نوچە-رادیۆ فەردا
روانگەی مافەکانی مرۆڤ لە سوریا، لە دوایین راپۆرتی خۆیدا دەربارەی شەڕی ناوخۆی ئەم وڵاتە رایدەگەیەنێت، لە دەستپێکی شەڕ و تێکهەڵچوونەکانی سوریا تا ئێستا زیاتر لە ٣٤٠ هەزار کەس کوژراون.
روانگەی مافەکانی مرۆڤ بۆ سوریا، کە بنکەی سەرەکی لە لەندەنە، دەڵێت، بە پێی ئامارو داتاکانی ئەم رێکخراوە لە ناوەڕاستی مانگی مارسی ٢٠١١ تاکوو ئێستا ٣٤٣ هەزار و ٥١١ کەس لە سوریا کوژراون. لەم ژمارەیە ١٠٢ هەزار کەسیان خەڵکی مەدەنین.
بە پێێ راپۆرتەکەی روانگەی مافەکانی مرۆڤ، لە شەڕی ناوخۆی سوریا نزیکەی ١٩ هەزار منداڵ و ١٢ هەزار ژن کوژراون.
راپۆرتەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، لە کۆی کوژراوەکان،١١٩ هەزار کەسیان سەر بە سوپای سوریا بوونە و لەم نێوەشدا ٦٢ هەزار کەس لە سەربازانی سوپای ئەم ڵاتە کوژراون. راپۆرتەکە ئەوەش دەخاتە روو، کە یەک هەزار و ٥٥٦ کەس لە هێزەکانی حزبوڵڵای لوبنان لەم شەڕانەدا کوژراون.
راپۆرتەکە ئاماژەی بە ژمارەی کوژراوانی سەر بە گروپە جیهادیەکان دەکات، کە لەم شەڕەدا ٦٢ هەزار کەس گیانیان لە دەست داوە.
روانگەی مافەکانی مرۆڤ بۆ سوریا جەخت لەوە دەکاتەوە، کە تەنها لە چوار مانگی رابردوودا، بە لانی کەمەوە ١٢ هەزار کەس لە سەرتاسەری سوریا کوژراون.
ئاژانسی هەواڵدەریی فەڕەنسا رایگەیاندووە، ناوچەکانی کەم کردنەوەی ئاڵۆزی کە لە بەهارەوە لە چەند ناوچەیەکی سوریا خراوەتە بواری جێبەجێکردنەوە، بۆتە هۆکاری کەم بوونەوەی شەڕو پێکدادان لەم ناوچانە.
رامی عەبدولڕەحـمان، بەڕێوەبەری روانگەی مافەکانی مرۆڤ گوتی، سەرباری ئەمانە، شەڕ لە دژی داعش بۆتە هۆی بەرزبوونەوەی ژمارەی کوژراوانی مەدەنی.
هەر چەند ئەم رێکخراوە لە راپۆرتی نوێیدا، ئاماژەی بە ژمارەی کوژراوەکانی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران لەم شەڕەدا نەکردووە، بەڵام ساڵی رابردوو، سەرۆکی دامەزراوەی شەهید، ژمارەی کوژراوەکانی ئێرانی لە سوریا بە زیاتر لە هەزار کەس مەزەندە کرد.
شەڕی ناوخۆی سوریا، هاوکات بۆتە هۆی ئاوارە بوونی ملیۆنان کەس لە خەڵکی ئەم وڵاتە.
روسیا وئێران، پشتیوانانی سەرەکی رژێمی بەشار ئەسەدن.