سەلاحەدین بەهائەدین: جێبەجێ نەکردنی ماددەی ١٤٠ کوردی بێئۆمێد کرد

0

نوچەنێت-ئاژانسی ئەنادۆڵ

ئەمینداری گشتی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان رایدەگەیەنێت، هەرچەندە هەڵوێستی تورکیا دژی گشتپرسی بوو، بەڵام ئەوە گرنگ بوو کە نیگەرانی خۆی بەرامبەر کوردستان نەکردە کردار بۆ ئەوەی خەڵک باجەکەی نەدەن. دەشڵێت “جێبەجێنەکردنی دەستوور و ماددەیەی ١٤٠ی دەستوور، زیانی زۆری دا و میسداقیەتی دەستووری عەیبدار کرد. لە لایەکی دیکەش کوردی بێئومێد کرد”.

هەفتەی رابردوو سەلاحەدین بەهائەدین، ئەمینداری گشتی یەکگرتووی ئیسلامی سەردانی تورکیای کرد. لە هەڤیەڤینێکدا لەگەڵ ئاژانسی ئەنادۆڵی تورکی باسی سەردانەکەی دەکات و دەڵێت، دوای گشتپرسی نیگەرانی و گرژییەک دروستبووە، کە پێویستی بە هێورکردنەوەیە. “ئێمەش وەک ھێزێکی سیاسی و بەشدار لە پرۆسە سیاسییەکاندا بە پێویستمانزانی کە رۆڵی خۆمان ببینین لە ھێورکردنەوەکەیدا، بۆ ئەو مەبەستەش پەیوەندیمان کرد بە لایەنی پەیوەندیدار لە حکومەت و حیزب لە تورکیا و پێیانخۆشبوو سەردانیان بکەین”.

لەبارەی نیگەرانی تورکیا، سەلاحەدین بەهائەدین دەڵێت “نیگەرانی زۆریشیان ھەبووە و چاوەڕوانی ئەوە نەبوون، کە لە ھەرێمی کوردستان شتێک بکرێت بەو قەبارە و گەورەییە بە بێ راوێژ لەگەڵ ئەوان، زیاتر نیگەرانی ئەوە بوون، کە راوێژیان لەگەڵ نەکراوە و ئاگایان لەوە نەبووە و لە راگەیاندنەکانەوە بیستوویانە، ئێمەش گوتمان ئەوە تاڕرادەیەک واقیعیەتێکە و حەقیقەتێکە، بەڵام خودی بابەتەکە خۆی قەبارەی چەندێکە، بەڵام زۆر لەوە زیاتر گەورە کراوە، ئەوە بابەتێکی ناوخۆییە و رەنگە بزانن ھاوکاریش دەبوون، بەڵام دیارە ئەوانەی ئیشەکەیان بەدەست بووە وایان زانیوە بەو دەرەجەیە پێویست ناکات”.

ئەمینداری یەکگرتووی ئیسلامی، گەشبینە بە دەرئەنجامی ھەوڵەکانی بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ھەردوولا و دەڵێت “تاڕادەیەکی باش گەشبینم، چونکە بێگومان لێکتێگەیشتن و روونکردنەوەی دەوێت، رەنگە پێویستیش بکات بەشێوازی ئەو جۆرە گرفتانەی، کە دروستبووە لە دووری لە یەکدی، بە نزیکی لە یەکتر چارەسەر ببێت، لەبەرئەوە گەشبینم لە داھاتوو بە رێکخستنەوەی پەیوەندییەکان و زیاتر لەسەر کێشە و ئاریشەکان بووەستین، ھەندێک بابەت ھەیە، کە رەنگە لە توانای ھەرێمی کوردستان نەبێت کە چارەسەر بکرێت یان توانای ئەوەی نەبێت، ھەندێک بابەت لە دەرەوەی تواناکانە، ئێمە ھەستمان وایە و لە دیدارەکانیش وامان بینی کە گومانی باش و چاوەڕوانی ئایندەیەکی باش دەکەین”.

