نوچەنێت -رووداو
بەرپرسی پەیوەندییەكانی یەكگرتووی ئیسلامی رایدەگەیەنێت، متمانە لە نێوان هەولێر و ئەنقەرە نەمابوو، بەڵام ئێستا ئەو بەستەڵەكە تواوەتەوە. ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێنیتەوە، کە ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لە ئەنقەرە لەگەڵ بەرپرسانی باڵای توركیا كۆبووەتەوە.
رۆژی 24/11/2017 سەلاحەددین بەهائەددین، ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی بە یاوەری د.عومەر محەممەد، ئەندامی مەكتەبی جێبەجێكردنی ئەو حزبە، دوور لە چاوی میدیاكان لە رێگەی دەروازەی ئیبراهیم خەلیلەوە پەڕینەوە باكووری كوردستان، لەوێش لە رێگای فڕۆكەخانەی شرناخەوە گەیشتنە ئەنقەرەی پایتەختی توركیا، ئەو پایتەختەی، كە ماوەی دوو مانگە بە هۆی گشتپرسییەكەی 25ی ئەیلولەوە هەموو دەرگایەكی سیاسی بە رووی باشووری كوردستاندا داخستووە.
سەردانەكە تەواو نهێنی بووە، بە جۆرێك پاسەوان و تیمی پرۆتۆكۆلی توركی زۆر بە وریاییەوە پێشوازیان لە شاندەكەی یەكگرتوو كردبوو، پێیانگوتبوون “ئێوە یەكەم شاندی كوردین لە دوای گشتپرسی”.
نەسرەدین سندی، بەرپرسی پەیوەندییەكانی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان بە (رووداو)ی راگەیاند “سەردانەكەی ئەمنیداری گشتی هەنگاوێكی سەرەتایی باش و گرنگ بوو، ئەو بەستەڵەكەی، كە بەهۆی ریفراندۆمەوە دروستبووە، توانی بیتوێنێتەوە. چوونی شاندی باڵای حكومەتی هەرێمی كوردستانیش لە رێگای توركیاوە بۆ فەرەنسا هەر دوای ئەم سەردانە هات”.
سەركردەیەكی یەكگرتوو، كە ئاگاداری هەوڵەكانی ئەمیندارەكەیانە بۆ ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی هەولێر و ئەنقەرە، بە (رووداو)ی راگەیاند “مامۆستا سەلاحەددین لە ماوەی رابردوودا دوو نامەی بۆ ئەردۆغان ناردووە سەبارەت بە نەگرتنەبەری رێوشوێن دژی هەرێمی كوردستان و دەستنەبردن بۆ بژارەی سەربازی لە دەروازەی ئیبراهیم خەلیل”.
ئەو سەركردەیەی یەكگرتوو، كە نەیویست ناوی بڵاوبكرێتەوە، هەروەها دەڵێت “جگە لەوە راشد غەنووشی، سەرۆكی پارتی نەهزەی تونسی، كە دۆستی دێرینی هەر یەك لە سەلاحەدین بەهائەدین و ئەردۆغانە، هەوڵی رەخساندنی كۆبوونەوەی لە نێوان باشووری كوردستان و توركیا داوە. هەروەها پەیوەندییە كەسییەكانی خۆی لەگەڵ ئەردۆغان بەكارهێناوە بۆ ئەوەی لەو پلانە هەرێمییەی دژی باشووری كوردستان داڕێژراوە، دەستی سووك بكات”.
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆككۆماری توركیا، بە بەڕێوەچوونی گشتپرسی باشووری كوردستان زۆر تووڕە بوو. ئەردۆغان گشتپرسییەكەی بە “خیانەت و خەنجەرلێدان لە پشتەوە” ناو برد، بۆیە لە ماوەی رابردوودا هەموو هەوڵ و دەستپێشخەرییەكی بۆ بینینی بەرپرسانی باڵای حزبی و حكومی باشووری كوردستان رەتكردووەتەوە.
سەلاحەدین بەهائەدین شانازی بە هەڵوێستی حزبەكەی سەبارەت بە پشتیوانی و بە ئەنجامگەیاندنی گشتپرسی كرد و رەتیكردەوە پەشیمان بن لە هەڵوێستەكانیان و گوتی “ریفراندۆم تەعبیر بوو، تاوان نییە حەقی عقوبە و ئینتیقام نییە، چۆن ئامادەبووین بۆ ریفراندۆم و جێگای شانازییە، ئامادەشین بۆ چارەسەركردنی شوێنەوارەكانی و باجەكانی، یەكگرتوو خۆی لە بەرپرسیارێتی نادزێتەوە”.
سەرچاوەیەكی باڵا لە یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان بە (رووداو)ی راگەیاند “رۆژی 24/11/2017 ئەمینداری گشتی یەكگرتوو لەگەڵ هاكان فیدان راوێژكاری دەزگای هەواڵگریی توركیا كۆبووەتەوە، بەڵام لەنێو كۆبوونەوەكە داوای لێبوردنی كردووە و بەخێرایی چووە بۆ كۆشكی كۆماری، چونكە سەرۆكی ئەمریكا پەیوەندی تەلەفۆنی لەگەڵ سەرۆكی توركیا هەبوو، بەڵام رۆژێكی دیكە بۆ دووەم جار لەگەڵ ئەمینداری یەكگرتوو بە درێژی كۆبووەوە. هەروەها لەگەڵ مەهدی ئاكار، یاریدەدەری سەرۆكی ئاكپارتی بۆ كاروباری دەرەوەش كۆبووەوە”.
ئەو سەرچاوەیەی یەكگرتوو سەبارەت بە كۆنەبوونەوەی سەلاحەدین بەهائەدین و ئەردۆغان گوتی: “ئەردۆغان لەم قۆناغەدا نایەوێ هیچ سەركردەیەكی باشووری كوردستان ببینێ، بەڵام بینینی بەرپرسانی باڵای حكومەت و ئاكپارتی بە ئاگاداری و رێپێدانی خودی سەرۆككۆمار بووە، چونكە ئەردۆغان هاوكات سەرۆكی حیزبیشە. ئەوەی بەلای یەكگرتووەوە گرنگ بوو گەیاندنی پەیام و سیاسەتی هەرێمی كوردستان بوو بە توركیا كە لاوازبوون و نەمانی قەوارەی سیاسی و ئیداریی هەرێمی كوردستان بە پلەی یەكەم بە زیانی توركیایە”.