نوچەنێت
بەڕێوەبەرایەتی گشتی کاروباری ئێزیدییەکان رایدەگەیەنێت، تا ئێستا ئەو پێکهاتە ئاینییە هەزار و 293 شەهیدیان داوە. دەشڵێت “تا ئێستا 47 گۆڕی بەکۆمەڵ دۆزراونەتەوەو 68 مەزاری ئێزیدییەکانیش بەدەستی چەکدارانی داعش تەقێندراونەتەوە”.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی کاروباری ئێزیدییەکانی سەر بەوەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی، ئاماری قوربانیانی دەستی شەڕی داعشی لە ڕێكهوتی 2014/8/3 تاوەکو ئێستا بڵاوکردەوە، کە تێیدا ئاماژە بە ژمارەی سەرجەم ئێزیدییەکان لە عێراق و ژمارەی شەهیدکردن و بێ سەروشوێن کردن و بەدیل گرتن و رزگاربووانی دەستی تیرۆرستانی داعش و ژمارەی ئەو کەسانەی عێراقیان بە یەکجاری جێهێشتوە، هەروەها تەقاندنەوەی مەزار و گۆرە بەکۆمەڵەکان و گۆڕە تاکە کەسیەکان لەماوەی ڕابردوو لە شەڕی تیرۆرستانی داعش تاکو ئێستا خستۆتە ڕوو.
بەپێی ئامارەکان، ژمارەی ئێزیدییەکانی عێراق 550 هەزار هاوڵاتی بووە، کە لەدوای رووداوەکانی ئابی 2014ەوە 360 هەزاریان ئاوارەبوون.
هاوکات هەزار و 239 هاوڵاتی ئێزیدیی شەهیدبوون و ژمارەی ئەو کەسانەی بێ باوکبوون هەزار و 759 کەس و 407 کەسیش بێ دایک بوون و 359 کەسی دیکەش دایک و باوکیان پێکەوە لەدەستداوە.
لە راگەیەندراوەکە ئاماژە بۆ ئەوەش کراوە، کە ئەو منداڵانەی لە گەڵ دایک و باوکیان لەدەستی داعشن، 220 منداڵن و کۆی گشتی بێ دایک و باوکان دوو هەزار و 754 کەسن.
لەبەشێکی دیکەی ئامارەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، کە تا ئێستا 47 گۆڕی بەکۆمەڵ دۆزراونەتەوەو 68 مەزاری ئێزیدییەکانیش بەدەستی چەکدارانی داعش تەقێندراونەتەوە. ئەوەش رونکراوەتەوە، “لەدوای ئەو رووداوانە، زیاتر لە 100 هەزار هاوڵاتی ئێزیدیی وڵاتیان جێهێشتووە، کە شەش هەزار و 417 هاوڵاتیان ونبوون”.
لەبارەی رزگاربوونی دەستی داعش، ئاماژە بەوەدراوە، کە تا ئێستا سێ هەزار و 207 هاوڵاتی ئێزدیی رزگارکراون، کە هەزار و 113یان ژنن و 335 پیاویان تێدایە. هەروەها 904 منداڵی کچ و 831 منداڵی کوڕن. هەروەها سێ هەزار و 210 هاوڵاتی ئێزیدیی لەدەستی داعش ماون، کە هەزار و 507یان ژنن و هەزار و 703 هاوڵاتی دیکەشیان پیاون.