نوچە-هەولیر
چەند سەرچاوەیەکی سیاسی کوردی، بە رۆژنامەی (ئەلعەرەب)ی جاپی لەندەنیان وتووە کە فشاری ئەمریکا حەشدی شەعبی، ناچارکردووە دەست بە کشانەوە بکەنلە ناوچە کێشەلەسەرەکان بە گشتی و ناوچەکانی بەرامبەر هێڵەکانی بەرگری پێشمەرگە بە تایبەتی.
سەرچاوەکان بە رۆژنامەکەیان گوتووە، “بەغدا لەژێر فشاری ئەمریکادا رازی بووە حەشدی شەعبی ئاگاداربکاتەوە، کە دەست بە کشانەوە لە ناوجە کێشەلەسەرەکان بکەن و هەندێکیان بە کردەیی دەستیان بە کشانەوە کردووە”.
ئەو سەرچاوانە گوتوویانە، سەرەتا حەشدی شەعبی لە شنگال و زوممار و ناوچەکانی رۆژئاوای موسڵ، دەستیان بە کشانەوە کردووە.
سەرچاوە کوردییەکان جەختیان کردووەتەوە، کشانەوەکە لەژێر فشاری داواکارییە بەردەوامەکانی ئەمریکادا بووە.
لەگەڵ کشانەوەی حەشدی شەعبی لە شنگال، فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە سەربازییە هاوبەشەکانی عێراق، داوایان لە پەکەکەش کردووە شنگال و دەوروبەری بەجێبهێڵن.
ئەمریکا داوای کردووە حەشدی شەعبی، لە ناوچە کێشەلەسەرەکان نەمێنن و ئەو ناوچانە بە هاوبەشی لەلایەن پێشمەرگە و سوپای عێراق بەڕێوەببرێن.
ئەمریکییەکان داوایان کردووە، رێککەوتنی سەربازی بۆ بڵاوەپێکردنی هاوبەشی پێشمەرگە و سوپا لە ناوچە کێشەلەسەرەکان جیابکرێتەوە، لە رێککەوتنی سیاسی و بابەتی بودجە و رەوانەکردنی نەوتی هەرێم.
سەرچاوەکانی بەغدا بە رۆژنامەکەیان گوتووە، کاری لە پێشینەی ئەمریکاییەکان وەستاندنی شەڕی بەغدا و هەولێر بوو، کە دوای گشتپرسی سەربەخۆیی کوردستان دەستیپێکرد و دواتر هەوڵی لێکنزیککردنەوەی هەردوولا دەدەن لە ریگەی گفتوگۆ.
سەرچاوەیەک لە نوسینگەی عەبادی، ئاشکرای کردووە، کە بەغدا نایەوێت هێزی زۆری سەربازی لە ناوچە کێشە لەسەرەکان بهێڵێتەوە، ئەویش بۆ پابەندبوون بەو رێککەوتنە سەرەتاییانەی لەنیوان بەغدا و هەولێر هەن لەو رووەوە.
سەرچاوەکە گوتویەتی، رێککەوتنەکە بەو ئاقارەیە هێزێکی سێ لایەنە لە سوپا، پێشمەرگە و خەڵکی ناوچە کێشەلەسەرەکان، هەستن بە پاراستنی ئاساییشی ناوچە کێشە لەسەرەکان.