نوچەنێت
قائیمقامیەتی ناوەندی پارێزگای هەولێر رایدەگەیەنێت، پارێزگای هەولێر پێویستی بە زیاتر لە 100 ملیۆن لیتر نەوتی سپی هەیە، بۆیە نەتوانراوە نەوتی سپی بۆ سەنتەری شار دابین بكرێت و چەند رۆژێكیشە دەستمان كردووە بە دابەشكردنی نەوت، بەسەر هاوڵاتیانی ناوچە شاخاوییەكاندا.
نەبەز عەبدولحەمید، قائیمقامی ناوەندی قەزای پارێزگای هەولێر بە ئاژانسی ئەنادۆڵی ڕاگەیاند” ماوەی دووساڵە وەزارەتی سامانە سروشتییەكان بڕە نەوتی سپی بۆ هاووڵاتییان دابین ناكات، ئەركەكەی خستووەتە سەر شانی پارێزگاكان، پارێزگای هەولێریش هەوڵەكانی چڕكردووەتەوە بەڵام شاری هەولێر ئەگەر بێت و هەر خێزانێك یەك بەرمیل نەوتی سپی وەرگرێت كە بڕەكەی ٢١٦ لیتربێت، ئەوا پێویستی بە زیاتر لە ١٠٠ ملیۆن لیتر هەیە، هەر بۆیەش نەتوانراوە نەوتی سپی بۆ سەنتەری شار دابین بكرێت، بەڵام بەشە نەوتی سپی لە سنووری قەزاكانی چۆمان، سۆران و مێرگەسور ئەوانە دابەشكرا، دواتر پڕۆسەكە وەستا”.
قائیمقامی قەزای ناوەندی پارێزگای هەولێر هەروەها دەڵێت”حكومەتی عێراق، بڕیاریداوە بڕی ٣٠ ملیۆن لیتر نەوتی سپی بۆ ھەرێمی كوردستان دابین بكات، لەو بڕەش ١٠ ملیۆن لیتری بەر شاری ھەولێر كەوتووە، كە ئەمەش بڕێكی زۆر كەمە، ئێستاش ماوەی سێ رۆژە پڕۆسەی دابەشكردن لە ناوچە شاخاوییەكان دەستی پێكردووە، لە ناوچە شاخاوییەكانی سنوری پارێزگای ھەولێر، چونكە ئەو ناوچانە ساردترە و هەر خێزانێك بڕی ٢١٦ لیتر نەوت وەردەگریت بە ٥١ هەزار دینار، بە پێی كۆبۆنی بەشە خۆراك”.
نەبەز عەبدولحەمید دەڵێت، نرخی نەوتی سپی دابەزیوە، لەبەر ئەوەی مۆڵەت بە بازرگانان دراوە كە لە دەرەوە و ناوەوەی عێراق نەوت بهێنن و لەگەڵ ئەوەشدا ئەو ژمارە زۆرەی ئاوارەكان كە نیشتەجێی هەرێمن ئەوا بەشە نەوتی خۆیان وەردەگرن. ئەمەش بووەتە هۆكارێك كە نرخی نەوتی سپی دابەزێت.