانەی لە كەركوك و دوورخورماتو و ناوچەكانی تر ئەنجامدراون، بە سەركەوتن لە قەڵەم بدات و هاوشێوەی سەركەوتنی دژی تیرۆریستان وەسفی بكات.

   ئێمە لە پەرلەمانی كوردستان ئەو لێدوانەی بەرێز “حەیدەر عەبادی” بە لێدوانی نا بەرپرسانە و هەڵەیەكی راشكاوانە دەزانین، چونكە دوورە لە یاسا و بەها و پرەنسیپەكانی هاوڵاتیبوون و پێچەوانەی خودی ماددەی (9)ی دەستوور هەمیشەیی عێراقیشە، كە بە هیچ شێوەیەك رێگە نادات ئەم جۆرە كردەوە لەشكریانە دژی هاوڵاتییانی عێراق ئەنجامبدرێن و شەرعییەتیشیان پێنادات. ئەمەش پێشێلكردنێكی دیكەی زەقی دەستوورە، كە دەخرێتە سەر ئەو  پێشێلكارییە زۆرانەی دەستوور كە لە لایەن حكومەتە دوای یەكەكانی عێراق ئەنجامدراون، لە وانەش جێبەجێنەكردنی مادەی (١٤٠) ی دەستوور و ، هەر ئەم پێشێلكارییانەشبوون كە بۆنەتە هەرەشەو مەترسی بۆ پارچەبوونی عێراق و هۆی ئەوەی تیرۆریستانی داعش ئەم هەلەیە  بقۆزنەوە و رێژەیەكی زۆری خاكی عیراق داگیربكەن و جینۆساید و تاوانی جۆراوجۆر ئەنجامبدەن.

  دووبارە، داوا لە بەرێز “عەبادی” دەكەین كە هێزی لووژیك بگرێتەبەر و دەرگای گفتوگۆ و دانوستان بەرەوڕووی هەرێمی كوردستان دانەخات و رێگەش نەدات مەرامە سیاسییە تەسكەكان، هەژموونیان بە سەر ماف و ئیرادەی گەلانی عێراق و دەستوورەكەی هەبێت؛ چونكە زەرەرمەندی یەكەم و كۆتایی لە زمانی هەرەشە و بەكارهێنانی هێز، خودی هاووڵاتییانی عێراقن و ئەم جۆرە لێدوانانەی هاوشێوەی لێدوانی بەرێز ” عەبادی” مەترسی و هەرەشەن لەسەر ئایندە عێراق كە وەك وڵاتێكی مەدەنی و دیموكراسی بمێنێتەوە، بەڵام دانوستان تاكە رێگەیە بۆ رزگاربوون لە لەمپەر و تەگەرەكان و گەیشتن بە چارەسەر بۆ سەرجەم كێشەكان. 

سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان – عیراق

٨/١٢/٢٠١٧

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com