حکومەتی هەرێمی کوردستان، داوا یەك ئاراستەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەت دەکات

0

 نوچەنێت

حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەراگەیەندراوێکدا داوا له کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات، نێوه‌ندگیری بکات بۆ لابردنی ئەو ئابڵوقانەی لەلایەن بەغداوە بەسەر هەرێمی کوردستاندا سەپێندراون.

ئەمڕ دووشەممە ٢٠-١١-٢٠١٧، ماڵپەڕی فەرمی حکومەتی هەرێمی کوردستان راگەیێندراوێکی بڵاوکراوە و تێیدا”داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات، نێوەندگیری بکات بۆ لابردنی ئەو ئابڵوقانەی خراونەتە سەر هەرێمی کوردستان، هەروەها داوادەکات بۆ دەستبەجێ بەگەڕخستنی هەوڵەکانیان، بۆ هه‌ڵوه‌‌شاندنه‌وه‌ی ئەو سزا بەکۆمەڵەی، که حکومەتی عێراق سەپاندوویەتی بەسەر گەل و حکومه‌تی هەرێمی کوردستاندا”.

لەراگەێندراوەکەدا هاتووە”کەمکردنەوەی بودجەی هەرێمی کوردستان، لە پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی ٢٠١٨ بەبێ راوێژکردن له‌گه‌ڵ حکومەتی هەرێمی کورستان، داخستنی ئاسمانی هەرێمی کوردستان و سنوردارکردنی گەشتی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان، بەشێکن لەو سزادانه بەکۆمەڵانه‌ی که دژ بە هاووڵاتییان راگه‌ێندراون”.

لە بەشێکی دیکەی راگەیەنداوەکەدا، ئاماژە بەوەکراوە” ئەو سزادانانه بوونەتە هۆی رێگریکردن لە هه‌وڵه‌کانی یارمەتی مرۆیی و پێداویستی رۆژانە بۆ زیاتر لە یه‌ك ملیۆن و ٥٠٠ هه‌زار ئاوارە، کە پەنایان بۆ هەرێمی کوردستان هێناوە. بە هاتنی وەرزی زستان، زۆر لەو ئاوارانە، بەبێ پێداویستی و یارمەتی سەرەکی دەمێننەوە، کە لەلایەن رێکخراوەکانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان و رێکخراوە ناحکومییەکان و نێودەوڵەتییەکان پێشکەشیان دەکرا”.

حکومەتی هەرێم دەڵێت”فڕۆکەخانە‌کانی هه‌ولێر و سلێمانی، زۆر گرنگن بۆ دابینکردنی پێداویستییە مرۆییەکان، بۆ ئاوارەکان و بۆ دەستەبەرکردنی پێویستییه سەرەتایی و سەرەکییەکان بۆ هاووڵاتییان بە گشتی، لەمانە خزمەتی تەندروستی بۆ هاووڵاتییان و قوربانیان و برینداران لە شەڕی دژ بە داعش، هەروەها سنوردارکردنی مافی گەشت، دەبێتەی هۆی زیانگەیاندن بە بواری ئاشتی و سەقامگیری و پێشکەوتن”

دەقی راگەیێندراوەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان:

حکومەتی هەرێم، داوا له کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات نێوه‌ندگیری بکات بۆ لابردنی ئەو ئابڵوقانەی، لەلایەن بەغداوە لەسەر هەرێمی کوردستان سەپێندراون.

حکومەتی هەرێمی کوردستان، داوا کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات بۆ دەستبەجێ بەگەڕخستنی هەوڵه‌کانیان بۆ هه‌ڵوه‌‌شاندنه‌وه‌ی ئەو سزا بەکۆمەڵەی، که حکومەتی عێراق سەپاندوویەتی بەسەر گەل و حکومه‌تی هەرێمی کوردستاندا.

ئەو سیاسەتە سزائامێزە، کە لەلایەن بەغداوه‌ له‌ دژی هەولێر پەیڕەو دەکرێت، پێشێلکارییەکی ئاشکرای یاسا و رێسا نێوەدەوڵەتییەکانە، لەکاتێکدا که ئەرکی سەرەکی حکومەتی عێراق، بریتییە لە پاراستنی هاووڵاتیانی عێراق به ئاوارەکانیشەوە. هەروەها پێویسته حکومەتی عێراق مافی مرۆڤ و ئازادییەکانی تاك و کۆمەڵگە بپارێزێت.

