نوچەنێت: روداو
پەرلەمانتارانی كورد لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق گومانیان لە ئەندامانی خۆیان هەیە زانیارییان لەبارەی 15 پەرلەمانتاری كورد دابێتە بەغدا لەبارەی بەشدارییان لە گشتپرسییەكەی 25ی ئەیلولی رابردوو. سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی ئەو زانیارییە پشتڕاست دەكاتەوە و دەڵێت: “پەرلەمانتارانی عەرەب پێیانگوتین زانیارییەكانمان لە ئەندامانی خۆتان وەرگرتووە”.
ئارێز عەبدوڵڵا: پەرلەمانتارانی عەرەب دەڵێن زانیاریمان لە خۆتان وەرگرتووە
رۆژی 7/10/2017 لیژنەیەكی كاتیی پەرلەمانی عێراق كە لە هەردوو لیژنەی یاسایی و كاروباری پەرلەمانتاران پێكهاتبوو، بە پاساوی بەشداریكردن لە گشتپرسی، بڕیاری دوورخستنەوەی 14 پەرلەمانتاری كوردی دەركرد و ئاراستەی دادگای فیدراڵی كرد، دواتر ژمارەكە بووە 15 پەرلەمانتار.
دوای رەوانەكردنی دۆسیەكانیان بۆ دادگای فیدراڵی لەلایەن پەرلەمانی عێراقەوە، رۆژی 11/10/2017 دادگای فیدراڵی وەڵامی پەرلەمانی دایەوە. لە وەڵامەكەدا هاتووە: ”بەپێی دەستووری عێراق، رادەربڕین و بڕیاردان لەبارەی ئەو پەرلەمانتارانەی لە گشتپرسیدا دەنگیان داوە، كاری ئێمە نییە. لێكۆڵینەوە لە كەیسی ئەو پەرلەمانتارانە كاری لایەنی دیكەیە و ئەوان دەتوانن بۆچوون و بڕیاری لەبارەوە بدەن”. بەڵام پەرلەمانتارانی دەوڵەتی یاسا كە سەركردایەتی ئەو هەڵمەتە دەكەن و 150 واژوویان بۆ كۆكردووەتەوە، جارێكی دیكە ئەم دۆسیەیان رەوانەی دادگای تاوانی بەغدا كرد.
گومانەكە لە كێیە؟
شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق كە یەكێكە لەو پەرلەمانتارانەی دراوەتە دادگا، بە (رووداو)ی گوت: “ئەو هەوڵانە هیچیان لێ سەوز نابێ، بە ئاشكرا بەو لیژنەیەمان راگەیاندووە كە ئامادەنین بچینە ژێر باری لێكۆڵینەوەكانیان. ئامادە نین بچینە ژێر باری پرسیارەكانی چەند پەرلەمانتارێك كە بە 2000 دەنگ بوونەتە پەرلەمانتار. پێمانگوتن سەرجەم پەرلەمانتارانمان بەشداریمان لە گشتپرسی كردووە”.
پەرلەمانتارێكی یەكێتی ناوی ئەو لایەنە ئاشكرا دەكات كە ناوی ئەو 15 پەرلەمانتارەی داوەتە پەرلەمان بۆ ئەوەی دادگایی بكرێن. ئارێز عەبدوڵڵا كە سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتییە لە پەرلەمانی عێراق، بە (رووداو)ی گوت: “پەرلەمانتارانی عەرەب بە ئێمەیان گوت پەرلەمانتارێكی كورد كە لە خۆتانە ناوەكانی پێداوین”.
شاخەوان عەبدوڵڵا، زانیارییەكانی ئارێز عەبدوڵڵا پشتڕاست دەكاتەوە و دەڵێت “پەرلەمانتارێكی كورد لە پەرلەمانی عێراق بە هاوكاریی پەرلەمانتارانی دەوڵەتی یاسا ئەو لیستە 15 كەسییەی دروست كردووە. لیستەكە لەسەر بنەمای شەڕی كۆنەقین و دژایەتی شەخسیی ئەو پەرلەمانتارانە دروستكراوە. كێ لە هەموو پەرلەمانتارە كوردەكان دڵسۆزترو چالاكتر و نیشتمانپەروەرتر بێ خراوەتە ئەو لیستەوە، چونكە لە كۆی 65 پەرلەمانتاری كورد، تەنیا چوار پەرلەمانتار بەشدارییان لە گشتپرسی نەكردووە”.
شاخەوان عەبدوڵڵا: ئەو پەرلەمانتارە شەڕی كۆنەقین دەكات
جێی سەرنجە لە كۆبوونەوەی رۆژی 16/11/2017ی پەرلەمانی عێراقدا كە ناوی پەرلەمانتارانی بەشداربووی گشتپرسی خوێندرایەوە و هەوڵ درا سزای ئەو پەرلەمانتارانە بدرێت، سەرجەم فراكسیۆنە كوردستانییەكان بایكۆتی كۆبوونەوەكەیان كرد، بەڵام دوو پەرلەمانتار لە فراكسیۆنی یەكێتی هۆڵی پەرلەمانیان جێنەهێشت، ئەوانیش ئاڵا تاڵەبانی و شوان داودی بوون.
