نوچە-هەولێر
رۆژنامەی (تایمز ئۆف ئیسرائیل) رۆژی یەکشەممە ٣ی ئەم مانگە ئاشکرای کرد، کە چەند ئەندامێکی کنێسیت (هاوتای پەرلەمان)ی ئیسرائیل، سەرگەرمی ئامادەکردنی پرۆژەیەکن بۆ ئەوەی یاساکانی قەدەغەی گەشت لە ئیسرائیلەوە بۆ عێراق و سوریا، ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی کورد نەگرێتەوە، بە تایبەت هەرێمی کوردستان، بەو جۆرە خەڵکی ئیسرائیل بتوانن بۆ کاری بازرگانی و مەبەستی گەشتیاری رووبکەنە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی هەرێمی کوردستان.
ئیسرائیل، سوریا و عێراقی وەک وڵاتانی دوژمنی خۆی ناساندووە و، رێگە بە هاووڵاتییانی نادات سەردانیان بکەن.
رۆژنامەکە دەڵێت، کسینیا سڤیتلۆڤا، ئەندامی کنێسیت، لە کۆنگرەیەکدا ئاشکراکرد کە لەو دامەزراوە فەرمییەی ئیسرائیل، سەبارەت بە ئاسۆی پەیوەندییەکانی کورد و ئیسرائیل.
رۆژنامەکە لە زاری سڤیتلۆڤاوەگواستوویەتییەوە “مەبەست لە پرۆژەیاساکە ئەوەیە، کە رۆیشتنی خەڵکی ئیسرائیل بۆ ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی کورد ئاسان بکات، بە مەبەستی سەردانەکان ئەکادیمی، یان بازرگانی و گەشتیاری و سەردانی گۆڕی ئازیزانیان”.
سڤیتلۆڤا هەروەها دەڵێت، رەنگە پرۆژەکە لەداهاتوو جیاوازییەکی ئەوتۆ لەنیوان ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئەوانەی باکوری سوریا و تەنانەت هیزە کوردییەکانی ئێرانیش، نەکات.
ئەندامەکەی کنێسیت گوتویەتی، ئێستا لە پڕۆژەکەدا تەنیا ئاماژە بە کوردستانی عێراق کراوە وەک ناوچەی ئارام بۆ گەشتی ئیسرائیلییەکان، بەڵام لە داهاتوو رەنگە بەشەکانی تری کوردستانیشی تێدا جێگەبکرێتەوە.