نوچەنێت
ئەمڕۆ وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان، بە چاودێریی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە هەولێر کۆنفرانسێکی دوو ڕۆژەی لەژێرناوی “رۆشنبیری و توندوتیژی” ساز کرد.
بڕیارە لەم کۆنفرانسە، کە دوو ڕۆژ دەخیەنێ، لە چەندین پانێلی جیاجیادا چەند باس و گفتوگۆی پەیوەندیدار بە رۆشنبیری و توندوتیژی بخرێنەر بەرباس و تاوتوێ بکرێن.
کۆنفرانسەکە کاتژمێر ١٠ی بەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە ٦-١٢-٢٠١٧ لە هۆلێ سەعد عەبدوڵڵا، بە ئامادەبوونی دەیان ئەکادیمی و رۆشنبیران و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی دەستیپێکرد و سبەینێ پێنجشەممەش بەردەوام دەبێت.
لە کۆنفرانسەکەدا وەزیری ڕۆشنبیری و لاوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان وتارێکی لەبارەی ڕۆشنبیری و توندوتیژی و ڕێکار و ڕێگاکانی ببنڕکردنی پێشکەس کرد.
پاشان سەفین دزەیی گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەو کۆنفرانسەدا لە لیدوانێکدا گوتی: “توندوتیژی دیاردەیەکە لە هەموو شوێنێکی جیهان هەیە و تەنانەت لە وڵاتانی پێشکەوتووش توندوتیژی بەرانبەر بە مرۆڤ دەکرێت، بەو مانایە نییە، کە توندوتیژی تەنیا لە بەرەکانی شەڕدا بە چەک دەکرێت، بەڵکوو ڕەچاوکردنی سیاسەتی ناڕەوا بەرانبەر خەڵکی سڤیل، خۆی توندوتیژییە و لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش زۆر تۆخترە”.
گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە درێژەدا گوتی “بۆ بنبڕکردنی توندوتیژی لە هەرێمی کوردستان، دەبێ ناوەندە زانستی و ڕیکخراوەکان و بەتایبەت زانکۆکان، بە وانە بیخەنە مەنهەج و سەرچاوەکانی خوێندنەوە و کار بۆ سڕینەوە و بەرەنگابوونەوەی بکرێت”.