نوچەنێت-هەولێر
جەمیلە عوبێدی، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لەسەر لیستی وەتەنییە بە سەرۆکایەتی ئەیاد عەللاوی، دەڵێ لیستەکەی ئەوان لەگەڵ ئەوەیە بەگوێرەی ژمارەی دانیشتوانی هەرێمی کوردستان، مافی تەواوی کوردستان لە پرۆژەیاسای بودجە دیاریبکرێ.
عوبێدی لە لێداونێکدا بە ماڵپەڕی (غەدپرێس)ی راگەیاندووە “ئێمە وەکوو هاوپەیمانێتی وەتەنییە، دەنگ بە بەشەبودجەی کوردستان لەسەر بنەمای دانیشتووانی کوردستان دەدەین، ئێمە لەگەڵ ئەوەین، هەموو مافە داراییەکانی خۆیان بەگوێرەی دەستوور پێبدرێ”.
ساڵانی پێشوو لایەنی کوردی و عێراقی لەسەر ئەوە رێککەوتبوون، تاکوو سەرژمێرییەکی تەواوی دانیشتووان دەکرێ، بڕی ١٧%ی بودجەی عێراق بە کوردستان بدرێ، بەڵام ئەمساڵ عێراق بەبێ وەرگرتنی بۆچوونی کورد و بێ ئەنجامدانی سەرژمێریی دانیشتووان، بەشە بودجەی کوردستانی بۆ ١٢.٦% کەمکردەوە و ئەوەش ناڕەزاییەکی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا، بۆیە بەغدا لە دوا رەشنووسدا هیچ ژمارەیەکی دیاری نەکردووە و تەنیا نووسیویەتی بەشە بودجەی کوردستان بەگوێری ژمارەی دانیشتووانی دەدرێ.