یۆئێن لە بارەی بەڵگە ڤیدیۆیەکانی خورماتوو وەڵامی رووداو دەداتەوە

0

نوچەنێت

گوتەبێژی سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان لە بارەی وێرانکارییەکانی خورماتوو لە لایەن حەشدی شەعبییەوە لە وەڵامی رووداودا دەڵێت، بۆ پشتڕاستکردنەوەی ئەو زانیارییانە دەبێ پرسیار لە یۆنامی بکرێ. دەشڵێت “پشتڕاستنەکردنەوەیان لە لایەن یۆنامی لە بەهای زانیارییەکان کەم ناکاتەوە.

چەند رۆژ پێشتر پەیامنێرێکی تۆڕی میدیایی رووداو، بە نهێنی دەچێتە نێو قەزای خورماتوو، کە کۆنتڕۆڵی شارەکە بەدەست ملیشیاکانی حەشدی شەعبییەوەیە و بەڵگەنامەی ڤیدیۆیی لە سەر تاوانەکانی حەشدی شەعبی لەو قەزایە خستە بەر چاوی جیهان و بەتایبەت رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان.

گوتەبێژی سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان لەبارەی پێشێلکارییەکانی حەشدی شەعبی لە خورماتوو بە رووداوی راگەیاند، بۆ پشتڕاستکردنەوەی ئەو زانیارییانە دەبێ پرسیار لە یۆنامی بکرێ. دەشڵێت “پشتڕاستنەکردنەوەیان لە لایەن یۆنامی لە بەهای زانیارییەکان کەم ناکاتەوە، ئەرکی هێزە ئەمنییەکانیشە رێز لە مافەکانی مرۆڤ و خەڵکی سڤیل بگرن و دڵنیابن، کە تۆڵەکردنەوە و گواستنەوەی زۆرەملێ ئەنجامنادرێت”.

بەرپرسی نوسینگەی تۆڕی میدیایی رووداوی لە نیویۆرک، لەبارەی بەڵگە ڤیدیۆییەکانی رووداو، کە لە خورماتوو تۆماری کردوون و نیشانی دەدەن پێشێلکاری بەرامبەر کوردستانیانی ئەو ناوچانە کراوە، پرسیاری ئاراستەی ستیڤان دوژاریک، گوتەبێژی سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان کرد.

ستیڤان دوژاریک داوای لە رووداو کرد ئەو پرسیارە ئاراستەی یۆنامی بکات، کە نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکانە لە عێراق، گوتیشی “تەنیا ئەوان دەتوانن ئەو بابەتانە پشتڕاستبکەنەوە. پشتڕاستنەکردنەوەیان لە لایەن یۆنامی لە بەهای زانیارییەکانی دیکە کەمناکاتەوە”.

دوژاریک جەختیکردەوە “ئەرکی هێزە ئەمنییەکانە کە رێز لە مافەکانی مرۆڤ و خەڵکی سڤیل بگرن، دڵنیابن کە تۆڵەکردنەوە و گواستنەوەی زۆرەملێ ئەنجامنادرێت و یان خەڵکی بێ بڕیاری دادگای زیندانی نەکرێن”.

دەقی پرسیار و وەڵامی رووداو و گوتەبێژی نەتەوە یەکگرتووەکان:

رووداو: چوارشەممەی رابردوو، نێراوی تایبەتی یو ئێن لە عێراق بە ئەنجومەنی ئاسایشی گوت، کە ئەو هێزانەی دەستی بەسەر کەرکووک و ناوچە کێشەلەسەرەکان گرتووە، هێزی فیدراڵین. بەڵام هەر دوێنێ ئەو دەزگا میدیاییەی کە من کاری بۆ دەکەم رووداو بەڵگەی ڤیدیۆی دەستکەوت کە پیشانی دەدات کە نەک هەر میلیشیای شیعی سەر بە ئێران لەو ناوچانەن، بەڵکو ئەوان هەزاران ماڵی کوردیان رووخاندووە و هاووڵاتیانی کورد لە خورماتوو کراونەتە ئامانج.. هەرشتێک کوردی بێت لەو ناوچانە بەشێوەیەکی سیتەماتیکی و رێکخراو دەسڕێتەوە. دۆکۆمێنت هەیە، ئێمە ڤیدیۆشمان هەیە و من خۆشحاڵ دەبم بۆتانی بنێرم. لەسەرووی ئەمانەشەوە تۆمەتی دیکە هەیە و بەرنامەی یو ئێن لە عێراق هێشتا هەر دەڵێت ئەو تۆمەتانەمان پێگەیشتووە و پشتڕاستی ناکەنەوە. بۆچی نەتەوەیەکگرتووەکان ئەو تۆمەتانە پشتڕاستناکاتەوە؟ 

گوتەبێژی نەتەوە یەکگرتووەکان: من دڵنیام.. لەوانەیە ئەمە پرسیارێک بێ، کە دەبێت لە یۆنامی بکەیت، تەنیا ئەوان دەتوانن ئەو بابەتانە پشتڕاستبکەنەوە. پشتڕاستنەکردنەوەیان لە لایەن یۆنامی لە بەهای زانیارییەکان دیکە کەم ناکاتەوە. ئەرکی هێزە ئەمنییەکانە، کە رێز لە مافەکانی مرۆڤ و خەڵکی سڤیل بگرن و دڵنیابن کە تۆڵەکردنەوە و گواستنەوەی زۆرەملێ ئەنجامنادرێت و یان خەڵکی بێ بڕیاری دادگای زیندانی نەکرێن.

رووداو: هەر لەسەر ئەو بابەتە، نوێنەری تایبەت و بەرپرسی یۆنامی راستەوخۆ پەیوەندی بە سکرتاریەتەوە هەیە.. بەڕاستی زۆر سەیرە.. بۆچی ئەو تاوانانەی، کە داعش ئەنجامیداوە نەتەوە یەکگرتووەکان پشتڕاستیان دەکاتەوە، بەڵام دەربارەی ئەو تاوانانەی، کە لەدژی سوننەی عەرەب و کورد لە لایەن گروپی دیکەوە ئەنجامدەدرێت، هەر دەڵێت ئەو تۆمەتانەمان پێگەشت و ناڵێن روویدا؟.

گوتەبێژی نەتەوەیەکگرتووەکان: من لەگەڵ ئەو قسانەت نیم.

رووداو: دەتوانم راپۆرتەکانت نیشانبدەم؟

گوتەبێژی نەتەوە یەکگرتووەکان:  لە رابردوودا تاوانی لایەنەکانی دیکەشمان پشتڕاستکردوەتەوە و تەماشای راپۆرتە مانگانەکەی یۆنامی بکە.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com