ئێران هەرەشە لەبارزانی دەکات،، چاوەڕوان دەکرێت ئارامی کوردستان بشێوێنرێت

0

ئێران هه‌ره‌شه‌ی‌ تۆڵه‌كردنه‌وه‌ی‌ زانا ئه‌تۆمه‌ییه‌كان له‌بارزانی‌ ده‌كات
نوچەنێت. هاوڵاتی‌
چەندین ئاژانسی راگەیاندنی بە ناوبانگی ئێران ئەمڕۆ هەر یەکەو به‌شێوازێك هەرێمی کوردستانیان بەوە تۆمەتبار کرد کە بووەتە مۆڵگەی سیخوڕەکانی ئیسرائیل ‌و هه‌ره‌شه‌ی‌ تۆڵه‌كردنه‌وه‌ی‌ كوژرانی‌ زانا ئەتۆمیەکانی ئێرانیان له‌سه‌رۆكی‌ هه‌رێمكرد.
ئاژانسی هەواڵی جیهان لە راپۆرتێکدا بە ئاماژەی‌ به‌قسەکانی ئەم دوایەی وەزیری ئیتڵاعاتی ئێران لە بارەی دەستگیر کردنی بکوژەکانی زانا ئەتۆمیەکانی ئێران كردووه‌‌و رایانگەیاندووە ئەو سیخۆڕانە زۆربەیان لە هەرێمی کوردستان پەروەردەو مەشقیان پێ کراوە و لەوێشەوە هەناردەی ئێران کراون.
هاوکات ئاژانسی هەواڵی فەردا، بە زمانێکی توند هێرشی کردووەتە سەر بەرپرسانی هەرێم بە تایبەت مەسعوود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، دەڵێت “هەرێم بووەتە سیخور خانەیه‌ک بۆ دەزگا سیخوڕیەکانی وڵاتانی رۆژئاوا بە تایبەت ئیسرائیل”.
هەروەها لەدرێژه‌ی‌ راپۆرته‌كه‌دا هاتووه‌”بارزانی دەیەوێت بگاتە ئاواتە لەمێژینەکەی خۆی کە پاشایەتی کردنی هەرێمی کوردستانه‌”.
ئەم ئاژانسە لە بەردەوامی وتارەکەیدا هێرشی‌ توند ده‌كاته‌ سه‌ر سه‌رۆكی‌ هه‌رێم‌و دەڵێت “بارزانی بووەتە بەکرێگیراوی ئەمریکا و ئیسرائیل، ئێرانیش ستراتیژی هەڕەشە لە بەرانبەری هەڕەشە دەگرێتە بەر و گورزێکی وەهای لێ بدەین کە کۆشکی هیوا و ئاواتەکانی مەسعوود بارزانی بە تەواوەتی بڕووخێنێت”.
وتاری ئاژانسەکانی ئێران لە کاتێکدایە کە چەند رۆژ پێش ئێستا وەزیری ئیتڵاعاتی ئێران رایگەیاندبوو کە چەندین سیخوڕیان دەستگیر کردووە کە بە بێ ئاماژە پێدان بە وڵاتێک رایگەیاند کە هێندێکیان لە وڵاتانی دراوسێ ئێران دەستگیر کراون.
هەروەها وەزارەتی ئیتڵاعات لە راگەیه‌ندراوێکدا وتبووی “ئیسرائیل لە خاکی چەندین وڵاتی دراوسێ ئێران بە تەواوەتی خەریکی کەڵک وەر گرتنە بۆ کاری تێکدەرانە لە ئێراندا”.
ئەم هەڕەشانە لە کاتێکدا دەکرێت کە مەولوود ئافەند رۆژنامەنووس و سەر نووسەری گۆڤاری ئیسرائیل کورد ماوەی زیاتر لە ١٥ رۆژە کە بێ سەروشوێن کراوە و باس لەوە دەکرێت کە ئەم رۆژنامەنووسە لە لایەن دەزگا ئەمنیەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە لە شاری سلێمانی رفێندرابێت و راگوێزرابێتەوە بۆ ناو خاکی ئێران.

Share.

About Author

وەڵام بنێرە

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com