نوچەنێت
پێکەوە ژیان لەهەرێمی کوردستان گرنگیەکی تایبەتی هەیە و هەرێمی کوردستان لە حەوت نەتەوە پێکهاتووە، کە لەرووی یاسایی و کلتورییەوە کێشەیەکی ئەوتۆیان نییە و حکومەتی هەرێمی کورستان-یش بەمەبەستی زیاتر گرنگی پێدانی کەمایەتییە نەتەوەیی و ئایینیەکان، لە مانگی حەوتی ئەمساڵ، بڕیاری دا بە کردنەوەی بەڕێوەبەرایەتییەکی تازە لە دیوانی وەزارەتی ئەوقاف، بەناوی بەڕێوەبەرایەتی پێکەوەژیانی ئایینەکان.
بەشێکی زۆر لە ئاییندارەکان مومارەسەی توندڕەوی دەکەن
وەک کەسایەتییە ئایینییەکان باسی دەکەن، مرۆڤ مومارەسەری هەر ئایینێک بکات، ئەگەر خوێندنەوەی راست و دروستی بۆ بکات، پەیامی راستی خۆی دەگەیەنێ، بەڵام بەشێکی زۆر لە ئاییندارەکان مومارەسەی توندڕەوی لەسەر ئایینەکانیان دەکەن، نمونەی هەرە زیندووش توندوتیژییەکانی داعشە، بە بەکارهێنانی فەلسەفەی ئایینی ئیسلام. بۆیە پێویستە لەناو هەر وڵاتێک‌دا دامەزراوەیەک هەبێ کار لەسەر پێکەوەژیانی ئایینە جیاوازەکان بکات و رێگە لە پێشێلکاری خۆسەپاندنی ئایینێک، بە سەر ئەوانەی دیکەدا بگرێت.
پێکەوە ژیان لە هەرێمی کوردستان
وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەمەبەستی زیاتر قوڵکردنەوەی گیانی لێبوردەیی و پێکەوەژیانی ئایینی لە هەرێمی کوردستان، بەپێی فەرمانێکی وەزاری بە ژمارە (١٩١٠) لە ٩-٧-٢٠١٧، وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی، بڕیاری دا بە کردنەوەی بەڕێوەبەرایەتییەکی تازە لە دیوانی وەزارەت بەناوی بەڕێوەبەرایەتی پێکەوەژیانی ئایینەکان، ئەمیر عوسمان مەولود، وەک بەڕێوەبەری پێکەوەژیانی ئایینی دەستنیشانکراوە.
پێویستە گۆڕانکاری لە پڕۆگرامەکانی خوێندن و یاساکانی عێراقدا بکرێ(١)
نەقشبەندی ئاماژەی بەوەداوە “دوو جار بۆ ئەو مەبەستە سەردانی کۆنگرێسی ئەمەریکام کردووە و لەگەڵ سەرۆکی گشتی ئازادییە ئایینییەکان، جەختمان لەوە کردووەتەوە، کە گۆڕانکاری لە پرۆگرامەکانی خوێندن و یاساکانی عێراقدا نەکرێ زەحمەتە ھەرێمی کوردستان، بتوانێ لە ڕووی پێکەوەژیانی ئایینییەوە بەرەو پێشەوە بچێ.
گه‌لى هه‌رێمى كوردستان پێكهاتووه لە حەوت نەتەوە(٢)
بە گوێرەی راپۆرتێک، کە لە رۆژی سێشەممە ١٥-٨-٢٠١٧، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، لە راپۆرتی ساڵانەی “ئازادی ئایینی لە جیهاندا” بڵاوکردەوە، لە بەشی تایبەت بە هەرێمی کوردستان و عێراق تیشکی خستە سەر ئەو تاوانانەی، کە داعش دەرهەق بە “کورد، ئێزیدی، موسڵمانە شیعەکان” ئەنجامیداون و داعش بە بەرپرسیار دەزانێت.
