تایبه‌ت: نوچه‌نێت
ئه‌ندامێكی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاری كه‌ركوك له فراكسیۆنی یه‌كێتی رایده‌گه‌یه‌نێت، تاكه كاندیدمان رزگار عه‌لی -یه بۆ پۆستی پاریزگاری كه‌ركوك. ده‌شڵێت “كاندیده نوێیه‌كه كاندیدی خۆیه‌تی نه‌ك یه‌كێتی”.
له چه‌ند ڕۆژی رابردوودا كادرێكی پێشكه‌وتووی یه‌كێتی به‌ناوی “سامان سه‌ید عه‌تا”، له میدیاكان رایگه‌یاندبوو، زۆرینه‌ی لایه‌نه شیعیه‌كان و پێكهاته‌كانی دیكه و به‌شێكی یه‌كێتیش به كاندیدكردنی رێككه‌وتون بۆ وه‌رگرتنی پۆستی پارێزگاری كه‌ركوك.
له لێدوانێكی تایبه‌ت به نوچه‌نێت، ئه‌حمه‌د عه‌سكه‌ری، ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك له فراكسیۆنی یه‌كێتی، سه‌باره‌ت به هه‌ڵوێستی فراكسیۆنه‌كه‌ی بۆ كاندیدكردنی رزگار عەلی رایگه‌یاند: مه‌كته‌بی سیاسی به نامه‌یه‌كی فه‌رمی رزگار عه‌لی-یان بۆ وه‌رگرتنی پۆستی پارێزگاری كه‌ركوك كاندیدكردووه، هه‌ر ئه‌ویش كاندیدی ئێمه‌یه بۆ وه‌رگرتنی پۆستی پارێزگار.
لەبارەی کاندیدی نوێ بۆ ئەو پۆستە ئەحمەد عه‌سكه‌ری دەڵێت، ئه‌و به‌ڕێزه (سامان سه‌ید عه‌تا)، كه پڕوپاگەندەی كاندیدبوونی خۆی بڵاوكردوه‌ته‌وه، كه گوایه لایه‌نه شیعه‌كان و ره‌وتی حیكمه پشتگیری ده‌كه‌ن، كاندیدی خۆیه‌تی كاندیدی ئێمه نییه؛ هەروەها ره‌وتی حیكمهش ره‌تیكردووه‌ته‌وه پشتگیری ئه‌و ناوه‌یان كردبێت.
ناوبراو جەخت لەوە ده‌كاتەوە و دەڵێت، تائێستا ئه‌نجومه‌نی پارێزگا نه‌یتوانیوه پارێزگاری نوێ هه‌ڵبژێرێت، به‌هۆی ناكۆكی نێوان ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاکە.
ئه‌حمه‌د عه‌سكه‌ری ئاماژه به‌وه‌ش ده‌كات، ده‌بێ ئه‌نجومه‌نی پاریزگا، پارێزگاری نوێ بۆ كه‌ركوك هه‌ڵبژێرێت یان به‌غدا پارێزگارێكی نوێ بۆ كه‌ركوك دابنێت، كه ئه‌ویش پێویستی به هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی پارێزگایە.