فازڵ بەشارەتی:باسکردن لە هەڵوەشاندنەوەی حکومەت، بۆ موزایەدەی سیاسی و بانگەشەی هەڵبژاردنە

0

 نوچەنێت:تایبەت

ئەندامی سەرکردایەتی پارتی رایدەگەیەنێت، باسکردنی هەڵوەشاندنەوەی حکومەت، تەنها بۆ موزایەدەی سیاسی و بانگەشەی هەڵبژاردنە. پارتی و یەکێتی، هیچ کامیان لەگەڵ هەڵوەشاندنەوەی حکومەت نین.

لەدوای روداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە، بزوتنەوەی گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامی، بە فەرمی داوای هەڵوەشاندنەوەی حکومەتی هەرێم یانکرد و جەختیان لەدروستکردنی حکومەتێکی رزگاری نیشتمانی کرد، هەروەها یەکگرتووی ئیسلامی، داوای پێکهێنانی حکومەتێکی راگوزەردەکات، ئەمەش لەکاتێکدایە، کە حکومەتی ئەمریکا پشتگیری لەمانەوەی حکومەتی ئیشتا دەکات و دواشیکرد، هێزە ناوخۆییەکانی هەرێم پشتگیری لەم حکومەتەبکەن.

لەلێدوانێکی تایبەت بەنوچەنێت، فازڵ بەشارەتی، ئەندامی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان لەبارەی داواکاری چەند حیزبێک بۆ هەڵوەشاندنەوەی حکومەت، رایگەیاند”ئەوانەی باس لە هەڵوەشاندنەوەی حکومەت دەکەن، لای خۆشیان رووننیە لە سەر چ بنەمایەك هەڵی دەوەشێننەوە، بۆیە ئەمە هەمووی بۆ موزایەدەی سیاسی و بانگەشەی هەڵبژاردنە، چونکە بەشێك لەو حیزبانەی باس لەهەڵوەشاندنەوەدەکەن، ئێستا خۆیان لەناو حکومەت بەشدارن”. 

ئەو ئەندامەی سەرکردایەتی پارتی، پێیوایە باسکردنی هەڵوەشاندنەوەی حکومەت، زۆڵمێکی گەورەیە لەخەڵکی کوردستان دەکرێت و خەڵکی خستووەتە حاڵەتێکی قەلەقییەوە، دەشپرسێت”حیکمەت لە هەڵوەشاندنەوەکەی چییە و بەدیلەکەی چییە؟”.

فازڵ بەشارەتی هەروەها دەڵێت”شادەماری بەرێوەبردنی ئەم حکومەت و وڵاتە پارتی و یەکێتییە، ئەوانیش هیچ کامیان لەگەڵ هەڵوەشاندنەوەی حکومەت نین، بۆیە باوەڕناکەم هەڵوەشاندنەوەی حکومەت بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، جگە لە دروستکردنی سەرئێشە بۆ خەڵک و سەرقاڵکردنی دەسەڵات، بەم شتەلاوەکیانەوە هیچیتر نییە”.

بەشارەتی داوا لەو لایەنانەدەکات، کە باس لە هەڵوەشاندنەوەدەکەن، بابێن پشتیوانی لەم حکومەتەبکەن، کە دونیای دەرەوە بەفەرمی دەیناسێنن و پشتیوانی لێدەکەن، بۆ بەڕێوەبردنی کارو بارەکانی.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com