نوچەنێت: روداو
یەکێتی، گۆڕان و پارتی، بەرنامەڕێژی بۆ کۆبوونەوەیەکی سێ قۆڵی دەکەن، تاوەکو تەوقی ناکۆکییەکانی نێوانیان بشکێنن.
هێشتا کات و شوێنی کۆبوونەوەکە دیاری نەکراوە، بەڵام بەلای یەکێتیەوە بۆ قۆناخەکە نزیکبوونەوەی هەموو لایەنەکان پێویستە، بەتایبەت بۆ یەکدەنگی بەرامبەر بەغدا.
فەرید ئەسەسەرد، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند “بۆچوونێکی زاڵ لەسەر بیرکردنەوەی دەستەبژێری سیاسی ئێستای هەرێمی کوردستان هەیە، ئەویش ئەوەیە قۆناخەکە پێویست بەوە دەکات کە تووندترین پەیوەندی لەنێوان لایەنەکاندا هەبێت، چونکە ئێمە هەموومان لە هەموو حاڵەتێکدا بەرامبەر بەغدا لە یەک سەنگەرداین و ئەو هەلومەرجەش وەک و ئەوەی پار و پێرار نییە”.
چەقی ململانێ و ناکۆکییەکان لە دوو ساڵی رابردوودا لەنێوان پارتی و گۆڕاندا قوڵبووەتەوە بۆیە نەرمی نواندنی هەر لایەنێکیان هەمان مانای نەرمبوونی بەرامبەرەکەشی تێدا بەدیدەکرێت.
بزووتنەوەی گۆڕان لەگەڵ زۆرینەی کۆبوونەوەکانی رابردوو ناکۆک بوو، بەڵام ئەم جارە دەرگای کراوەیە و ئامادەیە.
ئاراس وەلی، ئەندامی جڤاتی نیشتمانی بزووتنەوەی گۆڕان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند “دەرگامان بۆ هەموو گفتوگۆیەک کراوەیە، نابین بە پاشکۆی هیچ لایەن و پڕۆژەیەک و خۆمان پڕۆژەمان هەیە تێگەیشتنمان هەیە، بەڵام بەئامادەبوونی هەموو لایەک دەرسێک لەو عیبرەتە وەربگرین، ئەو دۆخەی کە هەمانە بتوانین لاپەڕەیەکی سپی هەڵبدەینەوە بەس تەنها بۆ ئەوەنەبێت کۆبوونەوە بۆ کۆبوونەوە، چونکە ئەمە خەڵکیش لێی بێزارە”.
یەکگرتوو دەیەوێت ئیسلامییەکانیش بەشێکبن لە کۆبوونەوەکان، بۆیە بۆ چارەسەری کێشەکان و تێپەڕاندنی دۆخەکە کۆبوونەوەی پێنج قۆڵی بە کلیلەکە دەبینێت هەر لەبەر ئەوەش کردوویەتی بە یەکێک لە راسپاردەکانی دواهەمین کۆبوونەوەی سەرکردایەتییەکەیان.
عوسمان کاروانی، ئەندامی سەرکردایەتی یەکگرتوو بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند “ئێمە ئەوەی کە بە چارەسەری دەزانین یەکەم رێککەوتنی هێز و لایەنە سیاسییەکان لەسەر کۆمەڵە پڕۆژەیەکی هاوبەش بە دیدێکی هاوبەشەوە، دووەم گۆڕینی ئیرادەی حیزبەکان لە رابردووەوە تاوەکو ئێستا، دەبێت رابردوو ببێتە دەرسێک بۆ ئێستامان”.
بۆچوونی بەشێک لە حیزبەکان لە ماوەی رابردوو بۆ زۆربەی پرسەکان دوو ئاڕاستەی دژبەیەک بوو، ئەوەی لایەکیان گوتبای ئەوی دیکە رەتیدەکردەوە، بەڵام گۆڕانی قۆناخ و دۆخەکە رەنگە ئەو رێگایانەشی بەخۆیەوە گۆڕیبێت.