نێچیرڤان بارزانی: کورد ئێستاش ئەمریکا بە هاوپەیمانی پلە یەک دەزانن

0

نوچەنێت-فۆکس نیو

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی کوردستانی عێراق دەڵێت، هەرچەندە ویلایەتە یەکگرتووەکان دژایەتی گشتپرسی سەربەخۆییەکەی مانگی ئەیلولی کوردەکانی کرد، هێشتاش کورد، ئەمریکا وەک هاوبەشی پلە یەکی خۆیان دەبینن و هیوادارن لە داهاتوو ویلایەتە یەکگرتووەکان پشتیوانی خەونی سەربەخۆییان بکات.

سەرۆکوەزیرانە کوردەکە پێیوایە، بەرهەڵستی ئەمریکا بۆ ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردەکانی عێراق، نابێتە هۆی شکاندنی ئەو هاوپەیمانێتییە مێژووییەی لەنێوان کورد و ئەمریکا هەیە.

“بێهیواییەک لەناو گەلی کورد درووست بوو، گەلی کوردستان چاوەڕوانی زیاتریان لە ویلایەتە یەکگرتووەکان هەبوو، ئەوان پییان وایە ئەو بەهایانەی ویلایەتە یەکگرتووەکان شانازییان پێوە دەکات، ئێمەش شانازییان پێوە دەکەین” ئەوە گوتەی نێچیرڤان بارزانییە تایبەت بە فۆکس نیوز، کە چاوپێکەوتنێکی نویی لەگەڵی ساز داوە.

“بەڵام گەلی کوردستان ئێستاش ئەمریکایان خۆشدەوێ. کورد خۆیان بە هاوڕێ و هاوبەشی ویلایەتە یەکگرتووەکان دەزانن. ئێمە دەمانەوێ ئەمە لە ماوەی درێژی داهاتووش بەردەوام بێ”.

ئەمریکا و زۆربەی ولاتان پشتیوانی بەغدا بوون لە بەرەنگاربوونەوەی گشتپرسییەکەی کوردەکاندا، ئەوەیش چونکە دەترسان ئەو گشتپرسییە لێکەوتەی کارەساتباری هەبێ، لەسەر شەڕی دژە داعش و لەسەر ناوچەکە بە گشتی. ئەوەیش بە لەبەرچاوگرتنی ئەو راستییەی رەنگە ئەو جووڵەیە هانی کوردەکانی تورکیا و ئێرانیش بدات هەوڵبدەن بەشێک لە خاکی ئەو دوو وڵاتە بۆ خۆیان ببەن.

بارزانی دەڵێ، کە بێئومێدبوونی گەلەکەی تەنیا لە دژایەتی ئەمریکا بۆ گشتپرسییەکە سەرچاوەی نەگرتبوو، بەڵکوو بۆ رووداوەکانی پاش ئەوە بوو.

پاش ئەوەی کورد رەتیان کردەوە ریفراندۆمەکە هەڵبوەشێننەوە، سەرۆکوەزیرانی عێراق حەیدەر عەبادی، فەرەمانی بە سوپای وڵاتەکەی کرد ناوچە کێشەلەسەرەکان کۆنترۆڵ بکەنەوە، کە پێشمەرگە لە سەرەتای پەلامارەکانی داعشەوە دەیپاراستن. چەکدارەکانی حەشدی شەعبی، کە ئێران پشتیوانییان دەکات، پاڵپشتی ئەو هەوڵەی سوپای عێراق بوون.

گرژی و توندوتیژی لە دەوروبەری شاری ستراتیژیی بە نەوت دەوڵەمەندی کەرکوک سەریان هەڵدا و لە ئەنجامی پێکدادانەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەردا، چەندین قوربانی لە هەردوو بەرەی عێراق و پێشمەرگە کەوتنەوە و بە پاشەکشەی پێشمەرگە کۆتاییان هات.

نێچیرڤان بارزانی گوتی “زیاتر لە١.٨٤٦ پێشمەرگە گیانی خۆیان بەختکرد لە جەنگی داعشدا و زیاتر لە ١٠ هەزاری دیکەش برینداربوون”.  لە درێژەی گوتەکانیدا، نێچیرڤان بارزانی جەختی کردەوە کە”داعش تەنیا هەڕەشە نەبوو بۆ کوردستان، بەڵکوو هەڕەشە بوو بۆ ئەمریکا و ئەوروپاش. بۆیە گەلی کورد چاوەڕوان بوون هەر هەڕەشەیەک روو لە کوردستان بکات، ئەمریکا لایەنی کورد دەگرێ. چاوەڕوان نەبوون ئەو تانکانەی ئەمریکا بەخشیبوونیەتە حکومەتی عێراق، لەلایەن حەشدی شەعبییەوە لە دژی کوردستان بەکاربهێنرێن”.

بەرپرسانی عێراقی رەتیان کردووەتەوە هێزەکانی سەر بە ئێران، دەستیان بڕوا بەسەر ئەو تانک و چەک و تەقەمەنییانەی ئەمریکا، کە بە عێراقی داون یان لە دژی کورد بەکارهێنراون.

