نوچەنێت
ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان، رایدەگەیەنێت، بزووتنەوەى گۆڕان و کۆمەڵى ئیسلامی، لەسەر راسپاردەی ئێران، دەیانەوێت ئەزمونى هەرێمى کوردستان تێكبدەن.
عارف تەیفور لە لێدوانێکیدا بۆ میدیایەکی یەکێتی، راگەیاندووە “گۆڕان و كۆمەڵ دەیانەوێت بەهەر شێوەیەك بێت، ئەم ئەزمونەی هەرێمى کوردستان تێكبدەن و هەموو دەستکەوتەکانمان بهێننەوە سەر سفر”.
ئاماژەى بەوەشکردووە، ئەو دوو حزبە ئەجێندای وڵاتێكی دیكە جێبەجێدەكەن و”لەسەر ڕاسپاردەی ئێران، دەیانەوێت هەرێم رادەستی عێراق بكەن و بە تەواوى بكەوینە ژێر كۆنترۆڵ و دەسەڵاتى بەغداوە”.
عارف تەیفور، پێکهێنانى حكومەتی كاتی لە هەرێمی كوردستان رەتکردۆتەوەو رایگەیاندووە “نە پارتی و نە یەكێتیش بەداواكاری هەڵوەشاندنەوەی حكومەت ڕازی نابن، چونكە حكومەتی هەرێم لەلایەن كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە پشتگیری دەكرێت و متمانەی ئەوەیان پێیانە، كە سەرۆك و جێگرەكەی دەتوانن ئیدارەی هەرێم بدەن”.