نوچەنێت
ئەمڕۆ یەك شەممە ٢٦-١١-٢٠١٧، خەڵکی خورماتو، کە لە دوای رووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە ئاوارەی ناوچەکانی دیکەی باشوری کوردستان بوون و بەشێکی زۆریان ئێستا لە کەلار نیشتەجێن، گردبوونەوەیەکی ناڕەزایەتیان لەکەلار ئەنجامدا و لەکۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا، پێنج داواکارییان ئاراستەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، عێراق، رێکخراوەکان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد.
لە راگەیەندراوەکەی ئاوارەکانی خورماتوودا هاتووە “هیچ لایەنێکی حکومی بە دەنگ و هانامانەوە نایەت، بێدەنگی هەموو جیهان و حکومەتی عێراق، لە ئاست ئەو زوڵم و ستەمە گەورەیە نییە کە بەسەر خەڵكی خورماتوودا هاتووە، هەر لە پێشێلکردنی یاسا، بێدەنگی لە پێشێلکردنی مافی مرۆڤ، بێدەنگی حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق، لە ئاستی ئەو ستەمە گەورەیە نییە، کە بەسەر خەڵکی خورماتودا هاتووە”.
ئاوارەکانی خورماتو لە راگەیەندراوەکەدا، ئاماژەیان بەوەکردووە “لەدوای ئەوەی هێزەکانی حەشدی شەعبی شارەکەمانیان کۆنترۆڵکرد، لەژێر چاودێری و دەسەڵاتی هێزەکانی عێراق و حەشدی شەعبیدا، هێزێک بەناوی حەشدی تورکمانی، هەستاوە بە سوتاندن و تەقاندنەوە و تاڵانکردنی خانووەکانمان، خانووی هاووڵاتیان تاوەکو ئەمشەو، تاوەکو ئەو ساتەی قسەی تێدا دەکەین، بەردەوام دەتەقێنرێنەوە، دەسووتێنرێن و تاڵاندەکرێن”.
دەقی پێنج داواکارییەکەی ئاوارەکانی خورماتو:
١- گەڕاندنەوەی ئاوارەکان بەزووترین کات.
٢- پێکهاتنی لیژنەیەک بۆ بەدواداچوونی کێشە کانی خورماتو .
٣- قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووانی شاری خورماتو.
٤- ئاساییکردنەوەی دۆخی ئەمنیی خورماتو- و گەڕانەوەی ئاشتی و عەدالەتی کۆمەڵایەتی بۆ هەموولایەك.
٥- دابینکردنی هێزێکی بێلایەن، بەمەبەستی پاراستنی ئەمنیەتی شاری خورماتو- و سەرجەم هاوڵاتیانی ئەو شارە بەبێ جیاوازی. ئەگەر پێویست بکات؛ هێزی ئاشتیخوازی نێودەوڵەتی بێت.