کۆبوونەوەی شاندی حکومەتی هەرێم بزووتنەوەی گۆڕان کۆتایی هات

0

نوچەنێت

شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەسەرۆکایەتی نێچیرڤان بارزانی و بەئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، لە گردی زەرگەتەی شاری سلێمانی لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان کۆبووەوە. و ئامانج لە سەردانەکەش دروستکردنی کۆدەنگی نیشتمانییە لەنێوان لایەنە سیاسییەکان، بۆئەوەی دواتر لایەنەکان پێکەوە سەردانی بەغدا بکەن.

 بە گوێرەی زانیارییەکان، بزووتنەوەی گۆڕان جەختی لە هەڵوەشاندنەوەی حکومەت کردووەتەوە، داواشی کردووە قەبارەی کابینەی حکومەت بچووکبکرێتەوە. هەروەها گۆڕان داوایکردووە ئەمجارە تایبەتمەندی بە شاندی دانوستاندن لەگەڵ بەغدا بدرێت و شاندەکە نیشتمانی بێت نەک حزبی.

ئەندامانی شاندی حکومەت لە نێچیرڤانی بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، قوباد تاڵەبانەی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، عەبدولستار مەجید، وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، مەولوود باوەموراد، وەزیری گواستنەوە و گەیاندن بەوەکالەت، سەفین دزەیی، گوتەبێژی حکومەت و دڵشاد شەهاب، راوێژکاری سەرۆکوەزیران پێکهاتبوو.

هەروەها شاندی بزووتنەوەی گۆڕانیش پێکهاتبوو لە عومەری سەید عەلی، رێکخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان، جەمال حاجی محەممەد، سکرتێری جڤاتی نیشتمانی و ژمارەیەک لە ئەندامانی خانەی راپەڕاندن.

ئامانجی سەرەکی سەردانەکەی شاندی حکومەت بۆ لای بزووتنەوەی گۆڕان و لایەنەکانی دیکە دروستکردنی کۆدەنگی نیشتمانییە لەنێوان لایەنە سیاسییەکان، بۆئەوەی دواتر لایەنەکان پێکەوە سەردانی بەغدا بکەن.

بە پێی زانیارییەکان، شاندەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆمەڵێک داواکاری هەیە و دەیانخاتە بەردەست سەرجەم لایەنە سیاسییەکان، یەکێک لە خاڵەکان کۆدەنگی لایەنەکانە لەسەر دیاریکردنی وادەیەک بۆ هەڵبژاردنەکانی داهاتووی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان و سەرۆکی هەرێمی کورستان و ئەنجوومەنی پارێزگاکان. 

پەیامنێری رووداو ئاماژەی بەوەش کرد کە حکومەتی هەرێمی کوردستان مەبەستیەتی ئەو شاندەی دەینێرێتە بەغدا رای سەرجەم لایەنە سیاسییەکانی باشووری کوردستانی پێبێت و کۆدەنگییەکی نیشتمانی هەبێت.

رۆژی 20-11-2017، شاندی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە دەستپێكی سەردانەكانی بۆ لای لایەنە سیاسییەكانی كوردستان، لە شاری هەولێر سەردانی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستانی كرد.

دواتر نێچیرڤان بارزانی لە پەیجی تایبەتی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک رایگەیاند: “‫له‌گه‌ڵ مامۆستا سه‌لاحه‌دين محه‌ممه‌د به‌هائه‌دین، ئه‌مینداری گشتیی یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان كۆبوونه‌وه‌يه‌كى به‌رهه‌مدارمان هه‌بوو، باسمان له‌ دۆخى ئێستا و پێشهاته‌كان كرد، بۆ تێپه‌ڕاندنى دۆخه‌كه‌ جه‌ختمان له‌ يه‌كڕيزى و ته‌بايى كرده‌وه‬”. 

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com