نێچیرڤان بارزانی گوتی، حکومەتەکەی ئەو هەرگیز بەنیاز نەبووە ناوچە کێشەلەسەرەکان بە زەبری هێز لە حکومەتی عێراقی بسێنێت. ئەو دەڵێ، هێزی پێشمەرگە ساڵی ٢٠١٤ چوونە ئەو ناوچانە، کاتێک هەڕەشەکانی داعش پەرەیان سەند، ئەویش لەسەر داوای نوری مالیکی.

“راستی ئەوەیە، کە نە بەغدا و نە هەولێر، کۆنترۆڵی تەواویان بەسەر ئەو ناوچانە نەبووە” ئەوە گوتەی نێچیرڤان بارزانییە، کە جەختدەکاتەوە، کە دەبوو کێشەکانی ئەو ناوچانە بەپێی دەستور چارەسەربکرێن نەک بە فشاری سەربازی.

سەرۆکوەزیران دەڵێت، کردەوەی سەربازی و داخستنی هەردوو فڕۆکەخانەکەی هەرێم، لەبەرامبەر ئەنجامدانی ریفراندۆمدا، هەرگیز پێشبینیکراو نەبوو.

“ئەوەی ئێمە بینیمان ئەوەبوو، کە گەل لە ئەزموونێکی زۆر ئاشتیخوازانەدا ، تەعبیریان لە بڕیاری دیاریکردنی چارەنووسی خۆیان کرد، ئەویش لە رێگەی دەنگدانەوە، کەچی کاردانەوەی بەغدا بۆ ئەمە، بەکارهێنانی هێز بوو”.  نێجیرڤان بارزانی وای گوت “ئێمە بە روونی باسمان کردووە، کە دەمانەوێ هەموو کێشەکان لە رێگەی گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا چارەسەر بکەین، کەچی ئەوان تاکو ئێستا ئامادەییان بۆ گفتوگۆ دەرنەبڕیوە”.

نێچیرڤان بارزانی، پێشوازی لەوە دەکات ویلایەتە یەکگرتووەکان بەشێوەیەکی کارا تێوەبگلێ لە چارەسەری کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، بەڵام گوتی، کە ئەوان پەشیمان نین لە ئەنجامدانی ریفراندۆم.

“بڕواناکەم هیچ کەس و هیچ لایەنێکی سیاسی پێیوابێ، هەڵەی کردووە لە بەشداریکردنی ریفراندۆم، ئەوەی بینیمان پرۆسەیەکی دیموکراسی بوو. ئەوە دەربڕینی ئارەزووی خەڵک بوو، نە کەمتر بوو لەوە نە زیاتر”.

ریفراندۆمەکەی ٢٥ی سێپتەمبەر، کە تێیدا لەنێو ٨ ملیۆن کورددا ٩٢% یان بە بەڵێ دەنگیان بە جیابوونەوە لە بەغدا دا، پرۆسەیەکی پابەندکەر نەبوو، بەوەی کوردش نەیاندەویست تاکلایەنە جیا ببنەوە. ئەوان هیوادار بوون ریفراندۆمەکە ببێتە سەرەتای گفتوگۆیەک لەگەڵ بەغدا لە پێناوی جیابوونەوەی کۆتایی.

هەرچەندە هێشتا ماویەتی ببینین، کە کەی و چۆن خەونی کورد بۆ سەربەخۆیی بەرەوپێش دەچێ، بەرپرسانی ئەمریکاش پابەندییان بە سیاسەتە تەمەندرێژەکەیان دووپات دەکەنەوە، کە “پشتیوانی دەکەن لە عێراقێکی فیدراڵی، گەشەسەندوو، یەکپارچە و دیموکراتی”. بارزانی هەروەها گوتی، هێشتا ئەوان پابەندن بە مافەکەیانەوە و هیوادارن ئەمریکاش لە پشتیان بێ.

نێچیرڤان بارزانی باس لە دۆخی عیراق دەکات “دەبێ زۆر واقیعبینانە لە عێراق بڕوانین. ئەوانەی باس لە عێراقێکی ناوەندیی و بەهێز دەکەن، ئێمە بینیومانە، کە ئەوە بە کەڵکی عێراق نایەت. گرنگترین خاڵ بۆ عێراق، کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش خوازیاری ئەوەن، ئارامییە، ئەوەش بەوە دێتەدی، کە شێوازێک بۆ عێراق ببینینەوە تێیدا هەموو پێکهاتەکان لەسەری رازی بن و توانای مانەوە و بەردەوامی هەبێ”.

بارزانی هەروەها گوتی “هەڵوێستمان لەپاش ریفراندۆم ئەوەیە، کێشەکانمان لەگەڵ بەغدا لە رێگای دەستوورەوە چارەسەربکەین؛ بەڵام مافی چارەنووسمان هەر وەکو خۆی دەمێنێتەوە. ئێستا سەردەمێکی نوییە و هیوادارین گەلی ئەمریکا پشتیوانی دۆزەکەمان بکەن”.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com