فراكسیۆنی نەتەوەیی لەپەرلەمانی كوردستان، مانیفێستی فراكسیۆنەكەی بڵاو دەکاتەوە

0

 نوچەنێت

سەرۆكی فراكسیۆنی نەتەوەیی لەپەرلەمانی كوردستان، مانیفێستی فراكسیۆنەكەی بڵاو کردەوە و دەڵێت”لە ئێستادا ئەم بزوتنەوەیە سیاسییە، حیزب نیە، بەڵکو قەوارەیەکی نەتەوەیی سیاسییە لە چوارچێوەی کارو چالاکی پەرلەمانیدا لە ھەرێمی کوردستان”.

 ئەمڕۆ یەك شەممە ٢٦-١١-٢٠١٧ ئاری هەرسین، سەرۆكی فراكسیۆنی نەتەوەیی لەپەرلەمانی كوردستان، لەلاپەرەی تایبەتی خۆی لەفەیسبوك، مانیفێستی فراكسیۆنەكەی بڵاو کردەوە و راگەیاند”فراکسیۆنی نەتەوەیی لە پەرلەمانی کوردستان لە ژێر رۆشنایی ئەو زوڵم‌و زۆرە مێژووییەی، کە لە چوارچێوەی دەوڵەتی عێراقدا لە نەتەوەی کورد کراوە‌و ،هەتا ئێستاش دەکرێت‌ و بەردەوامی هەیە، بە ئامانجی رزگاری نەتەوەیی‌و دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆ لە باشوری کوردستان، هاتۆتە کایەوە”.

هەروەها دەڵێت”لە ئێستادا ئەم بزوتنەوەیە سیاسییە، حیزب نییە، بەڵکو قەوارەیەکی نەتەوەیی سیاسییە لە چوارچێوەی کارو چالاکی پەرلەمانیدا لە ھەرێمی کوردستان”. 

فراكسیۆنی نەتەوەیی، پێیوایە، پاراستنی ژینگەی کوردستان ئەرکێکی نیشتیمانی، ئاینی و ئەخلاقیەو نیشانەیەکی گرنگی خۆشەویستی بۆ نیشتیمان پاراستنی ژینگەکەیەتی.

هەروەها لە مانیفێستەکەی فراكسیۆنی نەتەوەییدا هاتووە”هەر چوار پارێزگای هەڵەبجە، هەولێر، دهۆک‌و سلێمانی لەگەڵ ئەو ناوچانەی، کە لە ماددەی ١٤٠ دەستوری عێراقدا بە ناوچە جێ ناکۆکەکان ناوبراون‌و لە ئێستادا لە لایەن دەوڵەتی عێراقەوە داگیر کراون‌و، کۆی ئەو ڕوبەرەی داگیر کراوە زیادتر لە ٪٥٠ی خاکی هەرێمی کوردستانە”.  

هاوکات راشیدەگەیەنن، ئەوان بە مەبەستی دژایەتی هیچ ئایین‌و ئاینزا‌و نەتەوە یەکی دیکە دروست نەبون، بەڵام هەر کەس‌و لایەن‌و دامەزراوەییەکی سیاسی، لەژێر هەر دروشم‌و بە هەر ناوێکەوە، گەر بە مەبەستی داگیرکردنی هەرێمی کوردستان، هەنگاو بنێت بە دوژمنی خۆیانی دەزانن. 

دەقی بڵاوكراوەكەی فراكسیۆنی نەتەوەیی: 

كوردستان یان نەمان 

مانیفێستی نەتەوەیی 

هاوڵاتیانی ئازیز 

نەتەوەی کورد، یەکێکە لە پێکهاتە ئیتنیکیە سەرەکیەکانی خۆرهە ڵاتی ناوەڕاست . نیشتیمانی کورد چەندجارێک لە مێژوودا پارچە پارچە کراوەو، دواجاریش لە دوا ساتەکانی سەردەمی کۆلۆنیالیزمی خۆرئاواییدا خاکی پیرۆزی کوردستان کرایە چوارپارچە کە هەرێمی کوردستان (بە ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی حکومەتی هەرێمیشەوە) لە ئێستادا ئەو بەشەیە کە بەزۆر بە دەوڵەتی عێراقەوە لکێنراوە. کورد لە چوارچێوەی دەوڵەتی عێراقدا هەمیشە لە پێگەی نەتەوەی بندە ست‌و عەرەبیش نەتەوەی سەردەست بوە. هێشتا ئەم نابەرابەریەش بۆ ساتێکیش کوردی وا لێنەکردوە ئەم تێکهەڵقژانەی نێوان دەوڵەتی عێراق‌و کورد بە قەیرانی نێوان دوو نەتەوە بخوێنێتەوەو لێکیبداتەوە. ئەمە لەکاتێکدایە کە هەر لە دروستبوونی دەوڵەتی عێراقەوە هە تا ئەم ساتەوەختە حکومەتە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق هیچ درێغیەکیان لە (تەعریب، تەهجیر، جینۆساید)ی نەتەوەی کورد‌و نیشتیمانەکەی نەکردوە. حکومەتە یەک لەدوای یەکەکانی دەوڵەتی عێراق بە پەروەردەی (عروبە)و شۆڤێنیستی‌و فاشیستی نەوە یەک لەدوای یەکەکانی عەرەبی عێراقیان گۆش کردوە بۆ دژایەتی‌و تواندنەوەی نەتەوەی کورد‌و وێرانکردنی کوردستان. ئیتر ڕۆژێک بەناوی (القومیە العربیە)و ڕۆژێک بەناوی مەزهەب‌و… تادێت. 

لەبەرامبەر ئەمەشدا سیاسەتی نێودوەڵەتی، ڕێکخراوی دەوڵەتە یەکگرتوەکان (نەک نەتەوە یەکگرتوەکان)، بەو هەموو هەراو هوریایەی کە بەناوی پارێزگاری لە مافەکانی ئینسان دەیکەن‌و بە کۆمەڵگەکانی جیهانی سێهەمی دەفرۆشنەوە، بۆ یەکجاریش لەسەر جینۆسایدی نەتەوەی کورد‌و وێرانکردنی خاکی پیرۆزی کوردستان بەدەنگ نەهاتن. 

فراکسیۆنی نەتەوەیی لە پارلەمانی کوردستان لە ژێر ڕۆشنایی ئەو زوڵم‌و زۆرە مێژووییەی کە لە چوارچێوەی دەوڵەتی عێراقدا لە نەتەوەی کورد کراوە‌و هەتا ئێستاش دەکرێت‌ و بەردەوامی هەیە، بە ئامانجی ڕزگاری نەتەوەیی‌و دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆ لە باشوری کوردستان هاتۆتە کایەوە. لە ئێستادا ئەم بزوتنەوەیە سیاسیە، حیزب نیە، بەڵکو قەوارەیەکی نەتەوەیی سیاسیە لە چوارچێوەی کارو چالاکی پارلەمانیدا لە ھەرێمی کوردستان. 

لێرەدا‌و لەم چەند خاڵەی خوارەوەدا کورتەی بنەماکانی خەباتی سیاسی خۆمان (زۆر بە چڕی) بۆ ڕای گشتی هاوڵاتیانی ئازیزی هەرێمی کوردستان دەخەینەڕو: 

هەرێمی کوردستان خاکی خەڵکی کوردستانە بەکورد‌و ئەو پێکهاتانەی ترکە بە درێژایی مێژوو پێکەوە لە هارمۆنیدا ژیاون‌و بەرژەوەندی هاوبەش کۆی کردۆنەتەوە. 

پاراستنی ژینگەی کوردستان ئەرکێکی نیشتیمانی، ئاینی و ئەخلاقیە. نیشانەیەکی گرنگی خۆشەویستی بۆ نیشتیمان پاراستنی ژینگەکەیەتی. 

هەرێمی کوردستان‌ واتە: هەر چوار پارێزگای هەڵەبجە، هەولێر، دهۆک‌و سلێمانی لەگەڵ ئەو ناوچانەی کە لە ماددەی ١٤٠ دەستوری عێراقدا بە ناوچە جێ ناکۆکەکان ناوبراون‌و لە ئێستادا لە لایەن دەوڵەتی عێراقەوە داگیر کراون‌و، کۆی ئەو ڕوبەرەی داگیر کراوە زیادتر لە ٪٥٠ی خاکی هەرێمی کوردستانە. 

ھەرێمی کوردستان نیشتیمانێکی داگیرکراوە. برایەتی نێوان نەتەوەکان کاتێک مومکین دەبێت کە مافی سروشتی‌و خواکردیان چونیەک بێت. ئەو مافەش دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆیە. کێشەی کورد لەگەڵ دەوڵەتی عێراق کێشەیەکی قانونی نیە بەڵکو سیاسیە. کوردستان بە قانون داگیر نەکراوە، ئەم ماف زەوتکردنە‌و ئەم داگیرکاریە لە ئەنجامی پیلانێکی نێودەوڵەتیەوە هاتۆتە ئاراوە. نەتەوەی سەردە ست‌و حاکم لە عێراق هیچ بڕوایەکی بە بنەماکانی دیموکراسی‌و تەنانەت دەقە ئاینیەکانیش بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانی کورد نیە، هەر بۆیەش ئێمە پێمان وایە ئەم خۆش باوەڕیەی هەندێک لایەنی سیاسی لە کوردستان کە پێیان وایە ڕۆژێک لە ڕۆژان دەوڵەتی عێراق لەسەر سینیەکی ڕەنگین سەربەخۆیی بۆ خەڵکی کوردستان دەکاتە خەڵات، جگە لە فانتازی هیچیتر نیە. 

بە مەبەستی دژایەتی هیچ ئایین‌و ئاینزا‌و نەتەوە یەکی دیکە دروست نەبوین، بەڵام هەر کەس‌و لایەن‌و دامەزراوەییەکی سیاسی، لەژێر هەر دروشم‌و بە هەر ناوێکەوە، گەر بە مەبەستی داگیرکردنی هەرێمی کوردستان هەنگاو بنێت بە دوژمنی خۆمانی دەزانین‌و بۆ بەدەرنانی لە وڵاتەکەمان هەمو شێوازێکی بەرەنگاربوونەوەیان بۆ پارێزگاری لە خاکی پیرۆزی کوردستان بە مافی خۆمان دەزانین. 

پیرۆزیەکان لای ئێمە یەکڕیزی نەتەوەیی‌و نیشتیمانی، ئاڵا‌و خاکی پیرۆزی کوردستان.

حیزبی سیاسی تەنیا ئامرازێکە بۆ خزمەتی نەتەوە‌و نیشتیمان، بۆیە سەپاندنی ئینتیمای حیزبی بەسەر ئینتیمای نیشتیمانیدا بە توندی ڕە ت دەکەینەوە. 

هێزی پێشمەرگەی کوردستان، لەشکری پارێزەری نیشتیمانی پیرۆزی کوردستانە، هەر بۆیەش بە توندی دژی بە حیزبی کردنی هێزی پێشمەرگە ین، دیاریکردنی ڕۆژێکی ساڵ بە ناوی ڕۆژیپێشمەرگە و، ڕۆژێکیش بەناوی ڕۆژی شەھیدانی کوردستان. 

سامانە سروشتیەکانی ھەرێمی کوردستان موڵکی گشتین و دەبێت ھەر لە چوارچێوەی بەرژەوەندی گشتیشدا بەرھەم بھێنرێن و مامەڵەیەن پێوە بکرێت. بەتایبەتی نەوت و گاز و دەرھاویشتەکانی دیکە دەبێت لەدەستی ئیحتیکاری تاکە کەسی و کۆمپانیا بیانیەکان بە قانون بپارێزرێن و بەتاڵان نەبرێن. 

داڕشتنەوەی پڵانی ستراتیژی و درێژخایەن بۆ کەرتی کشتوکاڵ و ئاوداری و پیشەسازی لەسەر بنەمای سیاسەتی پشت بە داھاتی ناوخۆ بەستن. 

حکومەتی هەرێمی کوردستان دامودازگای فەرمی‌و شەرعی بەڕێوەبەری کۆمەڵگەکەمانە. ئەرکی حکومەت دابینکردنی فەزایەکی کۆمەڵایەتیە کە کەرامەتی ئینسان تێیدا پارەزراوبێت‌و، خزمەتگوزاری‌و خۆشگوزەرانی شایستە پێشکەش بە هاوڵاتیان بکات. لە ھەمانکاتدا ئەرکی بێ چەندوچوونی حکومەتە کە کۆتایی بە دەست تێوەردانی حیزبی لەسەرجەم دام و دەزگاکانی و ئەو ناوەندانەدا بھێنێت کە مۆرک و مافی گشتیان پێوەیە. 

پێدانی پشکی کەرتەکانی خزمەتگوزاری پەروەردە، تەندروستی، شارەوانیەکان و کارەبا بە کەرتی تایبەت نابێت ڕێژەی %٤٩ تێپەڕێنێت و، ئەوەش بە قانون ڕێکبخرێت. 

پێداچوونەوە بە سیستەمی مووچە و کۆتایھێنان بە م ناعەدالەتیەی کە لە ئێستادا لە دیاریکردنی مووچەدا ھەیە، بە تایبەتی لەبەرچاوگرتنی خێزانی گەنج. 

پێداچونەوە بە سەرجەم پەیوەندیە نێودەوڵەتیەکاندا، بە جۆرێک کە تەنیا حکومەتی ھەرێمی کوردستان ئەو مافەیپێ بدرێت و، ئەوەش جارێکیتر بە قانون ڕێک بخرێتەوە. 

پێداچوونەوە بە دام و دەزگاو سیستەمی ھەڵبژاردن و کۆمیسیۆنە باڵاکەی لە ھەرێمی کوردستان، کە بواری کەمتەرخەمی ئیداری کەم بکاتەوە. 

بەکردار بێ لایەن کردنی ناوەندی دادوەری و، ڕیفۆرمی ناوەندەکە و ئەکتیڤ کردنی. 

بە کردار بێ لایەن کردنی دەستەی دەستپاکی و، ڕیفۆرمی دەستەکە و ئەکتیڤ کردنی. 

بەشداری پێکردنی ئافرەت لە شەراکەتی بەڕێوەبردنی کۆمەڵگەکەمان، بەڵام نەک بە خێر و سەدەقە ی سیستەمی پیاوسالاری. 

کۆتایھێنان بە پڕۆژەی بە سیاسی کردن و بە حیزبی کردنی توێژی گەنج لە کوردستان، لە بری ئەوە خزمەتکردن و ھاندانی گەنجان بە مەبەستی بەرجەستەبوونی خەللاقییەت و تواناکانیان. 

داڕشتنی پلانێکی عەمەلی بۆ بیمەی تەندروستی سەرجەم چین و توێژەکان لە ھەرێمی کوردستان.

 

هاوڵاتی بوون بە مانای ئازادی‌و یەکسانی‌و دادپەروەری لە چوارچێوەی قانوندا، ئەمەش لە پەراوێزی جاڕنامەی گەردوونی مافی مرۆڤی دەوڵەتە یەکگرتوەکاندا: بڕیاری ژمارە ٢١٧ لە ١٩٤٨/١٢/١٠. هەروەها بەرجستە بوونی خەللاقیەتی ئینسان، نەک بە مشەخۆر کردن‌و تەممەڵ کردن‌و دامەزراندنی کۆمەڵگایەتی بێ بەرهەم. 

پارلەمان ناوە ندی قانونگوزاری‌و چاودێریکردنی هەڵس‌و کەوتی حکومەت‌و لێپێچەنەوەیە لێی. لە کاتی مەترسی لێکترازان‌و قەیرانەکاندا نابێت پارلەمان تەرەفگیر بێت، بەڵکو دەبێت ببێتە مەرجەع‌و فاکتەری یەکڕیزی. 

دامەزراندنی ناوەندێکی نیشتیمانی جینۆساید. 

دامەزراندنی کەناڵێکی تەلەفیزیۆنی و ڕادیۆی حکومی لەسەر بنەمای شەفافیەت و ڕۆژنامەگەری پیشەیی. 

ڕێفراندۆم بۆ سەربەخۆیی مافیکی هەرە سەرەتایمان بوو لە چوارچێوەی بنەماکانی دیموکراسیدا. ئەنجامی ئەو ڕێفراندۆمەی کە لە ٢٠١٧/٩/٢٥ بەڕیوەچوو، دیکۆمێنتێکی گرنگی قانونی، مێژووییە کە دەبێت بیپارێزین‌و بە هیچ جۆرێک ڕێکەوتن لەسەر هەڵوەشاندنەوەی نەکە ین. 

داڕشتنی پڕۆژەیەکی نەتەوەیی و نیشتیمانی لە نێوان سەرجەم لایەنە سیاسیەکان بۆ دەربازبوون لەم قۆناغە بە قانون. 

بۆ هێنانەدی ئەم مافە سروشتیانەی خەڵکی کوردستان، پشتمان بە (خوای یەکتا)و نەتەوەکەمان بەستوە، سەرکەوتنیش هەر بۆ لایەنی خاوەن (حەق) دەبێت. 

سەرفراز بێت نەتەوەی کورد 

ئاوەدان بێت خاکی پیرۆزی کوردستان 

فراکسیۆنی نەتەوەیی لە پارلەمانی کوردستان

٢٠١٧/١١/٢٦ 

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com