وەزارەتی ناوخۆ فەرمانی دەستبەکاربوون بۆ هەڤاڵ ئەبوبەکر دەردەکات

0

نوچەنێت

وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان فەرمانی دەستبەکاربوونی بۆ هەڤاڵ ئەبوبەکر، وەک پارێزگاری سلێمانی  دەرکرد، رۆژی دووشەممەش 4-12-2017 وەکو پارێزگار دەوامدەکات.

هەڤاڵ ئەبوبەکر، سەرۆکی لیستی گۆڕان لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکاندا لە 21-9-2013 دا نزیکەی 250 هەزار دەنگ، 70% ی دەنگەکانی بزووتنەوەی گۆڕانی لە سلێمانی بەدەستهێنان، بەڵام بەهۆی بەربەستە سیاسى و یاساییەکان تاوەکو ئێستا لە چاوەڕوانیدابوو بۆئەوەی پۆستەکە وەربگرێت.

دوای دوو ساڵەکەی یەکێتی، لە پشكی بزووتنەوەی گۆڕان سەردار قادر بە ناونیشانی (لەبری پارێزگاری سلێمانی) پۆستەکەی بەڕێوەدەبرد، بەڵام رۆژی 3-5-2017 لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەڤانیدا دەستی لەكار كێشایەوە. دواتر وەزیری ناوخۆ بەفەرمی عومەر قەڵادزەیی، جێگری پارێزگاری لە پشكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بۆ راییكردنی كارەكان دیاریكرد.

هەڤاڵ ئەبوبەكر، كاندیدی بزووتنەوەی گۆڕان بۆ پارێزگاری سلێمانی، رۆژی یەكشەممە 3-12-2017 بۆ راییکردنی مامەڵەکان و دەستبەکاربوونی وەکو پارێزگاری سلێمانی سەردانی وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کرد. پێش سەردانەکەش بە رووداوی راگەیاند: “هەندێ‌ وردەكاری ماون پێویستە خۆم ئامادەبم و بەپێویستی دەزانم خۆم بەدواداچوون بۆ مامەڵەکان بکەم”.

دوای سەردانەکەش بە رووداوی راگەیاند، کە فەرمانی دەستبەکاربوونی لەلایەن وەزارەتی ناوخۆوە بۆ دەرکراوە و رۆژی دووشەممە، وەکو پارێزگاری سلێمانی دەستبەکاردەبێت و پۆستەکەی رادەستدەکرێت.

هەفتەی رابردوو لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا نێچرڤان بارزانی، سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان رایگەیاند: واژۆی لەسەر مەرسوومی هەڤاڵ ئەبوبەکر کردووە بۆئەوەی ببێتە پارێزگاری سلێمانی. گوتیشی: “تەمەناى سەرکەوتن بۆ پارێزگارى نوێ دەکەم و هیوادارم بتوانێت بە باشترین شێوە خزمەت بەشارى خۆشەویستى سلێمانى بکات”.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com