نوچەنێت: تایبەت
فەرماندەیەکی پێشمەرگە رایدەگەیەنێت، بەبێ هێزی پێشمەرگە، مەحاڵە هیچ هێزێك بتوانێت دۆخی کەرکوك ئاسایی بکاتەوە.
بەهۆی ئەو لەشکر کێشییەی، کە هێزە عێراقی و میلیشیاکانی حەشدی شەعبی لە ١٦ ئۆکتۆبەر، بۆ سەر کەرکوک و ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان ئەنجامیاندا، کە بەهۆ یەوە خەڵکێکی زۆر شەهید و بریندارو ئاوارەبوون، تائێستاش دۆخی ئەمنی ئەو پارێزگایە ئاسایی نەکراوەتەوە.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، دکتۆر کەمال کەرکوکی، لەبارەی ئاسایی بوونەوەی دۆخی کەرکوك رایگەیاند “تاکو دڵی خەڵکەکەی و دانیشتوانە سەربەرزەکەی، کە توشی ئەنفال، بەعەرەب کردن، دەربەدەری و نەهامەتی بوون ئاسودە نەکرێت، بەوەی کە مافەکانیان پارێزراوبێت، هەروەها خۆیان بڕیاری خۆیان بدەن و کەس لەجێی ئەوان بڕیارنەدات، کەرکوك ئاسایی نابێتەوە”.
کەمال کەرکوکی هەروەها دەڵێت، لەو رۆژەوەی کەرکوك کەوتە دەست پێشمەرگە، ئاسایشی و پۆلیسی کوردستان، ئەوان بە ئەمانەتەوە پاراستیان. هەروەها ئازایانە لە دەستی هێرشی تیرۆرستی داعش، کە بەشكی زۆری ناوچەکانی عێراقی گرت، پاراستیان و نەیانهێشت بکەوێتە دەست تیرۆرستان.
کەرکوکی گوتی “جێی داخە، کە گروپی خیانەتکاری ١٦- ئۆکتۆبەر بوونە هۆی ئەوەی کەرکوك ئەمەی بەسەر بێت و بکەوێت ئەو بارودۆخە نەخوازراوەوە”.
لەبارەی ئاسایی کردنەوەی دۆخی کەرکوک کەمال کەکوکی دەڵێت “ئێستا کەرکوك داگیرکراوە، تاکو ئازاد نەکرێت و خەڵکەکەی هەناسەیەکی ئازادی هەڵنەمژێت، پێشمەرگە و ئاڵای کوردستان تیایدا سەربەرزو شەکاوە نەبێت، مەحاڵە هیچ هێزێك بتوانێت دۆخی کەرکوك ئاسایی بکاتەوە”.