تایبه‌ت: نوچه‌نێت
ئه‌ندامێكی مه‌كته‌بی سیاسی بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی رایده‌گه‌یه‌نێت، ناساندنی شاری قودس وه‌ك پایته‌ختی ئیسرائیل ره‌تده‌كه‌ینه‌وه، ناوچه‌كه به‌ره‌و گرژی و ئاڵۆزی راده‌كێشێت.
دوێنێ چوارشه‌ممه ٦-١٢-٢٠١٧، دۆناڵد تره‌مپی سه‌رۆكی ئه‌مریكا، واژووی له‌سه‌ر بریاری ناساندنی شاری ئۆرشەلیم وه‌ك پایته‌ختی ئیسرائیل كرد، ئه‌مه‌ش كاردانه‌وه‌ی وڵاتانی جیهان و ناوچه‌كه‌ی لێكه‌وته‌وه و بڕیاره‌كه‌یان ره‌تكرده‌وه.
له لێدوانێكی تایبه‌ت به نوچه‌نێت، د. عه‌بدوڵڵا وه‌رتێ، ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی کوردستان، سه‌باره‌ت به هه‌ڵوێستی حزبه‌كه‌ی وه‌ك لایه‌نێكی ئیسلامی، سه‌باره‌ت به ناساندنی شاری قودس وه‌ك پایته‌ختی ئیسرائیل رایگه‌یاند: بڕیاره‌كه‌ی دۆناڵد تره‌مپی سه‌رۆكی ئه‌مریكا، بۆ ناساندنی شاری قودس وه‌ك پایته‌ختی ئیسرائیل و گواستنه‌وه‌ی بالیۆزخانه‌ی ئه‌مریكا بۆ ئەو شارە ره‌تده‌كه‌ینه‌وه و پێمانوایه ناوچه‌كه به‌ره‌و گرژی و ئاڵۆزی ده‌بات، چونكه بڕیارێكی تاكلایه‌نه و نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان له ساڵانی رابردوودا شاری قودسی به شاریكی داگیركراو له‌لایه‌ن ئیسرائیله‌وه له قه‌ڵه‌مداوه.
سه‌باره‌ت به ئه‌نجامدانی گردبوونه‌وه و خۆپیشاندانی مه‌ده‌نیانه بۆ ره‌تكردنه‌وه‌ی بڕیاره‌كه‌ی سه‌رۆكی ئه‌مریكا له‌لایه‌ن لایه‌نه ئیسلامیه‌كانه‌وه گوتی، تائێستا هیچ به‌رنامه‌یه‌كی هاوبه‌ش نییه له لایه‌نه ئیسلامیه‌كانه‌وه بۆ ئه‌نجامدانی گردبوونه‌وه و خۆپیشاندانی ناڕازی، ئه‌وه‌ی هه‌یه هه‌ر سێ لایه‌نه ئیسلامیه‌كه له ڕیگه‌ی به‌یاننامه‌وه بڕیاره‌كه‌یان ره‌تكردوه‌ته‌وه.