نوچەنێت
وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی چین له په‌یامێكدا، كه لە رێگه‌ی كو‌نسوڵی گشتی وڵاته‌كه‌ی ئاراسته‌ی نێچیرڤان بارزانی كردووه، جه‌خت له په‌یوه‌ندییه دووقۆڵییه‌كانی نێوان هه‌ولێر و په‌ككین ده‌كاته‌وه.
بەپێی راگەیەندراوێکی ماڵپەری حکومەتی هەرێم، ئێواره‌ی رۆژی سێشه‌ممه ٢٨-١١-٢٠١٧ ، نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان، پێشوازی له تان بانگلین كو‌نسوڵی گشتیی كۆماری چینی میللی، له هه‌رێمی كوردستان و شاندێكی یاوه‌ری كرد.
پەپێی راگەیەندراوەکە، له په‌یامێكدا كه به رێگه‌ی كو‌نسوڵی گشتی وڵاته‌كه‌یان ئاراسته‌ی نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستانی كردووه، وانگ یی هو، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی چین جه‌خت له په‌یوه‌ندییه دووقۆڵییه‌كانی نێوان هه‌ولێر و په‌ككین ده‌كاته‌وه و هیوای خواستووه هه‌وڵ بدرێت، ئه‌و ئارامییه‌ى به‌م دواییه له‌نێوان هه‌ولێر و به‌غدا دروست بووه بپارێزرێت، دوور له گرژی به ڕێگه‌ی دیالۆگ و له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌ستوری عیراق، كێشه‌كان چاره‌سه‌ر بكرێن و مافی هه‌موو پێكهاته‌كان بپارێزرێت.
هەروەها له دیدارەکەدا باس له دوا پێشهاته‌كانی ناوچه‌كه و عیراق و هه‌رێمی كوردستان كرا. بانگلین، جیا له گه‌یاندنی په‌یامی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی وڵاته‌كه‌ی بە سه‌رۆك وه‌زیران، په‌یوه‌ندییه دووقۆڵییه‌كان و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدای، به رێگه‌ی گفتوگۆ و دیالۆگ دووپات كرده‌وه.
سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان سوپاسی ئه‌و په‌یامه‌ی وه‌زیری ده‌ره‌وه و كو‌نسوڵی گشتیی چینی كرد كه به باشترین شێوه هه‌وڵی داوه په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ولێر و په‌ككین، په‌ره‌پێبدات و دووپاتی كرده‌وه كه هه‌رێمی كوردستان خوازیاری ئه‌وه‌یه په‌یوه‌ندییه‌كی پته‌وی له‌گه‌ڵ چین هه‌بێت، به‌تایبه‌تی له بواری وه‌به‌رهێناندا.
نێچیرڤان بارزانی جه‌ختی له‌وه‌ش كرده‌وه، كه هه‌رێمی كوردستان هه‌میشه ئاماده بووه بۆ گفتوگۆ و دیالۆگێكی جددی له‌سه‌ر بنه‌مای ده‌ستوور له‌گه‌ڵ به‌غدا ، هه‌وڵی جددیش ده‌ده‌ن گرژییه‌كان دووباره نه‌بنه‌وه و له‌سه‌ر ئه‌م سیاسه‌ته بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان، به‌رده‌وام ده‌بن.