سەلاحەدین بەهائەدین باس لە هەنگاوەکانی تورکیا دوای گشتپرسی دەکات و دەڵێت “رەنگە قسەمان ھەبێت لەسەر لێدوانەکان کە تاڕادەیەک زۆرتر بوون لە حەدی خۆیان، دەشزانین و تەقدیری ئەوەش دەکەین دۆخی ناوخۆی وڵات چی بخوازێت دەبێت ئەوە بزانین، بەڵام ئەوەشمان بیربێت، کە تورکیا ئەوەی بۆ تۆمار دەکرێت لە فەزڵ و پیاوەتی، کە رێوشوێنی کرداری تائێستا لەسەر ھەرێمی کوردستان نەگرتووەتەبەر، راگرتنی گەشتە ئاسمانییەکانیش لە لایەن دەسەڵاتی فڕۆکەوانی عێراقییەوە بووە، تورکیا دەروازەکانی دانەخستووە و رێوشوێنێکی دیکەی نەگرتووەتەبەر، کە ئەوەش جێگای نرخاندنە، ھەستمانکرد کە لە ھەستی مرۆیی و دۆستایەتیەوە ئەوەیان کردووە، کە گوشار لەسەر میللەتی کوردستان دروستنەکرێت، ئەگەر گلەییان لە ئەدائی حکومەت یان سیاسییەکان ھەیە، باجەکەی میللەت نەیدات”.

ئەمینداری گشتی یەکگرتوو، باسی هاوکاری تورکیا کردووە وەک یەکەم وڵات بۆ زیانلێکەوتووانی بوومەلەرزەکەی هەرێمی کوردستان و دەڵێت “ئەوە ئاماژەیە بۆ ئەوەی میللەت و دەوڵەتی تورکیا دەیانەوێت دۆستایەتییەکە لەگەڵ ھەرێمی کوردستان بەردەوام بێت. بێگومان ئێمەش بەرژەوەندیمان لەوەدا نییە ئەو بەرژەوەندی و دۆستایەتییە تێکبدرێت”.

سەبارەت بە بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی لەبارەی هەڵوەشاندنەوەی گشتپرسی، سەلاحەدین بەهائەدین ئاماژ بەوەدەکات “بڕیاری سەرکردایەتی سیاسی و حکومەتی ھەرێم و ھەموو لەسەر ئەوەیە، کە کار بە ریفراندۆم نەکرێت، بەڵام ئەوەی کە باسی دەکەن بە ھەڵوەشاندنەوەی ناکرێت و رووداوێکە کە روویداوە و تێپەڕی کردووە، تۆ ئەوەندەت پێدەکرێت کە کاری پێنەکەی، بەڵام بڵێی نەبێت، ئەوە بووە. گشتپرسی کراوە و میللەت لەسەر شتێکی دیاریکراو وەڵامی داوەتەوە”.

سەلاحەدین بەھائەددین لە ساڵی 2003 یەکێک بوو لە ئەندامانی ئەنجومەنی حوکم،، کە ژمارەیان 25 کەس بوو بۆ بەڕێوەبردنی عێراق و رۆڵیان ھەبوو لە نووسینەوەی دەستووری نوێدا، ئێستاش دەستوور بە ھۆکاری چارەسەرکردنی کێشەکانی هەولێر و بەغدا دەزانێت. 

ئەمینداری گشتیی یەکگرتوو دەشڵێت “ماددەی 140 یەکێک بوو لەو ماددانەی دەبوو لە ساڵی 2007 تەواوبوایە، بەڵام ئێستا 2017یە و تەواو نەبووە. جێبەجێنەکردنی دەستوور و ئەو ماددەیەی دەستوور زیانی زۆری دا و میسداقیەتی دەستووری عەیبدار کرد. لە لایەکی دیکەش کوردی بێئومێد کرد، ئەوە خاڵێکی سەرەکییە لە کێشەکە، جگە لەوەی چەندین ماددە ھەیە، کە دەبوو یاسای بۆ دەربکرایە لەوانەش گاز و نەوت، بەڵام ھێشتا ئەوەش نەکراوە”.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com