نوچەنێت
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بۆ بابەتی ئاوارەکانی خورماتو، نەتەوە یەکگرتووەکان زۆر لەسەر هێڵ نییە و دەیانەوێت ئەو کێشە گەورەیە بچووکی نیشان بدەن.
ئەمڕۆ سێشەممە ٥-١٢-٢٠١٧، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، بەسەرۆکایەتی نێچیرڤان بارزانی، سەبارەت با تاوتوێ کردنی چەند پرسێک، کە یەک لەوان کێشەی خورماتو، کۆبوونەوە. دوای کۆبوونەوەکە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا، وەڵامی پرسیارەکانی رۆژنامەنوسانی دایەوە.
نێچیرڤان بارزانی لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکدا رایگەیاند، بەداخەوە نەتەوە یەکگرتووەکان زۆر لەسەر هێڵ نییە و دەیانەوێت، ئەو کێشە گەورەیەی ئاوارەکان بەتایبەتی ئاوارەکانی خورماتو، بە بچووکی نیشان بدەن.
هاوکات داوای لە رێکخراوەکان کرد، لێکۆڵینەوە لەو رووداوانە بکەن کە لەو ناوچانە روویانداوە، بەتایبەت لە خورماتو. هەر میکانیزمێک لەو سنورانە بگیرێتەبەر کە کێشەیان لەسەرە، دەبێت هەرێمی کوردستانی تێدابێت، چونکە ئەوە راستە و ئەوە دەستوریە.
سەبارەت بە کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکی فەرەنسا، نێچیرڤان بارزانی گوتی، سەرۆک ماکرۆن گوتی، لەگەڵ حەیدەر عەبادی قسە دەکات،بەڵام تاوەکو ئێستا ئاگادارنەکراوینەتەوە، پێشبینی دەکەم لەم یەک دوو رۆژە ئاگاداربکرێینەوە لەوەی هەنگاوەکانی دوای ئەوە، کە چی دەبن.
سەرۆکوەزیران، باسی لە پەیوەندی حکومەتی هەرێم وتورکیاکرد”پەیوەندی ئێمە لەگەڵ تورکیا نەپچڕاوە و بەردەوامە، هەرکاتێک پێویست بووبێت ئەوان ئامادەن بۆ گفتوگۆ. ئینشائەڵڵا بەزووترین کات ئاسایی دەبێتەوە، بۆ گەشتەکەی فەرەنساش کە بەداخەوە نەکرا لەڕێگەی بەغداوە ئەنجامی بدەین، ئەوان هەموو ئامادەکارییەکیان کرد.
لەبارەی باسی داخستنی دەروازەکانی پەروێزخان و حاجی ئۆمەرانی لەلایەن ئێرانەوە نێچیرڤان بارزانی دەڵێت،پەیوەندیمان لەگەڵ ئێران بەردەوامە، بەو هیوایەین ئەو دوو دەروازەیەی دایانخستوون بیکەنەوە، چونکە هەم لە بەرژەوەندی ئێمەیەو هەم لە بەرژەوەندی ئەوانە. هیچ پاساوێک بۆ داخستنیان نەماوە.