نەوشیروان مستەفا گەشتە ئێران، سەردانەکە هەڵوەشاندنەوەی شیعاراتەکانی رابردووی بزوتنەوەی گۆڕانە

0

نەوشیروان مستەفا گەشتە ئێران، سەردانەکە هەڵوەشاندنەوەی شیعاراتەکانی رابردووی بزوتنەوەی گۆڕانە

نوچەنێت

نەوشیروان مستەفا رێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان، بەسەردانێکی فەرمی گەشتە ئێران و لەلایەن بەرپرسانی ئەو وڵاتەوە پێشوازی لێکرا، چاودێرێکی سیاسیش بۆ نوچەنێت، ئەو سەردانەی مستەفا بە هەڵوەشاندنەوەی هەموو شیعاراتەکانی رابردووی بزوتنەوەی گۆڕان ناودەبات.

لەبارەی سەردانەکەی نەوشیروان مستەفا رێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕانەوە بۆ ئێران، ژوری رۆژنامەوانی بزوتنەوەی گۆڕان  رایگەیاند”لە میانی سەردانە فەرمیەکەیدا بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران، سەعات ١١:٣٠ ی پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ (یه‌كشه‌ممه‌) نەوشیروان مستەفا رێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان بەیاوەری شوان قلیاسانی ئەندامی ژوری پەیوەندیەکانی دەرەوەی بزوتنەوەی گۆڕان، سەردانی تەلاری وەزارەتی دەره‌وەی ئێرانی کرد و لەلایەن عەلی ئەکبەر ساڵحی وەزیری دەرەوی ئێران و چەند گەورە بەرپرسێکی وەزارەت و کونسوڵگەریی ئێران لە هەرێمی کوردستان پێشوازی لێکرا”.
ئاماژە بەوەش دەکات”لە دانیشتنێکدا کە زیاتر لە سەعاتێکی خایاند وەزیری دەرەوی ئێران بە بایەخەوە باسی لە پەیوەندیی دۆستانەی نێوان کۆماری ئیسلامی و گەلی کوردستانی عێراقی کردو هیوای خواست ئەو پەیوەندییە بەرەوپێشچونی زیاتر بەخۆوە ببینێ”
ژوری رۆژنامەوانی بزوتنەوەی گۆڕان راشیدەگەیەنێت”لە تەوەرێکی تری کۆبونەوەکەدا باس لە پەرەسەندنەکانی ئێستای عێراق کرا لە پەیوەندیدا بە هەلومه‌رجی ناوچەکەوە. رێکخەری گستی بزوتنەوەی گۆران پوختەی دیدوبۆچونی بزوتنەوەی گۆرانی بۆ لایەنی بەرامبەر رونکردەوە سەبارەت بە چارەسەری قەیران و کێشەکانی ئێستای عێراق بەجۆرێک لە بەرژەوندی گەلی کوردستان و گەلانی عێراق بێت بەگشتی، لە بەرامبەردا وەزیری دەرەوەی ئێران هیوای خواست بزوتنەوەی گۆڕان وەک هێزێکی سیاسی خاوەن قورسایی لەسەر ئاستی کوردستان و عێراق رۆڵی خۆی بگێڕێ بەئاراستەی لێکنزیککردنەوەی لایەنە ناکۆکەکانی قەیرانی سیاسی ئێستای عێراق”.

چاودێرێکی سیاسیش بۆ نوچەنێت لەمەڕ ئەو سەردانەی نەوشیروان مستەفاوە دەڵێت” ئەم سەردانە یەکەم کۆبونەوەی بزوتنەوەی گۆڕان نییە لەدەرەوەی کوردستان، پێشتریش بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەو بزوتنەوەیە چەند جارێک لەگەڵ بەرپرسانی تورکیا دانیشتووە، تا ئێرە ئاساییە، بەڵام ئەوەی نائاسایی دەردەکەوێت، هەڵوەشاندنەوەی سڕی شیعارەکانی رابردووی ئەو بزوتنەوەیەیە لەرێگای خودی خۆیەوە، بۆ نمونە پێشتر رێکخەری بزوتنەوەی گۆڕان خودی خۆی و ئەندامانی بزوتنەوەکەشی، چەندین جار تەئکیدیان کردۆتەوە کە دەبێت پەیوەندی کوردستان بەحکومەتەکانی دەرەوە لەڕێگای دەزگا نیشتیمانیەکانەوە بێت، بەڵام ئەوەتا خۆشیان لەڕێگای حزبییەوە دەیکەن”.

دەشپرسێت” ئایا ئەم سەردانەی کاک نەوشیروان لەڕێگای دەزگای نیشتیمانیەوەیە؟ بێگومان نەخێر، رەنگە بڵێن ئاخر دەزگای نیشتیمان نییە، بەڵام ئایا نەدەبوو ئەم بزوتنەوەیە بەو ئاراستە پەیوەندییەکانی درست بکردایە؟، بێگومان دەکرا، بۆیە تەئکید لەوە دەکەمەوە سەردانەکەی کاک نەوشیروان بۆ ئێران و دانشتنی لەگەڵ دەزگا رەسمییەکانی ئێران، سفرکردنەوەو هەڵوەشاندنەوەی شیعاراتەکانی رابردوویانە”.

Share.

About Author

وەڵام بنێرە

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com