نوچەنێت: تایبەت
گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی گواستنه‌وه و گه‌یاندن رایدەگەیەنێت، حکومەتی عێراق نزیکەی ٣٠ ملیۆن دۆلار، حەقی راگرتنی فڕۆكه‌كانی هێڵی ئاسمانی عێراق، قەرزداری حکومەتی هەرێمە.
له رۆژی ٢٩ی سێپته‌مبه‌ری ٢٠١٧ وە بڕیاری راگرتنی گه‌شته ئاسمانییه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان، له هه‌ردوو فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی هه‌ولێر و سلێمانی لەلایەن حکومەتی عێراقەوە خرایە بواری جێبەجێکردنەوە.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، ئومێد محه‌مه‌د ساڵح، گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی گواستنه‌وه و گه‌یاندنی حکومەتی هه‌رێمی کوردستان، لەبارەی ئەو قەرزە لای حکومەتی عێراقە رایگەیاند “لە سەرەتایی دروستکردنی هه‌ردوو فڕۆكه‌خانه‌ی نێوده‌وڵه‌تی هه‌ولێر و سلێمانی، کە دەستیان بە گەشتەکان کردووە، حکومەتی عێراق نزیکەی ٣٠ ملیۆن دۆلار، حەقی راگرتنی فڕۆكه‌كانی هێڵی ئاسمانی عێراقی، لەم دوو فڕۆکەخانەیە، قەرزداری حکومەتی هەرێمە”.
گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی گواستنه‌وه و گه‌یاندن دەڵێت “به‌پێی یاسا، هه‌ر فڕۆكه‌یه‌ك له هه‌ر فڕۆكه‌خانه‌یه‌ك بنیشێتەوە، ده‌بێت بڕە پارەیەک حه‌قی گه‌راج، را‌گرتن و خاوێنكردنەوە بدات، بەڵام فڕۆكه‌كانی هێڵی ئاسمانی عێراقی به بیانووی ئه‌وه‌ی ئه‌وان “گواستنەوەی نیشتمانیین”، ئەو بڕە پارەیە نادەن، تائێستاش هیچ پارەیەکی نەداوە”.
ئومێد محه‌مه‌د ئاماژە بەوە دەکات، نەدانی ئەو بڕە پارەیە، پەیوەندی بە گشتپرسییەوە نییە، چونکە ئێمە پێشتریش دوامانکردبوو. هەروەها وەزیرەکانی عێراق دەڵێن پێویستە هێلی ئاسمانی عێراق ئەو بڕە پارەیە بدات، بەڵام دواتر پشتگوێی دەخەن و پارەکە نادەن.