کەمکردنەوەی بودجەی هەرێمی کوردستان لە پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2018 بەبێ راوێژکردن له‌گه‌ڵ حکومەتی هەرێمی کورستان، داخستنی ئاسمانی هەرێمی کوردستان و سنووردارکردنی گەشتی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان بەشێکن لەو سزادانه بەکۆمەڵانه‌ی که دژ بە هاووڵاتییان راگهی‌ێندراون

ئەو سزادانانه بوونەتە هۆی رێگریکردن لە هه‌وڵه‌کانی یارمەتی مرۆیی و پێداویستی رۆژانە بۆ زیاتر لە یه‌ك ملیۆن و 500 هه‌زار  ئاوارە کە پەنایان بۆ هەرێمی کوردستان  هێناوە. بە هاتنی وەرزی زستان، زۆرێک لەو ئاوارانە که به‌شێکیان لە خوشك و برا ئێزدییەکان و کریستیانەکان و ئاوارەکانی ئەم دوایەی کەرکووک و خوورماتو وشوێنەکانی تر پێکدێن، بەبێ پێداویستی و یارمەتی سەرەکی دەمێننەوە کە لەلایەن رێکخراوەکانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان و رێکخراوە ناحکومییەکان و نێودەوڵەتییەکان پێشکەشیان دەکرا.

فڕۆکەخانە‌کانی هه‌ولێر و سلێمانی زۆر گرنگن بۆ دابینکردنی پێداویستییە مرۆییەکان بۆ ئاوارەکان و بۆ دەستەبەرکردنی پێویستییه سەرەتایی و سەرەکییەکان بۆ هاووڵاتییان بە گشتی، لەمانە خزمەتی تەندروستی بۆ هاووڵاتییان و قوربانیان و برینداران لە شەڕی دژ بە داعش. سنووردارکردنی مافی گەشت دەبێتەی هۆی زیانگەیاندن بە بواری ئاشتی و سەقامگیری و پێشکەوتن.

نەتەوە یەکگرتووەکان، یەکێتیی ئەوروپا، رێکخراوی نێودەوڵەتی خاچی سوور و رێکخراوە ناحکومییەکان و ئەندامانی تری کۆمەڵگەی نێوەدەوڵەتی بەشێکی سەرەکین لە پرۆسەی گەیاندنی خزمەتگوزارییە مرۆییەکان بۆ ئەو ئاوارانەی کە په‌نایان هێناوه‌ته به‌ر حکومەتی هەرێمی کوردستان.

توانایی گەشتکردن بە خێرایی و گواستنەوەی ئامراز و کەلوپەل بەزووترین کات و بەکەمترین خەرج  زۆر گرنگە بۆ پێشکەشکردنی ئەو خزمەتانەی که ئاوارەکان پێویستیان پێیه‌تی. بەم دواییە، سزا سەپێنراوەکان لەلایەن حکومەتی عێراقی بۆ گەشتی فڕۆکەوانی بووەتە هۆی رێگری لە گەیاندنی یارمەتییە نێودەوڵەتییەکان بۆ زیانلێکەوتوانی ئەو بوومەلەرزەی کە بە پلەی 7.3 هەرێمی کوردستانی هەژاند.

ئابڵوقەی ئاسمانی له دژی گەشته ئاسمانییه‌کان کاریگەرییەکی زۆر نەرێنی هه‌بووه لەسەر بەرژەوەندییەکانی پیشەگەرانی بیانی لە هەرێمی کوردستان و لەسەر توانای بەردەوامبوونی سەرمایەگوزاری راستەوخۆی نێودەوڵەتی، کە ببوونە هۆکاری دروستکردنی هەزاران هەلی کار بە تایبەتی بۆ چینی گەنجان و خانەوادەیان.

بەبێ گەشتی فڕۆکەوانی نێودەوڵەتی، کە زۆر گرنگە بۆ گەشەی ئابووری و بازرگانی، پێشبینی دەکرێت ئەگەری سەرهەڵدانی کۆچی هاووڵاتییان دەستپێبکاته‌وه.

بۆیە ئێمە داوا له کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەین دەسەڵاتدارانی حکومەتی عێراق هانبدات بۆ ئەوەی بەبێ مەرج ئەو ئابڵوقەیە هەڵگرێت که له دژی هه‌رێمی کوردستان راگه‌یاندراون، لهنێویانیشدا هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی گه‌مارۆی دژ به هەردوو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی ئەربیل و سلێمانی.

هەوڵی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە گرنگ دەزانین لە نێوەندگیریکردن بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئابڵوقەی ئاسمانی و سزا بەکۆمەڵەکانی دیکەی سەپێنراو بەسەر هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی بتوانین خۆمان بەدووربگرین لەو کاردانه‌وه نەرێنیانە لەسەر خزمەتگوزاری مرۆیی، بواری تەندروستی، پەروەردە و خوێندن، ئاسایشی خۆراك، ئاسایشی هاووڵاتییان، بوارەکانی کار و داهات لە هەرێمی کوردستان.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com