تایبه‌ت: نوچه‌نێت
سه‌رۆكی لیستی برایه‌تی له ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك ڕایده‌گه‌یه‌نێت، ئێمه ناگه‌رێینه‌وه كه‌ركوك، چونكه كێشه‌مان له‌گه‌ڵ حه‌شد و سوپای عێراق هه‌یه، نه‌ك عه‌ره‌ب و توركمان و لایه‌نه‌كانی تر. ده‌شڵێت “یه‌كێتی، توركمان و عه‌ره‌ب، به‌بێ ئێمه ناتوانن هیچ گۆڕانكاریه‌ك له پارێزگار و سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌ن دا بكه‌ن”.
دوای رووداوه‌كانی 16ی ئۆكتۆبه‌ری ئه‌مساڵ، كۆنتڕۆڵكردنی كه‌ركوك له‌لایه‌ن حه‌شدی شه‌عبی و هیزه عێراقیه‌كانی دیكه بە پاڵپشتی شوپای قودسی ئێران، له‌لایه‌ن لیستی یه‌كێتی و به‌شێك له عه‌ره‌ب و توركمانه‌كانه‌وه داوای گۆڕانكاری ده‌كه‌ن له پاریزگار و سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی پاریزگادا، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش كۆبونه‌وه‌یه‌كی ئه‌نجومه‌نیان ریكخست، به‌ڵام نه‌گه‌شتنه ریككه‌وتن له‌سه‌ر گۆرانكاریه‌كان، بویه تا ئێستا ئه‌م لایه‌نانه نه‌گه‌شتونه‌ته هیچ ڕێككه‌وتنێك، فراكسیۆنی پارتیش، كه گه‌وره‌ترین فراكسیۆنه دژی گۆرانكاریه‌كانن و نه‌گه‌ڕاونه‌ته‌وه كه‌ركوك.
له لێدوانێكی تایبه‌ت به نوچه‌نێت، محمد كه‌مال، سه‌رۆكی لیستی برایه‌تی له ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوك له پشكی پارتی، سه‌باره‌ت به گه‌ڕانه‌وه‌ی فراكسیۆنی پارتی بۆ كه‌ركوك رایگه‌یاند: ئێمه بۆیه ناگه‌ڕیینه‌وه كه‌ركوك، چونكه كه‌ركوك نائارامه و ده‌سه‌ڵاتی شاره‌كه له ده‌ستی ده‌سه‌ڵاتێكی مه‌ده‌نیدا نییه به‌ڵكو له ژیر ده‌سه‌ڵاتی جه‌یش و حه‌شد دایه. بۆیه هه‌ركات حه‌شدی شه‌عبی كشانه‌وه له كه‌ركوك، ئێمه‌ش ده‌گه‌ڕێینه‌وه، چونكه نه‌گه‌ڕانه‌وه‌ی ئێمه ئه‌وه نییه كێشه‌مان له‌گه‌ل عه‌ره‌ب و توركمان و لایه‌نه‌كانی دیكه‌دا بێت.
محمد كه‌مال ئاشكراشی ده‌كات، ئه‌و لایه‌نانه‌ی، كه له چه‌ند ڕۆژی رابردوودا كۆبوونه‌وه‌یه‌كی ئه‌نجومه‌نیان رێكخست، ناتوانن هیچ گۆڕانكاریه‌ك بكه‌ن، چونكه ناشه‌رعییه و ئه‌گه‌ر كردیشان پیرۆزیان بێت، به‌ڵام ناتوانن.
سه‌رۆكی لیستی برایه‌تی ئاماژه به‌وه‌ش ده‌كات، هیچ هۆكارێك نییه بۆ گۆڕانكاری له پارێزگار و سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی پارێزگا، پێویسته ئه‌و لایه‌نانه‌ی داوای گۆڕانكاری ده‌كه‌ن هۆكاره‌كه‌شی رونبكه‌نه‌وه، چونكه ناكرێت هه‌ركات ئاره‌زویان لی بێت بڵێن با گۆڕانكاری بكه‌ین له پۆسته‌كان.