لەم بارەیەوە د. دیندار زێباری سەرۆکی کۆمیتەی وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەکان رایگەیاند، کوردستان هەمیشە شوێنی حەوانەوە و نیشتەجێ بوونی پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکان و نموونەی پێکەوەژیانی نێوان ئەم پێکهاتانە بووە، له مادده‌ى (٥)ى ڕه‌شنوسى ده‌ستورى هه‌رێمى كوردستان هاتووه، گه‌لى هه‌رێمى كوردستان پێكهاتووه له كورد، توركمان، عه‌ره‌ب، كلدان، سریان، ئاشورى، ئه‌رمه‌ن و هاوڵاتیانى دیكه‌ى هه‌رێمى كوردستان، واتە پەیڕەوانی ئایینەکانی دیکە، وەک کەمایەتی سەیر نەکراون، بەڵکو بە پێکهاتەی کۆمەڵگای کوردستانی دانراون.
زێباری لەبارەی گرنگیدانی حکومەتی هەرێم، بە لایەنی کەلتوری و پەروەردەیی پێکهاتە ئایینی و نەتەوەیی و مەزهەبیەکان دەڵێت “له هه‌یكه‌لى كارگێڕى وه‌زاره‌تی رۆشنبیری ڕه‌نگى داوه‌ته‌وه، به بوونى دوو به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى گشتی رۆشنبیرى یه‌كێكیان بۆ توركمان و ئه‌وی دیکە بۆ سریانى. باره‌گاى ئه‌م دوو به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه گشتییه له هه‌ولێره و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى سریانی له دهۆك هه‌یه”.
زێباری ئاماژە بەوە دەکات، کە پاڵپشتى دارایى ژماره‌یه‌ك ناوەندی ڕ‌ۆشنبیرى، تیپى هونه‌رى توركمانى، كلدانى، ئاشوورى، ئێزیدى، له لایه‌ن وه‌زاره‌ته‌وه کراوە، له ڕێگاى هاریكاری کردنیان وگرنگیدان به دابونه‌ریت و كهلهپوورى دێرینیان وه‌ك دامه‌زراندنى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى مۆزه‌خانه‌ى سریانى و چاپكردنى سەدان كتێب به زمانه‌كانى كوردى، عه‌ره‌بى، سریانى، توركمانى.
سەبارەت بە بواری پەروەردە، دیندار زێباری هەروەها دەڵێت، لە بواری پەروەردە هیچ تاكێكى پێکهاتە نه‌ته‌وەیی و ئایینەكان ناچار نه‌كراوه، كه به‌زمانى كوردى بخوێنن یاخود رێگرییان لێكرابێت به زمانى دایك بخوێنن، به‌پێچه‌وانه‌وه به‌ده‌یان قوتابخانه به زمانى كه‌مه نه‌ته‌وه‌كان له‌ناو هه‌رێم و ناوچه كوردستانیه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى هه‌رێم هه‌یه.
گواستنەوەی کورسی مەرجەعی ئاشورییەکانی جیهان بۆ هەولێر
رۆژی ٢٧-٩-٢٠١٧، لە هەولێر، پایتەختی هەرێمی کوردستان، لە رێورەسمێکی ئایینی گەورەدا، بە ئامادەبونی نوێنەری ڤاتیکان مەراسیمی گواستنەوەی کورسی مەرجەعی ئاشورییەکانی جیهان و ناوەندی کڵێسا‌ی رۆژهەڵات لە ئەمریکاوە بۆ هەولێر ئەنجامدرا. ئەمە ئەو راستییە دەردەخات، کە هەرێمی کوردستان لانکەی ئازادی و دیموکراسی و ئاشتی و پێکەوەژیانی سەرجەم ئایین و نەتەوەکانە، چونکە لە ساڵی ١٩٣٣وە بارەگای سەرەکی پاتریاکی ئاشورییەکانی جیهان لە عێراق چووبووە دەرەوە بۆ شیکاگۆ لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، بەڵام دوای تێپەڕینی زیاتر لە ٨٠ ساڵ ناوەندەکە بۆ عێراق گەڕێندراویەوە و هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان هەڵبژێردرا، ئەزمونی حوکمڕانی چەند ساڵی رابردوو ئەوەی سەلماندووە، کە باشترین شوێنی پێکەوە ژیانی ئایین و نەتەوەکانە.
