نوچەنێت: روداو
خراپی دۆخی زیندانیانی سیاسی لە عێراق بابەتی سەرەکی ئەو راپۆرتانەیە کە رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ لەبارەی عێراق بڵاویان دەکەنەوە، چونکە بەپێی راپۆرتی ئەو رێکخراوانە رەوشی زیندانیان لە عێراق لەبارێکی خراپدایە و هەندێک لە میلیشیا چەکدارەکانیش زیندانی تایبەت بە خۆیان هەیە.
بەپێی راپۆرتێکی سەنتەری بەغدا بۆ مافەکانی مرۆڤ، 60 هەزار بەندکراو لە زیندانەکانی وەزارەتی ناوخۆ و بەرگری و هەواڵگری عێراق هەن، 90%یان هێشتا دۆسییەکانیان نەخراوەتە بەردەم دادگا و هەندێک لەوانەش چەند ساڵێکە بێ هیچ تۆمەتێک لە بەندیخانەدان. هەروەها زیندانی هەیە ماوەی سزاکەی تەواوکردووە و ماوەیەکی زۆرە ئازاد نەکراوە.
ئەشواق جاف، ئەندامی لیژنەی مافی مرۆڤی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، زیندانیان لە بەندیخانەکانی عێراقدا لە دۆخێکی خراپ دان، زۆربەی بەندیخانەکانیش کۆن و قەبارەیان بچووکە، بەندیخانە هەیە شوێنی 600 کەسە، بەڵام هەزار و 200 زیندانی تێیدایە. ژمارەی زیندانییەکان بەردەوام لە گۆڕانکاریی دایە، چونکە بەردەوام زیندانی ئازاد دەکرێن و کەسانی دیکە دەستگیر دەکرێن.
ئەندامەکەی لیژنەی مافی مرۆڤ ئاماژە بەوەش دەکات، لە بەندیخانەکانی عێراقدا بنەماکانی مافەکانی مرۆڤ پێشل دەکرێت، ئازار و ئەشکەنجەدان و گیان لەدەستدانی زیندانیان هەیە و لەوبارەوە چەندین کەیسیان لەبەر دەستە، هەروەها زیندانی هەیە 5 ساڵ بێ هیچ دادگاییکردنێک دەستبەسەرکراوە، دواتر دەرکەوتووە ئەو بێتاوانە.
لە ماوەی فەرمانڕەوایەتی نووری مالیکی دا نزیکەی 250 هەزار بەندکراو هەبوو، بەڵام ئێستا دۆخەکە گۆڕانکاری بەسەرداهاتووە و لەسەردەمی حەیدەر عەبادی ژمارەی زیندانییەکان بۆ نزیکەی 60 هەزار کەمیکردووە، ئەوەی تێبینی دەکرێت زۆربەی بەندییەکان عەرەبی سوننەن و بە تۆمەتی تیرۆر خراونەتە زیندانەوە.
بەپێی زانیارییەکان، لەماوەی شەش مانگدا لە بەندیخانەی تاجی نزیکەی 60 زیندانی گیانیان لەدەستداوە. هاوکات میلیشیا شیعەکان زیندانی تایبەتی خۆیان هەیە، بەگوتەی بەدر فەحەل، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، تەنیا لە چوار بەندیخانەی میلیشیاکانی حەشدی شەعبی دا زیاتر لە 7 هەزار کەسی دانیشتووی پارێزگاری سەلاحەددین و پارێزگاکانی دیکە دەستگیرکراون. هەروەها پێشتریش بەرپرسانی عێراقی دانیان بەوە دانابوو، کە 3هەزار کەسی رفێندراو لە بابل لە بەندیخانەکانی حەشدی شەعبیدان.
ژمارە و خراپی دۆخی زیندانیان وایکردووە، بەردەوام رێکخراوە نێودەوڵەتی و نێوخۆییەکانی تایبەت مافەکانی مرۆڤ رەخنەی تووند لە عێراق بگرن. بۆ خێرا یەکلاکردنەوەی دۆسیەی بەندییەکانیش، وەزارەتی دادی عێراقی ئێستا کار بە سیستەمی ئەلیکترۆنی دەکات، مانگانەش ئاماری ئازادکراوان بڵاودەکاتەوە.