نوچەنێت: تایبەت
سەرۆکی فراکسیۆنی حزبی شیوعی کوردستان رایدەگەیەنێت، ئەنجامدانی هەڵبژاردن، رەنگە بتوانێت بەشێکی کێشەکان چارەسەر بکات، بەڵام هەمووی چارەسەرناکات.
لە ئێستادا دۆخی سیاسی هەرێمی کوردستان، لەدووڕیانی لێكترازان و یەکڕیزیدا گیری خوادووە، هەر لایەنێکی سیاسی بە جۆرێکی جیاواز بیر لە چارەسەر دەکاتەوە، ئەمەش وایکردووە پلانگێڕی ئیقلیمی، سود لەو کێشە ناوخۆییانەی هەرێمی کوردستان وەربگرێت و لایەنە سیاسییەکان زیاتر لەیەک دووربخاتەوە.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، ئەبو کاروان، سەرۆکی فراکسیۆنی حزبی شیوعی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان، لەبارەی چارەسەری کێشە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند “چارەسەرکردنی کێشەکان، زۆر ئەستەمە و بە ئاسانی چارەسەر ناکرێت، بەڵام ئەگەر ئیرادەیەكی بەهێز هەبێت، رەنگە بتوانرێت هەنگاوەکانمان بەئاراستەی چارەسەر بڕوات و بەشێکی کێشەکان چارەسەر بکرێت”.
ئەبو کاروان لەبارەی کاریگەری ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە دەڵێت “ئەنجامدانی هەڵبژاردن و چارەسەری کێشەکان دوو شتی لەیەک جیاوازن؛ هەڵبژاردن ئیستحقاقە و پێویستە لە کاتی خۆیدا بکرێت، رەنگە ئەنجامەکانی هەڵبژاردن وابکەن جۆرێك لە ریكکەوتنی نوێ دروستبکرێت و حکومەتێکی نوێ پێکبهێنرێت و بەشێك لە کێشەکان چارەسەر بکات، بەڵام هەمووی چارەسەر ناکات و دەمێنێتەوە بۆ دوای هەڵبژاردن”.
ئەو ئەندام پەرلەمانەی کوردستان جەختیشی لەوە کردەوە، کە دەبێت لەم قۆناغەی ئێستادا لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان یەکڕیز و کۆدەنگ بن، بۆئەوەی بتوانن رووبەڕووی کێشە و قەیرانەکان ببنەوە. هەروەها پڕۆسەی چاکسازی حکومڕانی بە تەواوی ئەنجام بدرێت و هەوڵبدرێت بژێوی خەڵکی کوردستان چاکبکرێت.