بە هاناوەچوونی کەمایەتی ئایینی ئێزیدیەکان
هەوڵەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ رزگار کردنی ئێزیدییە رفێنراوەکانی دەست داعش، لە رۆژی ٢٥-١١-٢٠١٤ لێژنەیەكی دامەزراند بۆ كۆكردنەوەی زانیاری و بەدواداچوون لە كەیسی ئێزیدییە رفێندراوەكان و بودجەیەكی تایبەتی تەرخان كردووە بۆ رزگارکردنیان، دوای گەڕانەوەشیان حكومەت هەموو ئامادەكارییەك دەكات بۆ حەواندنەوەیان ودووبارە گەڕاندنەوەیان بۆ نێو كۆمەڵگا، لە چوارچێوەی ئەو هەوڵانەی حکومەتی هەرێم، توانراوە ژمارەیەکی زۆر لە رفێندراوەکان ئازاد بکرێن.
گرنگیدانی حکومەت بە لایەنی پەروەردەی کەمایەتییەکان
بەگوێرەی زانیارییەکان، بە دەیان قوتابخانە هەیە، کە خوێندن تێیدا به زمانى سریانییە به‌تایبه‌تى له‌و شوێنانه‌ى، كه کریستیانی زۆرە وه‌ك (هه‌ولێر/ عەنكاوه، شه‌قڵاوه، كۆیه، دیانا، هاودیان و هه‌رمۆته له‌كۆیه. هه‌روه‌ها له ناوچه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى ئیداره‌ى هه‌رێم وه‌ك حه‌مدانییه، به‌رتلە، تلكێف، قەرەقۆش، كرملیس، ئه‌لقۆش)، به‌هه‌مان شێوه به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى گشتى تایبه‌ت به خوێندنى سریانى له وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده هه‌یه، لەلایەکی دیکەوە ده‌ستەیە‌كى تایبه‌ت له به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى گشتى په‌روه‌رده‌ى دهۆك، سه‌رپه‌رشتى خوێندنى ئایینى ئێزیدى ده‌كات، كه زۆربه‌یان له سنورى شارى دهۆك و زیاتریش له شارى موسڵه.
ئەنجام
بە لە بەرچاوگرتنی باردۆخی عێراق و ناوچەکە لە رووی ئازادی و پێکەوەژیانی کەمایەتییە ئایینی و نەتەوەییەکان، هەرێمی کوردستان لە پێشەنگدایە و وەک خاڵێکی بەهێزی حکومەتی هەرێم لە دنیای دەرەوە سەیر دەکرێت. وەک نمونە خوێندن بە زمانی دایک لە وڵاتانی دەوروبەر قەدەغەیە، کە بە پێشێلکردنی مافی مرۆڤ و ئینکار کردنی کەمایەتیەکانی دیکەیە.
ئەگەر چاو لە وڵاتانی دەوروبەرمان بکەین، دەبینین وڵاتێک نابینی کێشەی جددی لە گەڵ کەمایەتییە ئایینی و نەتەوەییەکاندا نەبێت، جیا لەوە بەردەوام رێگرییان لێدەکات سزا بەسەریاندا جێبەجێ دەکات. کەوابوو ئەم کلتورە لەناو کورد دا یەک رۆژە دروست نەبوو بەڵکو پەیوەندی بە مێژووی کوردەوە هەیە، کە دەیسەلمێنێت ئاشتی و پێکەوەژیانی کردۆتە پیشەی خۆی، بۆ بەرەو پێشبردنی کۆمەڵگا و دوورخستنەوەی لە دەمارگیری. دەکرێ وەک دەلاقەیەکی هیوا بەخش، لە تاریکی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست سەیر بکرێ.
هەروەها سەرەڕای شەڕی داعش، کە بەشی هەرە زۆری عەرب ئیسلامی سوننە مەزهەب بوون، کە زیاتر لە سێ ساڵی خایاند کوردیان جینوساید کرد و ئێستاش مەترسییەکانی هەرماون، لە هەرێم کاری نەکردە سەر پێکەوە ژیان، بەردەوام ئاوارەکان روویان لە هەرێم دەکرد وەک پەناگەیەک، کە ئەمە نمونەیەکی هەرە بەرچاو و بەرزە لە رەوشتی ئەم کۆمەڵگایە، لە بیرمان نەچێت حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەرەڕای هەر کەموکوڕییەک، ئاشتی و پێکەوەژیانی پاراست.
پرسیار ئەوەیە سەرکردەی وڵاتانی دەوروبەر لەبەر چی پێکەوەژیانی ئاشتیانە و ئارەزوومەندانەیان ناوێت؟
سەرچاوەکان: