نوچەنێت: تایبەت
ئەندام پەرلەمانێکی پارتی لەپەرلەمانی کوردستان رایدەگەیەنێت، رازی بوونی عیراق بۆ دەستپێکردنەوەی گفتوگۆ لەگەڵ هەرێم، لەژێر گوشاری وڵاتانی نێودەوڵەتی بووە و بەپێی دەستوری عێراق، دۆسیەی ئەمنی هەرێم ناکەوێتە ژێر دەسەڵاتی ناوەند.
دوای بڕیارەکەی دادگای باڵای فیدراڵی بە هەڵوەشاندنەوەی گشتپرسی، نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق مەرجەکانی بۆ دەستپێکردنی گفتوگۆ لەگەڵ هەرێمی کوردستان ئاشکرادەکات و دەڵێت، دەبێ دەسەڵاتی ناوەند بەسەر دۆسیەکانی ئەمنی و نەوتدا بسەپێندرێت. سەعد حەدیسی، گوتەبێژی نووسینگەی حەیدەر عەبادی رایگەیاند” ئێستا چاوەڕوانی خواستی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دەکەین بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆ لەسەر بنەمای دەستور”.
لەلێدوانێکی تایبەت بەنوچەنێت، فەرحان جەوهەر ئەندامی فراکسیۆنی پاتی لەپەرلەمانی کوردستان، لەبارەی رۆڵی وڵاتانی نێودەوڵەتی بۆ دەستپێکردنی گفتوگۆکانی نێوان هەولێر و بەغدا رایگەیاند”رازی بونی حکومەتی عێراق، بۆ دەستپێکردنەوەی گفتو گۆکان لەگەڵ هەرێم، لەژێر گوشاری وڵاتانی نێودەوڵەتی بووە و ئەوانیش لەدوورەوە چاودێری دۆخەکەدەکەن”.
فەرحان جەوهەر ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، هەدوولامان جەخت لەوەدەکەین، بەپیی دەستور کێشەکانمان چارەسەربکەین، ئەوەشی دەکەوێتە سەر ئێمە ئامادەین بەپێی دەستور جێبەجێیبکەین، بەڵام ئەوەشی دەکەوێتە سەر ئەوان دەبێت ئەوان جێبەجێیبکەن.
ئەو ئەندام پەرلەمانەی پارتی، لەبارەی دەسەڵاتی ناوەند بەسەر دۆسییەی ئەمنی هەرێم دەڵیت”بەپێی دەستوری عێراق، دۆسیەی ئەمنی هەرێم ناکەوێتە ژێر دەسەڵاتی حکومەتی ناوەندی، چونکە دەستور رێگەی داوە بەهەبوونی ئەمنیەت و پۆلیسی فیدڕاڵی و پاسەوانی هەرێم، کە پێشمەرگەیە، ئیدارەدانیشی لەدەستی حکومەتی هەرێمدایە”.
فەرحان جەوهەر، لەبارەی تەحەدیاتەکانی بەغداوە گوتی”هەرچەندە ئەوان خۆیان بەسەرکەوتوو بەهێز نیشاندەدەن، بەڵام لەراستیدا ئەوەندەش بەهێزنین، بەتایبەتی باڵەکەی حەیدەر عەبادی کێشەیان هەیە، بۆیە ئەوان ناچارن بێنە ژێر بار”.