نوچەنێت-رووداو
بە فەرمانی مەسعود بارزانی، سەرۆكی پێشووی هەرێمی كوردستان و فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكان، دوای رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر، بەهۆی جێنەهێشتنی بەشێکی زۆری هێزی فەرماندەیی شنگال لەو قەزایە و مانەوە لە گەڵ حەشدی شەعبی بە رێککەوتن، فەرماندەیی پێشمەرگەی شنگال هەڵوەشایەوە.
دوای رزگاركرنی ناحیەی سنوونێ و بەشێك لە خاكی شنگال، بە فەرمانی مەسعود بارزانی، بەرپرسی پێشووی هێزە چەكدارەكانی كوردستان، ژمارەیەكی زۆر لە كوردی ئێزدی كە بەشێوەی خۆبەخش بەرگرییان دەكرد، لەژێر ناوی فەرماندەییەك بەناوی فەرماندەیی پێشمەرگەی شنگال رێكخران و قاسم شەشۆ كرایە بەرپرسی فەرماندەییەكە. ژمارەی پێشمەرگەكانیش نزیكەی 8000 پێشمەرگە دەبوون و بڕی دوو ملیۆن دۆلاریان لە لایەن وەزارەتی پێشمەرگەوە بۆ خەرج کراوە.
فەرماندەیی پێشمەرگەی شنگال، بە فەرمانی بارزانی دروستكرابوو، مانگانە جگە لە نەسریە هەر یەكەیان بڕی 300 دۆلاری وەكو هاوكاری وەردەگرت. هەموویان لە سەربازگەی پێشخابوور مەشق و راهێنانیان پێكرابوو.
دوای ئەوەی هێزەكانی حەشدی شەعبی و سوپای عێراق لە رۆژی 16ی ئۆكتۆبەر پەلاماری كەركوك و دووزخورماتوو و چەند ناوچەیەكی دیكەیان دا، رۆژی دواتر بەبێ هیچ بەرگرییەك چوونە نێو قەزای شنگال و ناحیەی سنوونێ. ئەوكات بەشێك لە بەرپرسانی ئیداری و هێزەكانی ئاسایش لە شنگال كشانەوە، بەڵام قاسم شەشۆ و بەشێكی زۆری پێشمەرگەی فەرماندەیی شنگال لەگەڵ حەیدەر شەشۆ و هێزەكەی بڕیاریان دا هەر لە شنگال بمێننەوە، بەڵام سەنگەرەكانی پێشوویان چۆڵ كردووە و ئێستا لە نزیك مەزارگەی شەرفەدینن.
حەیدەر شەشۆ، فەرماندەی هێزی پاراستنی ئێزدیخان كە نزیكەی 6000 پێشمەرگەی هەیە و هەزار كەسیان سەر بە وەزارەتی پێشمەرگە بوون، بە (رووداو)ی گوت :”لەو رۆژەی حەشد هاتووە ئێمە هەر لە شنگال ماوین، ئێستاش هەر پێشمەرگەین، بەڵام هەتا ئێستا وەزارەتی پێشمەرگە وەڵامی ئێمەی نەداوەتەوە و هیچ رێنمایی بە ئێمە نەداوە، هەروەها موچەشیان بۆ خەرج نەكردووین”.
عەمید هەڵگورد حیكمەت بەرپرسی راگەیاندنی وەزارەتی پێشمەرگە لە لێدوانێكدا بۆ (رووداو) پشتڕاستی كردەوە كە فەرماندەیی شنگال هەڵوەشاوەتەوە و گوتی: “لە كاتی هاتنی حەشدی شەعبی بۆ شنگال هێزەكانی پێشمەرگە لە شنگال بڕیاریان دا بكشێنەوە، هێزەكەی حەیدەر شەشۆ و ئەو هێزەی فەرماندەیی شنگال بڕیاریان دا لەوێ بمێننەوە، بۆیە ئێستا ئەوان خۆیان تەحەممولی بەرپرسیارێتی دەكەن”.
دەربارەی فەرماندەیی پێشمەرگەی شنگالیش، هەڵگورد حیكمەت دەڵێت “ئێستا فەرماندەیی شنگال نەماوە، هەندێك لە پێشمەرگەكانی دوای هاتنی حەشدی شەعبی لەوێ نەمان و ئێستا لە سەنگەردان، وەزارەتی پێشمەرگە خەریكە ئەو هێزانە دووبارە رێكدەخاتەوە و لە ماوەیەكی نزیكدا موچەكانیان خەرج دەكەین”.