پەرلەمانتارێکی گۆڕان: هەرحکومەتێک مەرجەکانی ئێمەی تێدابێت بەشداری دەکەین

0

نوچەنێت:تایبەت

ئەندام پەرلەمانێکی گوڕان رایدەگەیەنێت، هەرکاتێك هەڵبژاردن بکرێت لەهەرێمی کوردستان، گۆڕان بەشداری دەکات، بەڵام بەبێ پاککردنەوەی تۆماری لیستی دەنگدەران، هەڵبژاردن هیچ گرنگییەکی نابێت.

لەماوەی چەند رۆژی رابردوودا، شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەسەرۆکایەتی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێم و بەئامادەبونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیران، سەردانی بزوتنەوەی گۆڕانی کرد. لەکۆبوونەوەکەدا، بزووتنەوەی گۆڕان پڕۆژەیەکی داوەتە شاندەکەی حکومەت بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی کاتی، ئەمەش لەکاتێکدایە حکومەتی هەرێم، پێشنیاری پێشخستنی هەڵبژاردن دەکات بۆ لایەنە سیاسییەکان.

لەلێدوانێکی تایبەت بەنوچەنێت، قارەمان قادر، ئەندامی فراکسیۆنی گۆڕان لەپەرلەمانی کوردستان، لەبارەی پێشنیاری  حکومەتی هەرێم بۆ پێشخستنی هەڵبژاردنەکان، لەبەدیلی حکومەتی کاتی رایگەیاند”ئەگەر لایەنەکان رازی نەبن بە پێکهێنانی حکومەتێکی کاتی، داوای هەڵبژاردنی پێشوەخت بکەن، بزوتنەوەی گۆڕان هەرزو رایگەیاندووە، هەرکاتێك هەڵبژاردن بکرێت لەهەرێمی کوردستان، بەشداری دەکەین.

ئەو پەرلەمانتارەی گۆڕان، لەبارەی پێکهێنانی حکومەتێکی کاتی دەڵێت”هەرچەندە تائێستا بەفەرمی وەڵامی پڕۆژەکەی گۆڕان نەردراوەتەوە، بەڵام هەرحکومەتێک، ئەو پڕۆژەی کە گۆڕان پەسەندیکردووە و داویەتیتە شاندی حکومەتی هەرێم، بیکاتە بەرنامەی کار، بزوتنەوەی گۆڕان بەلایەوە ئاسایی دەبێت بەشداربێت”.   

بەرای ئەو پەرلەمانتارە، ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکان لەماوەیەکی کورتدا، بەبێ پاککردنەوەی تۆماری لیستی دەنگدەران، وەکو هەڵبژاردنەکانی رابردوو هیچ گرنگییەکی نابێت.

هەروەها دەڵێت”هەموو ئەو هەڵانەی لەرابردوو، سەرکردایەتی سیاسی کورد و دەسەڵاتدارانی هەرێم کردوویان، دەتوانن لە هەشت مانگی داهاتوودا بەیەکڕیزی نێوانیان و هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد، پڕۆسەی سیاسی بخەنەوە سەر پێ خۆی و لەئاستی داواکاری خەڵکی کوردستانیشدابێت”.   

دەقی پرۆژەکەی بزووتنەوەی گۆڕان:

حكومەتی كاتی

پاش روداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری 2017 و لەدەستدانی كەركوك و بەشی زۆری ناوچە كوردستانییە دابڕێندراوەكان و بەهێزبوونەوەی حكومەتی فیدراڵ، هەرێمی كوردستان لە قۆناغێكی تەواو جیاواز و هەستیار و پڕ مەترسیدایە بۆ بەرژەوەندییەكانی كورد، لەم سۆنگەیەوە بزووتنەوەی گۆڕان بەپێویستی دەزانێت حكومەتێكی كاتی بەهێز و كارا و بچوككراوە بەبەشداری هەموو هێزە كاریگەرەكان پێكبهێنرێت، بەشێوەیەك بتوانێت هەرێمی كوردستان، بگوێزێتەوە بۆ كەناری ئارام تا هەڵبژاردنەكانی داهاتووی كوردستان، داواكاری و پرەنسیپە گشتییەكانی بزوتنەوەی گۆڕان بۆ پێكهێنانی حكومەتی كاتی.

یەكەم: پرەنسیپە گشتییەكان:

1- پێویستە حكومەتی كاتی، حكومەتی شەراكەتی راستەقینەبێت و بزوتنەوەی گۆڕان و هێزەكانی تر شەریكی راستەقینەبن لە دەسەڵات و سەرجەم بڕیارەكاندا، بەپێی ئیستیحقاقی هەڵبژاردن.

2- چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵ، لە چوارچێوەی دەستوری عێراق و دروستكردنی وەفدێكی حكومی و پەرلەمانی بەهێز، بۆ ئەم مەبەستە.

3- پێویستە پەرلەمانی كوردستان وەك مەرجەعی باڵای خەڵكی كوردستان، رۆڵی راستەقینەی خۆی ببینێت، بەبێ هیچ بەربەستێك هەستێت بەئەركەكانی خۆی لەبوارەكانی یاسادانان و چاودێریكردن و بەدواداچوونی كارەكانی حكومەتدا.

4- سەربەخۆكردن و ئەكتیڤكردنی دەسەڵاتی دادوەری و داواكاری گشتی و چاودێری دارایی، بەپێی یاسا كارپێكراوەكان.

دووەم: ئەو ئەركانەی پێویستە حكومەت. لەماوەی (4) مانگدا جێبەجێیان بكات:

1- گۆڕینی سیاسەتی نەوتی هەرێم و داڕشتنی سیاسەتێكی جیاواز لەوەی پێشوو لە چوارچێوەی دەستوری عێراقدا، هەروەها جێبەجێكردنی یاسای نەوت و گازی هەرێم و دروستكردنی سندوقی داهاتەنەوتییەكان و هەموو ئەو كۆمپانیایانەی لەیاساكەدا هاتوون.

2- گۆڕینی سیاسەتی ئابوری، بە ئاڕاستەی چارەسەركردنی قەیرانەكان و پاككردنەوەی لیستی موچە خۆران و لابردنی موچەخۆرانی وەهمی و بندیوار، رێكخستنەوەی باج و گومرگ و رسومات، لە چوارچێوەی دەستور و یاساكاندا و پێدانی تەواوی دەسەڵاتەكان بە وەزیری دارایی، بۆئەم مەبەستە.

3- بەگژداچونەوەی گەندەڵی، لە رێگەی ئەكتیڤكردنی دەستەی نەزاهە و دیوانی چاودێری دارایی و داواكاری گشتی، بەهەماهەنگی پەرلەمانی كوردستان و دامەزراوە پەیوەندیدارەكان.

4- گۆڕین و داڕشتنەوەی مەلەفی پەیوەندییەكانی دەرەوە، بەدانانی ستراتیژێكی نیشتیمانی، لەسەر بنەمای بەرژەوەندی هەرێمی كوردستان و بوونی هاوسەنگی لە فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە و نوێنەرایەتییەكانی حكومەتی هەرێم.

5- لابردنی ئاستەنگەكان و پێدانی دەسەڵاتی تەواو بەوەزیر و وەزارەتەكان، بۆ راپەڕاندنی ئەركەكانیان و هەڵوەشاندنەوەی ئەو بڕیار و كارە نایاساییانەی لە غیابی سەرۆكی پەرلەمان و وەزیرەكانی بزوتنەوەی گۆڕاندا دراون.

سێیەم: ئەو ئەركانەی پێویستە حكومەت، لەماوەی (7) مانگدا جێبەجێیانبكات:

1- كاركردن بۆ پاككردنەوەی لیستی دەنگدەران، لەناوی دووبارە و بوونی ئاوارە و هەمواركردنەوەی یاسای هەڵبژاردن بەشێوەیەك بكرێتە فرەبازنەیی و كراوە، جیاكردنەوەی تۆماری دەنگدانی پێكهاتەكان.

2- یەكخستن و بەنیشتمانی كردنی هێزی پێشمەرگە و رێكخستنەوەی لە چوارچێوەی دەستور و سیستمی بەرگری عێراق و پێدانی تەواوی دەسەڵاتەكان بەوەزیری پێشمەرگە بۆ ئەم مەبەستە.3

– كاراكردنەوەی لیژنەی رەشنوسی دەستوری هەرێمی كوردستان و، چەسپاندنی بنەماكانی سیستەمی پەرلەمانی لەدەستوری هەرێمدا.

4- چەسپاندنی سیستمی لامەركەزییەت، لەرێگای هەمواركردنی یاسای ئەنجومەنی پارێزگاكان و یاسا پەیوەندیدارەكانی ترەوە و گەڕاندنەوەی بودجە و دەسەڵاتی دارایی و ئیداری، بۆ پارێزگاكان.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com