
ئارام ئەحمەد :خۆپیشاندانەکەی دوێنێ بە قازانجی دەسەڵات شکایەوە
نوچەنێت . تایبەت
ئارام ئەحمەد عەلی بۆ نوچەنێت هۆکاری بەشدارینەکردنی خەڵک لە گردبونەوەکەی دوێنێی سلێمانی، بۆ ئەوە دەگێڕێتەوە کە سەرپەرشتیارانی ئەو خۆپیشاندانە، زۆربەیان ئەرزەوەرگری دەسەڵاتن، و خەڵک بێهیوا بووە لە ئۆپۆزسیۆن، بۆیە پێشی وایە خۆپیشاندانەکەی دوێنێ بەقازانجی دەسەڵات شکایەوە.
ئارام ئەحمەد عەلی وەک نوسەرێک و بەڕێوەبەری ژوری کوردستان دەنگی ئۆپۆزسیۆن، لە پاڵتاک لەبارەی خۆپیشادانەکەی دوێنێی سلێمانی بۆ نوچەنێت دەڵێت”هەندێ لەو خەڵکانەی کە قاچێکیان لە شەقامەو قاچێکان لە دیوەخانەکەی تاڵەبانی وبارزانیدایەو خۆیان بە”ئەهلی و سەربەخۆ” ناساندووە، کە لە ئەساسدا زۆربەیان موچە خۆرو ئەرزە وەرگری دەسەڵاتن، ئامادەکران تا گردبونەوەیەک ساز بکەن، بەڵام بە ئیجازەی ئەوان و دەستنیشانکردنی کاتەکەی، تا خەڵکە ناڕازییە ئەسڵەکە، مەسەلەی بودجە نەقۆزێتەوەو ناڕەزایەتیەکانیان دەرنەبڕن، ئەگەر ڕاستگۆیانە قسە بکەین، ئەم خۆپیشاندانە بە قازانجی دەسەڵات شکایەوە، دوورو نزیک پەیوەندی بە خەڵکی ناڕازیی دژە دەسەڵاتەوە نەبوو، خەڵکی کوردستان تەجروبەکانی حەڤدەی شوبات وەک قوتابخانەیەک چاو لێدەکەن، زەحمەتیەکانیان فێریکردن، جارێکی تر بۆ ئەم جۆرە ناڕەزایەتیانە نەیەتە سەرشەقام، بەڵکو بۆ ڕاپەڕین و ڕاماڵینی ئەم دەسەڵاتە دێت، ئەم خەڵکە نە ئیجازە لە دەسەڵات وەردەگرن، نە کاتی ناڕەزایەتیەکان دیاری دەکەن، لە کاتژمێری سفرا پەلاماری خۆیان دەدەن، ئەو “گردبونەوەیەی” دوێنێی تەنها بۆ ناشیرینکردنی ناڕەزایەتیەکانی خەڵکە ئەسڵەکە بوو، هەوڵێکی بێهودە بوو بۆ شکاندنی ڕەونەقی توڕەبونەکانی خەڵک لە پارساڵدا، نابێت ئەوەشمان بیر بچیت، کە هەرسێ بەناوی ئۆپۆزسیۆن کە ئێستا دیووی دووەمی دەسەڵاتن، دژی هەموو ڕێپێوان و ناڕەزایەتی دەربڕنێکن، دژی ڕاپەڕین وشۆڕشن دژی ئەم دەسەڵاتە، هەتا لەم “گردبونەوەیەی” ئەمڕۆشدا، کە شتێکی ئەوتۆ نەبوو، تۆقیبوون خەڵکانی خۆیان ناردبوو، تا بەو گەنجە نیازپاکانە بڵێن ، زوو تەواوی بکەن و واز لە ڕێپێوان بێنن و بڕۆنەوە بۆ ماڵەوەو هەر ئەمەشیان کرد”.
ئەگەرچی رێکخەرانی گردبوونەوەکەی سلێمانی لەچاوەڕوانی هاتنە سەرجادەی شارێکدا بوون، بەڵام لەکاتی گردبونەوەکە خەڵکێکی بەرچاو ئامادەییان نەبوو، ئارام ئەحمەد لەبارەی بەشداری نەکردنی هاوڵاتیان لەو خۆپیشاندانەدا پێی وایە”لەبەر دوو هۆکار بوو، باوەڕنەبوون بەو کەسانەی لە خۆڕایی خۆیان کردوە بە ڕابەرانی خۆپیشاندەران، بێهیوابوونی خەڵکی کوردستان و باوەڕنەبونیان بە ئۆپۆزسیۆن ودەرککردن بەوەی کە بزوتنەوە بەناو ئۆپۆزسیۆنەکان ڕەنجەکانی ئەوانیان فرۆشتوەو، ئامادە نییە جارێکی تر بە فیتی ئەمانە گیان بازی بکەن، خۆیان بدەن بە کوشت، خوێنی خۆیان لە شەقامەکاندا بڕێژن، پاشان خوێنی ئەوان وشک نەبێتەوە، سەرانی دەسەڵات بچنە گردەکەو کاک نەوشیروان وهەڵسوڕاوەکانی گۆڕان، فەرشی سووریان بۆ ڕابخەن، بە پۆل ڕیز بەستن و شاگەشکە ئاسا بۆ بەخیرهاتنیان، میدیاکانیان چاویان دەسەڵات نەبینێت، تیڤیەکانیان ببێتە مۆڵگای ئاری هەرسینەکان و، دەنگە ناڕازیەکان دور بخرێنەوە، لە میدیاکانیانەوە نەتوانن یەک ووشە دژی دەسەڵات بڵێن”.
لەمەڕ هەڵوێستی بزوتنەوەی گۆڕان بەرانبەر بەدەسەڵات، بەڕێوەبەری ژووری کوردستان دەنگی ئۆپۆزسیۆن لەپاڵتاک، بۆ نوچەنێت دەڵێت”بزوتنەوەی گۆڕان تەنها ئۆپۆزسیۆنی یەکێتییە، شەڕی کۆنەقین دەکات، لەبەرامبەر بەرهەم ساڵحدا ئەوەی توانی کردی، بەڵام لەبەرامبەر پارتیدا قسەیەکی بۆ ووتن نەبووە، ئومێدی خۆی داوەتە دەست نێچیرڤان، دەیانەوێت ئەو کۆمەڵگایان بۆ جوان وئازاد بکەن، ئەو پاکێجەکانی بۆ جێبەجێبکات، ئێستا لای بزوتنەوەی گۆڕان ومیدیاکانی، پارتی و نێچیرڤان بارزانی هێڵی سوورن، کەس بۆی نییە باسیان بکات” ئەوەش بەهۆکارێکی تری بەشدارینەکردنی خەڵک لە گردبونەکە ناو دەبات”لێرەوەیە خەڵکی کوردستان زۆر ئاگاهانە بەدوای ئەم”گردبوونەوەیە”نەکەووتن”.
بەڵام بڕواشی وایە “خەڵکی کوردستان وبە تەنگ هاتوو، یان نایەنە سەرشەقام، یان لەکاتی خۆیدا دێن و مشتەکانیان پڕ لە بەردە، بۆ سەری سەرانی دەسەڵات، نەک بێت وخوێنی خۆی بڕێژێ و گۆڕان و یەکگرتو کۆمەڵ بیخۆن و لەسەر مێزەکانی دەسەڵات قوماریان لەسەر بکەن، ئەوان کاتێک دێن بۆ ڕاماڵینی دەسەڵات، بۆ ڕاپەڕین وشۆڕش دێن”.