غالب محەمەد: لیژنەی باڵای سوتەمەنی پارێزگای سلێمانی کارا دەکرێتەوە

0

نوچەنێت: تایبەت

سەرۆكی لیژنەی پیشەسازی و وزە لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی رایدەگەیەنێت، هەفتەی داهاتوو سەردانی پارێزگاری سلێمانی دەکەین و داوادەکەین لیژنەی باڵای سوتەمەنی پارێزگای سلێمانی کارابکرێتەوە.

لە ماوەی رابردوودا بەهۆی هاوردەکردنی بەنزین و سوتەمی خراپەوە لەرێگەی مەرزی نێودەوڵەتی باشماخەوە، چەندین ئۆتۆمبێلی بارهەڵگری سوتەمەنی رەوانەی وڵاتی ئێران کرانەوە.

لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، د.غالب محەمەد، سەرۆكی لیژنەی پیشەسازی و وزە لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، لەبارەی کارەکانیان لەگەڵ پارێزگاری نوێ رایگەیاند “هەفتەی داهاتوو سەردانی پارێزگاری سلێمانی دەکەین و داودەکەین لیژنەی باڵای سوتەمەنی پارێزگای سلێمانی کارابکرێتەوە، بە مەبەستی رێكخستن و كۆنترۆڵكردنی پرۆسەی هاوردەكردنی سوتەمەنی، کاری ئەم لیژنەیەش وادەکات شەفافانەتر مامەڵە لەگەڵ کەیسەکەدا بکرێت”.

غالب محەمەد دەڵێت “لەکاتی دەستبەکار بوونی سەردار قادر،(پارێزگاری پێشوو بە وەکالەت) ئەو لیژنەیە هەبوو، بەڵام لە دوای دەستبەکاربوونی کاك عومەر قەڵادزەیی و بەبێ ئاگاداری ئێمە هەڵیوەشاندەوە، کە ئەوەش کارێکی نایاسایی بوو. هەورەها کۆمەڵێك کاری نایاسایی تێداکرابوو، کە خۆم بەشێکی ئەوانەم داوەتە داواکاری گشتی”.

سەرۆكی لیژنەی پیشەسازی و وزە لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی جەختی لەو کردەوە و گوتی “ئێمە چەند جارێك داوامان کردووە زانیارمان پێبدات، تابزانین لەو ماوەیەی ئێمە لەوێ نەبووین چی هەبووە، بەڵام هیچ زانیارییەکی پێنەداوین، کە ئەمە بۆ خۆی جێگەی گومانە”.

ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ئاماژەی بەوەش دەکات، کە بە كاراكردنەوەی ئەو لیژنەیە، دەتوانین كارئاسانی تەواو بۆ چەندین كۆمپانیای نەوتی تایبەت بە هاوردەكردنی سوتەمەنی بکەین و کارلەسەر ئەوەبکرێت زۆرترین بەنزین و سوتەمەنی هاوردەبکرێت، بەتایبەت ئەوانەی، کە کوالێتیان بەرزە و نرخیان گونجاوە.  

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com