تایبه‌ت: نوچه‌نێت
ئه‌ندامێكی لیژنه‌ی كشتوكاڵ له په‌رله‌مانی كوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت، به‌پێی بڕیاری عه‌بادی، هه‌تا كۆتایی ئه‌مساڵ پاره‌ی ساڵانی رابردووی جوتیارانی هه‌رێمی كوردستان دابه‌شده‌كرێت.
حكومه‌تی عیراق تائێستا پاره‌ی ته‌واوی ساڵانی رابردووی جوتیارانی هه‌رێمی كوردستانی خه‌رج نه‌كردووه، له ئێستا پاره‌ی چه‌ند سالێكی جوتیاران له‌سه‌ر جكومه‌تی عیراق كه‌ڵه‌كه بووه.
له لێدوانێكی تایبه‌ت به نوچه‌نێت، خه‌ڵه‌ف ئه‌حمه‌د، ئه‌ندامی لیژنه‌ی كشتوكاڵ له په‌رله‌مانی كوردستان، سه‌باره‌ت به دوایین زانیاری له‌سه‌ر دابه‌شكردنی پاره‌ی سالانی رابردووی جوتیارانی هه‌رێمی كوردستان له‌لایه‌ن حكومه‌تی ناوه‌ندییەوە رایگه‌یاند: به پێی دوو نامەی فه‌رمی، كه له به‌رده‌ستم دایه، یه‌كێكیان هی عه‌بادییه، كه داوا ده‌كات هه‌تا كۆتایی ئه‌مساڵ پاره‌ی سالانی رابردووی جوتیارانی عیراق و هه‌ریم بدرێت و ئه‌وی دیكه‌شیان نامەیەکی وه‌زاره‌تی دارایی عێراقه، كه ره‌زامه‌ندی له‌سه‌ر بڕیاره‌كه‌ی عه‌بادی داوه.
خه‌ڵه‌ف ئه‌حمه‌د ئاماژەی بەوەکرد، کە هه‌ندێ ورده‌كاری ماوه، وه‌ك دیاریكردنی رێژه‌ی قه‌رزه‌كانی ساڵانی رابردووی جوتیاران له‌سه‌ر جكومه‌تی ناوه‌ندی، كه هه‌ر ساڵه و رێژه‌یه‌كه؛ بۆیه پێویسته ئه‌و رۆتیناتانه ته‌واو بێت، ئه‌وكاته وه‌زاره‌تی بازرگانی پاره‌كه بنێریت.