نوچەنێت:تایبەت
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی، لەپەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنێت، لەم باردۆخەی ئێستادا، لە بەرژەوەندی کورددا نییە ئەم هەڵبژاردنە ئەنجامبدرێت و دەڵێت”حەشدی شەعبی، دەیەوێت بەشدارای لەهەڵبژاردنەکان بکات”.
سوننەی عێراق، ناڕازین لە وادەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، لایەنەکانی شیعەش هەڵویستیان یەک نییە، لە ئێستادا هەوڵێك لەلایەن سوننەکانەوە هەیە بۆدواخستنی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ئەمەش لەکاتێکدایە حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیرانی عێراق، دوپاتیدەکاتەوە، کە هەڵبژاردنی پەرلەمان لە ١٥-٥-٢٠١٨دا ئەنجام دەدرێت، هەروەها دەڵێت، لەوانەیە هەڵبژاردنی پارێزگاکان دوابخرێت.
لەلێدوانێکی تایبەت بەنوچەنێت، عەرەفات کەرەم، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، لەبارەی دواخستنی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند”وەکو رێزگرتن لەپرەنسیپەکانی دیموکراسی، ئێمە لەگەڵ ئەوەداین لەکاتی خۆیدا بکرێت، بەڵام لەم باردۆخەی ئێستادا، لە بەرژەوەندی کوردا نییە ئەم هەڵبژاردنە ئەنجامبدرێت، چونکە گۆڕانکاری گەورە لەعێراق روویداوە، بەتایبەتی لەکەرکوك و شنگال و ناو چەدابڕاوەکان بەگشتی”.
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی، پێی باشە پێش ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکانی عێراق، بارودۆخەکە ئاسایی بکرێتەوە، ئەوکات هەڵبژاردن بکرێت، هاوکات جەخت لە ئەنجامدانی هەڵبژارنەکانی هەرێم دەکات لەکاتی خۆیدا “دەبێت لەکاتی خۆیدا بکرێت و به هیچ شێوەیەك بیر لەدواخستنی نەکرێتەوە، بۆ ئەوەی بتوانرێت حکومەت و پەرلەمانێکی چالاک پێکبهێنرێت، بۆ ئەوەی کۆتایی بە کێشەناو خۆییەکان بهێنێت و لەگەڵ بەغدا، یەکگوتاری سیاسیمان هەبێت”.
عەرەفات کەرەم ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، کە زۆربەی سوننەکان لەگەڵ ئەوەدانین هەڵبژاردنەکانی عێراق ئەنجام بدرێت، ئەوەش بەهۆی ئەوەی کە زۆربەی خەڵکی ناوچە سوننەکان، نەگەڕاونەتەوە شوێنەکانی خۆیان و تائێستا حەشدی شەعبی لێیە.
عەرەفات کەرەم هەروەها دەڵێت”لەئێستادا ناو ماڵی شیعە خۆیان کێشەی زۆریان هەیە، بەتایبەت حەشدی شەعبی، کە دەیەوێت بەشداری لەهەڵبژاردنەکانی عێراق بکات، بەڵام عەبادی دەڵێت، بەپێی دەستور نابێت بەشدار بێت، چونکە هێزێکی چەکدارە، ئەوانیش هەوڵدەدەن وڵات نەکەوێتە بۆ شایی یاسایی و دەیانەوێت، پاساوێکی یاسایی بدۆزنەوە بۆ ئەوەی تەمەنی پەرلەمان درێژبکرێتەوە، رەنگە لەرۆژانی داهاتوودا ئەو بابەتە گفتوگۆی لەسەربکرێت”.