نوچەنێت
ئەمڕۆ سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، لە کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆککۆماری عیراق، دۆخی کەرکوک و دەستپێکردنی گفتوگۆیان لەگەڵ حکومەتی عێراق تاوتوێکرد.
د. فوئاد مەعسوم، سەرۆكکۆماری عێراق، ماوەی پێنج رۆژە گەڕاوەتەوە هەرێمی کوردستان، سەرەتا لە سلێمانی و کەرکوک چەندین کۆبوونەوەی لەگەڵ لایەنە سیاسی و حکومییەکان ئەنجامدان، رۆژی سێشەممەش ٢٨-١١-٢٠١٧گەیشتە هەولێر و هەمان رۆژ لەگەڵ یەکگرتووی ئیسلامی کۆبووەوە، هەر ئەمڕۆ سەردانی بارزانی دەکات.
ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٩-١١-٢٠١٧، لە شاری هەولێر، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران لەگەڵ فوئاد مەعسوم، سەرۆککۆماری عێراق کۆبوونەوە و دۆخی کەرکوک و دەستپێکردنی گفتوگۆیان لەگەڵ حکومەتی عێراق، تاوتوێکرد.
بە گوێرەی زانیارییەکان، کۆبوونەوەکە لە شوێنی مانەوەی فوئاد مەعسوم لە هەولێر بەڕێوەچوو. دۆخی کەرکوک و دەستپێکردنی گفتوگۆ لەگەڵ حکومەتی عێراق تاوتوێدەکەن. بڕیارە هەر ئەمڕۆ فوئاد مەعسووم، بچێتە پیرمام و لەگەڵ مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان کۆببێتەوە.
سەردانەکەی فوئاد مەعسووم، بۆ هەرێمی کوردستان و کۆبوونەوەی لەگەڵ لایەنە سیاسی و حکومییەکان بۆ سێ مەبەستە، کردنەوەی دەرچەیەک بەمەبەستی دەستپێکردنی گفتوگۆ لەنێوان هەرێمی کوردستان و عێراق و چارەسەرکردنی کێشەکان بەتایبەت، کە دوای گشتپرسی زۆر قوڵبونەتەوە، چارەسەرکردنی پرسی کەرکوک، یەکخستن و یەکگوتاری هەرێمی کوردستان بۆ دانوستان لەگەڵ بەغدا.