نوچەنێت
دەستەی دەستپاكی عێراق روونكردنەوەیەكی بڵاوكردەوە تیایدا رایگەیاند، هیچ دۆسیەیەكی جێگرانی سەرۆك كۆماری عێراق رەوانەی دادگا نەكراوە.
پیشتر رۆژنامەی سەباح-ی فەرمی بڵاویكردبووەوە، حەسەن یاسری سەرۆكی دەستەی دەستپاكی عێراق لە لێدوانێكدا رایگەیاندووە “هەرسێ جێگرانی سەرۆك كۆماری عێراق بەتۆمەتی كۆكردنەوەی سامان لەرێگەی نا شەرعییەوە دەدرێنە دادگا”.
ئاماژەی بەوەشكردبوو، هەروەها چەندین وەزیری دیكە بەهەمان تۆمەت دەدرێنە دادگا، “ئەوەش نیشانەی ئەوەیە، كە هێڵە سوورەكان هەڵگیراون بۆ لێپرسینەوە لە گەندەڵكاران”.
ئەمڕۆ دەستەی دەستپاكی عێراق رایگەیاند، بەتۆمەتی كۆكردنەوەی سامان “بەرێگای ناشەرعی” هەریەكە لە ئەیاد عەلاوی و نوری مالیكی و ئوسامە نوجەیفی، جێگرانی سەرۆكی كۆماری عێراق دەداتە دادگا.
لەروونكردنەوەیەكدا دەستەی دەستپاكی عێراق دەڵێت، “ئەو بابەتە بەشێوەیەكی هەڵە گواستراوەتەوە لەرێگای رۆژنامەی سەباحەوە، كە سەرۆكی دەستە باسی لە بڕیارەكانی پێشووی كردووە، كە بۆ راپۆرتەكانی ساڵانی 2016 و 2017 دەگەڕێتەوە”.
لە راگەیەندراوەکە ئەوەش خراوەتەڕوو، “لەو دۆسیانەدا، كە خراونەتەڕوو، باسی جێگرانی سەرۆكوەزیرانی پێشوو بوو، كە ئەوكات درابوونە دادگا، ئەوەی ئەمڕۆ بڵاوكراوەتەوە رەتدەكەینەوە”.