نوچەنێت:تایبەت
سەرۆکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی کوردستان، رایدەگەیەنێت، لیژنەی دارایی خەریکی ئامادەکردنی راپۆرتی کۆتایییە لەسەر پڕۆژە بڕیاری سیستمی موچە، بۆ ئەوەی لە نزیکترین کاتدا بخرتە بەرنامەی کارەوە.
لە سەرەتای کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان، پڕۆژە بڕیارێك بۆ رێکخستنەوەی سیستمی موچە و لابردنی پاشەکەوتی موچە لەپەرلەمانی کوردستان، گفتوگۆی لەسەرکراو، خوێندنەوەی یەکەمی لەپەرلەمانەوە بۆ کرا.
لەلێدوانێکی تایبەت بەنوچەنێت، عیزەت سابیر، ئەندامی فراکسیۆنی یەکێتی و سەرۆکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی کوردستان، لەبارەی دواین کاری لیژنەکەیان لەسەر پڕۆژە بڕیاری سیستمی موچە رایگەیاند”لەئێستادا لیژنەی دارایی، خەریکی ئامادەکردنی راپۆرتی کۆتایییە لەسەر پڕۆژە بڕیارەکە”.
عیزەت سابیر، ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، دوای تەواوبونی راپۆرتەکە، لیژنەی دارایی کۆبوونەوەی خۆی لەسەر پڕۆژە بڕیارەکە دەکات، بۆئەوەی بڕیاری کۆتایی لەسەربدات و رەوانەی سەرۆکایەتی پەرلەمان بکرێت، تالە نزیکترین کاتدا بخرتە بەرنامەی کاری پەرلەمانەوە.