شوان داودی، گوتەبێژی فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی عێراق بە (رووداو)ی گوت: “ئێمە بۆیە كۆبوونەوەكەمان بایكۆت نەكرد، چونكە مەترسی هەڵوەشاندنەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك هەبوو، ئەگەرنا ئێمە دژی سزادانی پەرلەمانتارانی كوردین و لەگەڵی نین، بەغداش دەزانێت 98%ی پەرلەمانتاران لە ریفراندۆم دەنگیانداوە، بەڵام قەدەری كورد وایە دەبێ یان لە بەغدا یان لە كوردستان بەخائین بكرێت”.
ئەو پەرلەمانتارانەی دراونەتە دادگا، زۆربەیان گومانیان لە ئاڵا تاڵەبانی، سەرۆكی پێشووی فراكسیۆنی یەكێتی هەیە كە تاوەكو ئێستا لەنێو پەرلەمان هەر لە ریزی پێشەوە لەسەر كورسیی سەرۆكی فراكسیۆن دادەنیشێ، بەڵام شوان داودی رەتیكردەوە هیچ پەرلەمانتارێكی كورد زانیاری لەبارەی بەشداریی پەرلەمانتارانی كورد لە گشتپرسی بە لیژنە پەرلەمانییەكە دابێت و گوتی: “بەغدا خۆیان زانیارییان هەیە، چاودێریی لێدوان و قسەی پەرلەمانتاران لە فەیسبووك و میدیای كوردی دەكەن، جگە لەوە وێنەی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانیان لایە كە ئەو 15 پەرلەمانتارە بە ئاشكرا دەنگیانداوە و بانگەشەیان بۆ جیابوونەوە كردووە”.
گوتیشی: “كاتێك لیژنەیان لەسەر ئەو 15 پەرلەمانتارە دروستكردووە، هیچ كوردێك بەشداریی كۆبوونەوەی پەرلەمانی عێراقی نەكردووە”.
موسەننا ئەمین، سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی لە پەرلەمانی عێراق بە (رووداو)ی گوت: “گومانم هەیە كە پەرلەمانتاری كورد ئەو زانیارییەی بەو لیژنەیە دابێت، بەڵام بەڵگەم نییە و ناتوانم كەس تۆمەتبار بكەم، چونكە زۆربەمان دەنگمان داوە، بۆچی ئەو ژمارەیە هەڵبژێردراوە؟ وای بۆ دەچم لەسەر بنەمای چالاكی و داكۆكی لە مافەكانی كورد ئەو چەند پەرلەمانتارەیان هەڵبژاردبێ”.
هەر لەوبارەوە نەجیبە نەجیب پەرلەمانتاری فراكسیۆنی پارتی كە بە گوتەی خۆی قسەی لەگەڵ لێژنە پەرلەمانییەكە كردووە، بە (رووداو)ی گوت: “ئەوان گوتیان ناوی زۆربەی پەرلەمانتارانی كوردیان لایە كە بەشدارییان لە گشتپرسی كردووە، بەڵام لەبەر دۆستایەتی نەیانویستووە ناویان بخرێتە نێو ئەو لیستە”.
ناوی 15 پەرلەمانتارەكە
لەو 15 پەرلەمانتارە 11یان سەر بە فراكسیۆنی پارتین. ئەوانیش: عەرەفات ئەكرەم، شاخەوان عەبدوڵڵا، رێناس جانۆ، ڤیان دەخیل، ئەشواق جاف، حاكم سەرحان ئەحمەد، نەجیبە نەجیب، مەلا سالم شەبەك، سیروان سیرینی، ئەردەلان نورەدین و شیرین دینۆ. دووانیشیان لە فراكسیۆنی یەكێتین: ئارێز عەبدوڵڵا و قادر عەبدولعەزیز. هەروەها موسەننا ئەمین و عادل نووری لە فراكسیۆنی یەكگرتوو.
سزاكەیان چییە؟
بەپێی ماددەی 156 لە یاسای سزادانی عێراقی، ژمارە 111ی هەمواركراوی ساڵی 1969 ، ئەو پەرلەمانتارانە رووبەڕووی تۆمەتی هەڕەشەكردن لە یەكێتی خاكی عێراق دەبنەوە كە لە ماددەكەدا ئاماژەی بۆ كراوە “ئەو كەسە سزا دەدرێت بە لە سێدارەدان ئەگەر كارێكی بە ئەنقەست ئەنجام بدات و ببێتە هۆی هەڕەشە لە سەربەخۆیی وڵات و یەكێتییەكەی، یاخود سەلامەتیی خاكەكەی”.