نوچە-هەولێر
فەرسەت سۆفی، ئەندامی پەرلەمان لەسەر لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت، کوردستان هەرگیز ئەنجامی ریفراندۆم هەڵناوەشێنێتەوە و هەرکات گونجاو بێ بۆ راگەیاندنی سەربەخۆیی سوودی لێ وەردەگرێ.
لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەی (شەرقولئەوست)ی چاپی لەندەن، فەرسەت سۆفی دەڵێت، ئێمە پێشووتریش گوتوومانە کە ئەنجامدانی ریفراندۆم بە مانای ئەوە نایەت راستەوخۆ سەربەخۆیی رابگەیەنین، بەڵکو وەک بەڵگەیەک بەکاری دەهێنین لەکاتی گفتوگۆکانمان بۆ بەدەستهێنانی مافی سەربەخۆیی.
سۆفی دەڵێ “گەلی کۆسۆڤۆ ساڵی ١٩٩١ ریفراندۆمیان ئەنجام دا و ساڵی ٢٠٠٨ سەربەخۆییان راگەیاند، ئێمەش لە کوردستان بەهۆی نالەباریی دۆخی ئێستا و ئەو کاردانەوە توندانەی بینیمان، بڕیارمان داوە ئەنجامەکانی ریفراندۆم سڕبکەین، بەڵام ئەمە واتای ئەوە نادات ئێمە ریفراندۆممان هەڵوەشاندبیتەوە. هەڵوەشاندنەوەی ریفراندۆم مومکین نییە و هیچ هیزێک لەم جیهانە ناتوانێ دەنگی سێ ملیۆن دەنگدەر هەڵبوەشێنێتەوە، کە دەنگیان بۆ سەربەخۆیی داوە، ئەی کەواتە ٩ یان ١٠ کەس چۆن دەتوانن دەنگی ئەو خەڵکە هەڵبوەشێننەوە؟”
سۆفی هەروەها دەڵێت “ئێمە سەرکەوتوانە ریفراندۆممان ئەنجام دا، لەگەڵ ئەوەی بارودۆخ ریگەی نەدا دەوڵەت رابگەیەنین، بەڵام ئەم بژاردەیە هەمیشە کراوەیە، تاکو ئەوکاتەی بارودۆخ رێگەمان دەدائەم مافە سروشتییەمان پیادە بکەین”.