نوچەنێت:تایبەت
گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی لەپەرلەمانی کوردستان رایدەگەیەنێت، حەز دەکەین بچینە ناو قۆناغی هەڵبژاردنەکان و هەرچی زووترە ئەم قۆناغە بە هەڵبژاردن تێپەڕێنین، بۆئەوەی قۆناغێکی نوێ لە حکومڕانیەکی نوێ دەستپێبکەینەوە.
بەهۆی بارودۆخی سەختی هەرێمی کوردستان و فشارەکانی حومەتی عێراق، بۆ سەر حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەروەها ئامادەنەبوونی کۆمسیۆن بۆ هەڵبژاردنەکان لە ١-١١-٢٠١٧ ، پەرلەمانی کوردستان خولەکەی خۆی بۆماوەی ٨ مانگ درێژکردەوە، بزووتنەوەی گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامی بەئاشکرا دوای هەڵوەشاندنەوەی حکومەتی ئێستا و پێکهێنانی حکومەتێکی کاتی دەکەن. ئەمە لەکاتێکدایە کە پارتی لە ئەگەری رێککنەکەوتنی لایەنەسیاسییەکان، بۆ دەربازبوون لەم دۆخەی ئێستا پێشنیاری هەڵبژاردنی پێشوەخە دەکات.
لەلێدوانێکی تایبەت بەنوچەنێت، محەمەد عەلی یاسین گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی لەپەرلەمانی کوردستان، لەبارەی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند”ئێمە وەکو پارتی دیموکراتی کوردستان، بڕوای تەواوەتیمان بە پڕۆسەی دیموکراسی هەیە و لوتکەی ئەو پڕۆسەیەش هەڵبژاردنەکانە، لەو روانگەیەشەوە حەز دەکەین بچینە ناو قۆناغی هەڵبژاردنەکان، هەرچی زووترە ئەم قۆناغە بە هەڵبژاردن تێپەڕێنین، بۆئەوەی قۆناغێکی نوێ، لە تەوافوقی نوێ و حکومڕانیەکی نوێ دەستپێبکەینەوە”.
گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی دەڵێت”وەکو پارتی هەموو کات لەگەڵ ئەوەداین، دەستاو دەستکردنی پڕۆسەکانی حکومڕانی، لە وادەی خۆیدا ئەنجامبدرێت”.