نوچەنێت
مەسعود بارزانی رایدەگەیەنێت، هەمیشە دیالۆگ و دانوستاندن و چارەسەری ئاشتیانە و دەستوری، بژاردەی گەلی كوردستان بووە و ئەم دۆخەی ئێستا كاتییە و هەتا سەر نابێت.
بەپێی راگەیەندراوێك، ئهمڕۆ سێ شەممە ٢٨-١١-٢٠١٧، لە سەڵاحەددین، مەسعود بارزانی، لەگەڵ ئەنجوومەنی سەركردایەتی هەولێر و بەرپرس و كارگێڕانی لق و ناوچەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان، لە سنوری پارێزگای هەولێر و ئەندامانی پەرلەمان و ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگا و ژمارەیەك بەرپرسی سیاسی و ئیداریی پارێزگای هەولێر، كۆبۆوە.
لەو كۆبوونەوەیەدا مەسعود بارزانی، بە تێروتەسەلی باسی لە دوا پێشهاتە سیاسییەكان و ریفراندۆم و قۆناغی دوای ریفراندۆم كردووە و وردەكاریی رووداوەكانی كەركوك و ئەو خیانەتەی شیكردەوە، كە لەبەرامبەر گەلی كوردستان و كەركوك و ناوچەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، ئەنجام درا.
بارزانی جەختی لەوەکردۆتەوە کە” هەمیشە دیالۆگ و دانوستاندن و چارەسەری ئاشتیانە و دەستوری، بژاردەی گەلی كوردستان بووە و پێشێلكردنی بەردەوامی دەستور و نەهێشتنی شەراكەت لە لایەن حكوومەتەكانی عێراق، وایكردووە كە ئەو بارودۆخە بێتە كایەوە”.
مەسعودبارزانی، هەروەها گوتویەتی” ئێستاش حكوومەتی هەرێم، ئامادەی دانیشتن و دیالۆگە لەگەڵ بەغدا و ئەوەی پێویستە بۆ ڕێگەخۆشكردن بۆ دانوستاندن ئەنجامی داوە و سەرگرتنی ئەو پڕۆسەیە دەمێنێتەوە سەر حكوومەتی بەغدا، كە واز لە مەرجە تەعجیزییەكانی بهێنێت”.
هاوکات ئەوەیشی بۆ ئامادەبوان دووپاتكردۆتەوە، كە سەپاندنی ئەمری واقع، بە زەبری زۆر و چەك و خیانەت قابیلی قبوڵ نییە و ئەم دۆخەی ئێستا كاتییە و هەتا سەر نابێت.