‌بارزانی: گه‌لی كوردستان نه‌شكاوه‌ به‌ڵكو خیانه‌تی لێكراوه

0

 نوچەنێت

لە کۆبوونەوەیدا لەگەڵ بەرپرسە سیاسی و ئیداری و حزبیەكانی سنووری كەركوك-گەرمیان، بارزانی رایگەیاند، ریفراندۆم دەنگی رەوا و ئاشتیانەی گەلە و بە هیچ یاسا و حكومەتێك ئەو دەنگە ئاشتیانەیە هەڵناوەشێتەوە. ده‌شڵێت “گه‌لی كوردستان نه‌شكاوه‌، به‌ڵكو خیانه‌تی لێكراوه‌”.

ماڵپه‌ری فه‌رمی پارتی دیموكراتی كوردستان بڵاویكرده‌وه‌، ئه‌مڕۆ یه‌كشەممە ٢٦-١١-٢٠١٧، لە سەلاحەدین مەسعود بارزانی، سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان، لەگەڵ ئەنجومەنی سەركردایەتی و بەرپرس و كارگیڕانی لق و ناوچە و بەرپرسانی ئیداری و ئەندامانی پارلەمان و ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای سەر بە حزبه‌كه‌ی لە سنووری كەركوك و گەرمیان كۆبوه‌ته‌وە.

به‌پێی هه‌واڵه‌كه‌، بارزانی هاوسۆزیی خۆی دەربڕی بۆ ئامادەبووان و ئەو خەڵكەی، كە لە دوای رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر توشی ئێش و ئازار و ئاوارەیی هاتوون و جەختیشی كردەوە، كە ئەو ئازیزانە هەمیشە لەپێناو مەبادئی و كەرامەتی كوردستان بە درێژایی مێژوو قوربانیان داوە.

بارزانی له‌ به‌شێكی دیكه‌ی وته‌كانیدا، باسی لە رووداوەكانی دوای ریفراندۆم و ئەو بارودۆخە ناخۆشە كرد كە بەسەر كەركوك و ناوچەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم هاتووە و رایگەیاند: ” گەلی كوردستان نەشكاوە بەڵكو خیانەتی لێكراوە، شكستیش كاتێك دەبێت كە ئیرادە تێكشكابێت”.

بارزانی، ئەوەشی دووپات كردەوه‌، هۆكاری ئەو بارودۆخە ریفراندۆم نییە، بەڵكو زۆر لەمێژە، كە بەغدا نیەتی پەلاماردانی كوردستانی هەبووە، ریفراندۆم ئەنجامیش نەدرابا پیلان لە دژی كەركوك هەر لە ئارادا بوو. 

بارزانی، له‌ وتەكەیدا ریفراندۆمی بە بڕیارێكی ڕاست و دروستی گەلی كوردستان زانی كە دەبوایە زووتر ئەنجام درابا و بە پیرۆزترین و رەواترین دەستكەوتی نیشتیمانی و نەتەوەیی گەلی كوردستانی لەقەڵەم دا. 

هەروەها گوتیشی “ریفراندۆم دەنگی رەوا و ئاشتیانەی گەلە و بە هیچ یاسا و حكومەتێك ئەو دەنگە ئاشتیانەیە هەڵناوەشێتەوە، ئەوەی كە كۆسپی بۆ ئەو دەستكەوتە مەزنە دروست كردووە خیانەتی تاقمێك بوو كە پشتیان لەگەلی كوردستان كرد و كەركوكیان فرۆشت و رادەستیان كرد و ئەگەر خیانەتەكەی 16ـی ئۆكتۆبەر نەبا ئێستا گەلی كوردستان لە دۆخێكی تر دا بوو”.

بارزانی ئاماژەی بەوەداوە، کە “دۆخی خیانەت و داگیركاری و فەرزی ئەمری واقع بە زۆر و چەك، ناسنامەی كەركوك و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم ناگۆڕێت،  ئێمە هەمیشە ئێستا و پێشتریش وتوومانە، كە دەمانەوێ كەركوك و ناوچەكانی تر بكرێنە نموونەی پێكەوەژیانی ئاشتیانەی نەتەوە و پێكهاتەكان و فەرزی ئەمری واقع بە هیچ شێوەیەك قبوڵ ناكرێت”.

بارزانی، سوپاسی خۆڕاگریی خەڵكی كوردستان و كەركوك و ناوچەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كرد و داواشی كرد كە ئیرادە و ئومێدیان بەهێز بێت چونكە دۆزی گەلی كوردستان رەوا و عادیلە و ئەو بارودۆخەی ئێستا هەیە كاتییە و تێدەپەڕێت.‌

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com