نوچەنێت
وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان، لەبارەی لێدوانی دوو پەرلەمانتاری کوردستان روونکردنەوە دەدات و رەتیدەکاتەوە ئەوان نەوتی خاوی کێڵگەی شێخانیان بە نرخی ١٨ دۆلار فرۆشتبێت.
رۆژی هەینی ٨-١٢-٢٠١٧، وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی هەرێمی کوردستان روونکردنەوەیەکی لەبارەی لێدوانی هەردوو پەرلەمانتار (عەلی حەمەساڵح و شێرکۆ جەودەت) بڵاوکردەوە، کە ئاماژەیان بەوە داوە “نرخی هەر بەرمیلێک نەوتی خاوی کێڵگەی شێخان تەنیا بە 18 دۆلار لەلایەن وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانەوە فرۆشراوە”. وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان رایدەگەیێنێت “ئەو لێدوانە دوورە لە راستی و بەشێوەیەکی بێبنەما وروژێنراوە”.
لە روونکردنەوەی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکاندا هاتووە: “ئێمە وەك وەزارەتی سامانە سرووشتیەکان سەرتاپای ئەم ھەواڵە رەتدەکەینەوە، بەپێی فەرمانی وەزاریمان ژمارە ٦٨٨٤ لە ٥-١٢-٢٠١٧ دا ئەم نەوتە بە نرخی (برێنت – ١٨) دۆلار فرۆشراوە، واتە نرخی برێنت چەندبێت بە ١٨ دۆلار کەمتر، بۆنموونە ئەگەر نرخی برێنت ٦٣ دۆلار بێت لە بازاڕی جیھاندا، واتا بە ٤٥ دۆلار فرۆشراوە، کە ئەم نرخە لە بەرژەوەندی حکومەتی ھەرێمی کوردستانە و لەبەر کوالێتی نەوتە خاوەکە کە قورسە و کبریتی تێدایە، ھەروەھا تێچووی گواستنەوەی بۆ ھەناردەکردن بۆ دەرەوەی وڵاتیش ئەم نرخە ناکات، بەڵکو لە بەندەری جەیھانیش (برێنت – ٢٠) دۆلار دەکات، واتە بۆ ئێمە ٢ دۆلار باشترە، ھەر لەبەر ئەمەش کڕیارە نێوخۆییەکە بەشێوەی قەرزی کاش وەریگرتووە و کۆمپانیای بەرھەمھێنەریش ئاگادارە”.
وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان پێیوایە “باشتر وابوو ئەو دوو پەرلەمانتارە پرسیاریان لە وەزارەتمان بکردایە تاوەکو وەڵامیان دەستدەکەوت، نەك تەنیا بەمەبەستی ئاژاوەچێتی و سەرلێشێواندنی ھاوڵاتیان بێت، کە بەداخەوە ھێشتا بەردەوامن لەسەر ئەم رەفتارانەیان لەم قەیرانەدا، کە لە مەبەستی نووسراوەکانمان تێناگەن و نایانەوێت تێبگەن و بەشێوەی ھەڵە لێکیدەدەنەوە و بڵاویدەکەنەوە”.
کۆمپانیای نەوتی گۆڵف کێستۆن لە کێڵگەی نەوتی شێخان کۆمپانیای سەرکارە. نەوتی شێخان نەوتی قورسە و بە تێکەڵکردنی لەگەڵ نەوتی کێڵگەکانی دیکە کە بە بۆری هەناردەدەکرێت کوالێتی نەوتی هەرێمی کوردستان دادەبەزێنێت، لەبەرئەوەیە بڕیاردراوە بە جیا بفرۆشرێت.