نوچەنێت
پەرلەمانتارێكی پارتی لەپەرلەمانی عێراق، رایدەگەیەنێت، ئەگەر هەڕەشەی كشانەوە لە پرۆسەی سیاسی بكرێت، ئەوا پێشمەرگەو ئاوارەكان دەگەڕێنەوە شوێنەكانی خۆیان.
ئەمڕۆ شەممە ٢٥-١١-٢٠١٧، شاخەوان عەبدوڵڵا ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لەپەرلەمانی عێراق، لە لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوك، بڵاویكردۆتەوە”شەرمە بۆ سەركردایەتی پارت و لایەنە سیاسییەكان و حكومەتی هەرێمی كوردستان و سەرۆك كۆماری عیراق، و توێژو دانوستان لەگەڵ حكومەتی عیراق ئەنجامبدات، بەبێئەوەی مەرجی گەڕانەوەی هێزەكانی پێشمەرگەو ئاوارەكانی دوزو خانەقین و كەركوك و مەخمور تا دەگاتە شنگال، نەكەنه مەرجی گفتوگۆكردن لەگەڵ حكومەتی عیراق”.
ئەو پەرلەمانتارە دەڵێت”سەركردایەتی كوردستان، لە ئەمڕۆ تا یەك هەفتەی تر دەتوانن پێشمەرگەو خەڵكی ئەو ناوچانە بگەڕێننەوە بۆ شوێنەكانی خۆیان، بە تەنها بە هەڕەشەی كشانەوەی كورد، لە پرۆسەی سیاسی عیراق”.
هەروەها دەڵێت”پرسیارەکە ئەوەیە، ئەمڕۆ ٤٠ رۆژ بەسەر هاتنی حەشدی شەعبی و سوپای عیراق، بۆ ناوچەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان تێدەپەڕێ، تائێستا ئەو كارتی كشانەوەیە بەرامبەر بەغدا بەكار نەهاتوە بۆ گەڕانەوەی پێشمەرگەو ئاوارەكان بۆ ناوچەكانیاکە، لەئێستادا لەدۆخێکی خراپدا دەژێن. ئەمە جگە لەوەی دۆخی کورد لەو ناوچانە گەڕاوەتەوە بۆ پێش روخانی رژێمی سەدام، نەک بۆ پێش ٢٠١٤ کە حکومەتی عبادی ئیدعای بۆ دەکرد”.
ئەو پەرلەمانتارەی كورد، لە بەغدا گوتویەتی”نازانم تاكەی خەمی ئێمە خەمی پارە بێت و خەمی خاك نەبێت، ئەمە لەكاتێكدا، دەیان ئەندام پەرلەمان و وەزیرمان هەیە لە بەغدا، تائێستا جورئەتی ئەوایان نەكردوە ئەوەی لە خورماتو-و ئەو ناوچانە رودەدات بەتاوان لەقەڵەمی بدەن چ جای بەدواداچونی بۆ بكەن”.