نوچە-ئاژانسەکان
جێگری فەرماندەی سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران، دەڵێت، ئەگەر ئەوروپییەکان بیانهەوێ بێنە ناو هەرێمی موشەکی ئێرانەوە، رەنگە بڕی موشەکەکانی خۆمان زیاتر بکەین و دۆخێک بێتە ئاراوە، کە حوسییەکانی چەکەکانیان لە دژی سعودیە بەکار بێنن.
حسێن سەلامی، جێگری فەرماندەی سوپای پاسداران، لە میانەی بەشداریکردنی لە بەرنامەیەکی تەلەفزیۆنی، گوتی، بە وڵاتانی ئەوروپی دەڵێین، ئەگەر تاکو ئێستا دوو هەزار کیلۆمەترمان وەک بڕی موشەکەکانمان دیاری کردووە، هەڵەی تەکنیکی نییە، بەڵام هەر کردەوەیەکی ئێمە لۆژیکێکی ستراتیژی هەیە، تا هەر کوێ هەڕەشە بێت، بڕی موشەکەکانی ئێمەش لەوێیە.
جێگری فەرماندەی سوپای پاسداران، هەروەها دەڵێت، تا ئێستا هەستمان بە مەترسی ئەوروپا نەدەکرد، بەڵام ئەگەر بیانەوێ ببنە فاکتەری هەڕەشە، بڕی موشەکەکانمان زیاتر دەکەین، دەبێ هەر دوو لا دۆخی یەکتر رەچاو بکەین.
پێشتر فەرماندەکانی سوپای پاسداران، جەختیان لەوە کردۆتەوە کە کاروباری موشەکی ئێران، بە پێێ رێنوێنی و ئە وسیاسەتانەیە کە لە لایەن رابەری کۆماری ئیسلامییەوە دەستنیشان دەکرێ، بڕی موشەکەکانیش بە هەمان شێوەیە.
ئەم لێدوانە هەڕەشە ئامێزانەی جێگری فەرماندەی سوپای پاسداران، وەک کاردانەوەیەک بەرامبەر بە پێداگری فەڕەنسا دێت، کە داوای لە ئێران کردووە بە دەر لە رێککەوتنی ئەتۆمی، موشەکە بالستیەکانی ئێران، وەک دۆسییەکی جیاواز بخرێتە سەر مێزی دانوستان و گفتوگۆ و رێککەوتنیان لە سەر بکرێت.
بەرپرسانی ئێرانی ئەم داوایەی فەرەنسایان رەتکردۆتەوە.
سوپای پاسداران هەڕەشە لە ئەوروپا دەکات
0
Share.